عەلی باباجان زەنگی بەرەنگاربوونەوەی حوكمڕانی ئەردۆغانی لێدا

ڕاپۆرت

28/11/2019‌ 3473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی باباجانی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لەجوزی دوودڵی و گۆمانەكانی خۆی هاتەدەرەوە، كە ماوەیەكە یاوەری پلانەكانییەتی بۆ دامەزراندنی پارتە تازەكەی، كە ئەركی بەرەنگاربوونەوەی دكتاتۆریەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك دەگرێتە ئەستۆ.

ئەو لەمیانی لێدوانێك رایگەیاند، پێداچوونەوە بە هەمواركردنەوە دەستورییانەدا دەكات، كە توانستیان داوەتە ئەردۆغان بەچنگێكی پۆڵاین حوكمڕانی دەوڵەت بكات.

باباجان راشیگەیاند، پارتە تازەكەی درێژكراوەی پارتی داد و گەشەپێدان نییە، زۆرینەی سەركردەكانی تازەن، بەڵام چەند كەسایەتییەكی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدانی وەك عەبدوڵڵا گویل پاڵپشتیانن، ئەوەشی ڕەتكردەوە عەبدوڵا غول و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بێنە ڕیزەكانی پارتە تازەكەیەوە.

باباجان، كە دەستكەوتە ئابوورییەكانی توركیای دەدرێنەپاڵ، هۆشداری مەترسیداری فەرمانڕەوایی تاكڕەویدا لەتوركیادا، كە هەموو دەسەڵاتەكانی لە دەستی ئەردۆغاندا كۆكردوونەوە، ئەوەشی وت: ئەو كار بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی پەرلەمانی گونجاو دەكات، كە بایەخی یەكەمی ئاراستەی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و كردەی ووردبینییەكان و هاوسەنگییەكان دەبێت.

باباجان بۆ تەلەفزیۆنی "خەبەر تورك" هەروەها وتی: پێمان وایە توركیا كەوتووەتە تونێڵێكی تاریكەوە بەوەی ڕۆژانە گرفتەكانی زیاد دەكەن، بۆیە بیرمان لە دامەزراندنی پارتێكی تازە كرۆدتەوە.

باباجان ئەوەشی وت: توركیا لە سایەی حوكمڕانی تاكڕەووی ئەردۆغاندا، گرفتی دادپەروەری و ئابووری هەیە، ئەو بە پاساوی هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی پێشووی سالی 2016 ، ئازادییەكانی بەرتەسك كردوونەوە و بەرهەڵستكار و نەیارە سیاسییەكانیشی پاكتاو دەكات.

باباجان هەروەها وتیشی: لەبەر تاكڕەووی ئەردۆغان و ڕاوێژنەركردنی بە سەركردایەتی حزبەكەی، وازی لە پارتی داد و گەشەپێدان هێناوە، هەر بۆیەش پارتەكەیان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا لە ئەستەمبوڵ شكستیخوارد، ووتیشی دژی سیاسەتە ئابوورییەكانی ئەردۆغانە سەبارەت بەو تەنگژەیەی تووشی لیرەی توركی بووە.

چاودێرانی كاروباری توركیا پێیان وایە دەكرێت باباجان سوود لە دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان وەربگرێت و ئەوانە بەلای خۆیدا ڕابكێشێت كە لە ناوەوە و دەرەوە لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان توڕەن، بە تایبەتیش سیاسەتە ئابوورییەكانی كە بوونە هۆی شكستخواردنی پارتەكەی‌ ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ.

ئێستا پارتەكەی‌ ئەردۆغان لە شكستدایە، نیوەی گەنجانی توركیا باوەریان وایە ئەو پارتە ناتوانێت گرفتەگانی وڵات چارەسەر بكات، ئەگەر ڕاپرسییەكیش بكرێت، تەنانەت لایەنگرانی پارتی دەسەڵاتداریش سیستەمی سەرۆكایەتی ڕەتدەكەنەوە.

هێشتا باباجان ناوی پارتە تازەكەی ئاشكرا نەكردووە، تەنها ئەوەی وتووە، پارتەكەی گەرەكییەتی دەنگی زۆرینەی دانیشتوان بەدەست بێنێت، ووتیشی كە پارتە تازەكەی دەبێتە جوڵانەوەیەكی سیاسی سەرەكی لە وڵاتدا.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر