بۆ سوتاندنی چەوری باشترین كاتی رۆژ بۆ وەرزشكردن چی كاتێكە؟

تەندروستی

03/12/2019‌ 1039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژەرانی هەردوو زانكۆی باس و بێرمینهگهام لەبەریتانیا ئاشكرایان كردووە، كە راهێنانی وەرزشی پێش نانخواردنی بەیانی یارمەتی سوتاندنی بڕێكی زۆرتری چەوری دەدات .

لێكۆڵینەكە لەسەر ٣٠ پیاو كراوە، كە بەدەست زێدە قەڵەوییەوە دەیانناڵاند، بەدرێژایی ٦ مانگ  هەندێكیان پێش نانخواردنی بەیانی و هەندێكیان دوای نانخواردنی بەیانی راهێنانی وەرزشیان دەكرد، جگە لەوەی ژمارەیەكیان ستایلی ژیانیان نەگۆڕیوە.

شیكردنەوە بۆ ئەنجامەكانی ئەوەی ئاشكراكردووە، كە ئەو بەشداربووانەی پێش نانی بەیانی وەرزشیان كردووە دووقاتی ئەو گروپە چەوریان سوتاندووە، كە دوای نانی بەیانی راهێنانی وەرشیان كردووە .

توێژەرەكان دەڵێن: ئەو كاریگەرییە بۆ ئاستی ئەنسۆلین دەگەڕێتەوە لەكاتی بەیانیدا، كاتێك ئەو كەسانەی شەوان هیچ ناخۆن ئەوە ئاستی ئەنسۆلینیان نزمە، ئەمەش مانای وایە بڕێكی زۆرتر چەوری وەك سووتەمەنی بۆ وزە لەبەیانیدا بەكاردەهێنێت .

لەگەڵ ئەوەشدا توێژەران تێبینی ئەوەیان كردووە، كە ئەو كاریگەرییە تەنیا لای پیاوان تاقیكراوەتەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەلێكۆڵینەوەی فراوانتر هەیە، كە ئافرەتانیش بگرێتەوە تا لە ئەنجامەكانی دڵنیا ببنەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی