نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەک له‌پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لە سوریا

کوردستان

02/12/2019‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، ئامادەن بۆ هەموو هاوکارییەک له‌پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لە سووریا.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ لەگەڵ شاندێکی باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانیى کوردى لە سووریا  کۆبووەته‌وە و دوایین پێشهاتەکان و دۆخى سووریا و ئامادەیى و رۆڵ و کاریگەریى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانیان لە ناوچەکە تاوتوێکرا.
 
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى یەکڕیزى و تەبایى و پێکەوەکارکردن و لێکگەیشتن و بنیاتنانى متمانە لەنێوان لایەن و پێکهاتە کوردستانییەکان لە سووریا کردەوە، هەموو ئامادەییەکیشى بۆ هاوکارى و پشتگیریى هەر هەوڵێک لەپێناو ئارامى و سەقامگیرى و چارەسەرکردنى ئاشتیانەى کێشەکان لە ناوچەکە نیشان دا".
 
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستیى تەبایى و یەکدی قبووڵکردن لەنێوان پێکهات و لایەنەکان لە سووریا و کارکردن لەپێناو چارەسەرى کێشەکان و گێڕانەوەى ئارامى و سەقامگیرى کردەوە، نیگەرانیى خۆیشیان لە هەوڵەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکە و کار و رەفتارى چەکدارانى تووندڕۆى ئۆپۆزیسیۆنى سووریا نیشان دا.