ئەو ژنە سیخوڕەی چەرچڵ و ستالین‌و رۆزڤڵتی لەكوژران ڕزگاركرد

مەلەفی تایبەت

02/12/2019‌ 2723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆشكی كرملین ستایشی گۆر ڤارتانیانی خانمە ئەفسەری دەزگای هەواڵگری یەكێتی سۆڤیەتی پێشووی كرد، كە هاوكار بوو لە پووچەڵ كردنەوەی پیلانگێڕییەكی نازییەكان بۆ تیرۆركردنی ونستۆن چەرچڵ و ستالین و فرانكلین رۆزڤڵت.

كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا رۆژی چوار شەممەی رابردوو رێزی لەو خانمە ناو ڕاشیگەیاند ژیانی پیشەیی ئەو خانمە لەوانەیە گۆڕانكاری بەسەر ڕێڕەوی مێژوودا هێنابێت.

ڤارتانیان، كە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، بۆ ماوەی دەیان ساڵ بەكرێگیراوی زەمینی نهێنی بووەو دەوترێت هاوكار بووە لە شكست پێكهێنانی پیلانێك، كە لەلایەن هیتلەرەوە پشتیوانی كرابوو، بۆ تیرۆركردنی سەركردەكانی هاوپەیمانان لە یەكەم كۆنگرەی "سێ زلهێزەكە (بەریتانیا و ئەمەریكا و ڕووسیا)"، كە لە ساڵی ١٩٤٣ لە ئێران بەسترا.

ڤارتانیان لە ساڵی ١٩٢٦ لە وڵاتی ئەرمینیا لەدایك بووە و لەساڵانی سییەكان چووەتە ئێران. كاتێك تەمەنی ١٦ ساڵ بوو پەیوەندی بەگروپێكی دژە فاشیستی كردووە، كە لەلایەن جیڤۆرك ڤارتانیانی، سیخوڕی سۆڤیەتی هاوسەری داهاتووی ڕابەرایەتی دەكرا و بەرپرس بوو ئاسایشی ئەو كۆنگرەی لەماوەی جەنگی جیھانی دووەمدا بەسترا.

جیڤۆرك رایگەیاند، ئەو گروپە سۆڤێتییەی، كە لەپێشوودا زیاتر لە ٤٠٠ بەكرێگیراوی نازی لە ئێران ئاشكراكردبوو، بەر گرووپێك لە بكوژە بەكرێگیراوەكانی ئاشكرا كرد و دەستگیری كردن، كە بووە شكست پێكهێنانی ئەو پیلانگێڕییەی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "بازدانە گەورەكە" ناسراوە.

دیمتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی كرملین رایگەیاند، "لەوانەیە مێژووی جیهانەكەمان جیاواز گۆڕانكاری بەسەردا بهاتایە ئەگەر گۆر ڤارتانیان و جیڤۆركی هاوسەری نەبوونایە، ئەوان دوو كەس بوون بە بێدەنگی شوێن دەستی خۆیان لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی بەجێهێشت".

هەروەها ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیاش، كە لە سەردەمی جەنگی سارددا ئەفسەری دەزگای هەواڵگری یەكێتی سۆڤییەت بوو لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزان و كەس و كاری ڤارتانیان كرد.

جیڤۆرك ڤارتانیانی هاوسەریشی لە ساڵی ٢٠١٢ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان