شارپرێس:
رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سوننە لە پەرلەمانی عێراق داوای كردووە كەسێكی دەرەوەی پێكهاتەی شیعە بۆ شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەستنیشان بكرێت كە لەساڵی ٢٠٠٣ وە ئەو پۆستەیان قۆرخ كردووە .
دەهلەكی كە پەرلەمانتاری كوتلەی "هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكانە " لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە یەكەم ئاستی پشكپشكێنە لەڕێگای كورتكردنەوەی پاڵێوراوی سێ سەرۆكایەتییەكە بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو بوو، بۆیە ئەوانەی بانگەشەی دژایەتی پشكپشكێنە دەكەن با بانگەشەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن و كەسێكی دەرەوەی پێكهاتەی شیعە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید بكەن و بژاردەی رەزامەندیدان لەسەری لەدەرەوەی هێزە سیاسییەكان بۆ جەماوەر بەجێبێڵن.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە پەیامێكی ئاشكرایە بۆ تێپەراندنی تائیفییەت ، هەروەك چۆن هاوپەیمانییەكەی ئێمەش پێشتر وایكردووە و ئەو ناوانەی بۆوەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری پێشكەشمان كردوون لە سەرجەم پێكهاتەكان بوون ، بۆیە ئێستاش هەمان داواكاریمان لە هێزە شیعییەكان هەیە ئەوانەی بانگەشەی چاكسازی و تێپەڕاندنی تائیفییەت دەكەن هەمان هەنگاو بنێن .
لەبەرانبەردا ، حەیدەر فوادی سەرۆكی كوتلەی "عەتا" بەسەرۆكایەتی فالح فەییاز لەڕێگای بەیاننامەیەكەوە ئەو لێدوانەی دەهلەكی رەتكردەوە و وتی: ئەوەی ئەو دەیڵێت سەماكردنە لەسەر برینەكانی پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراق .
فوادی سەرسووڕمانی خۆی لەو لێدوانەی دەهلەكی دەربڕی بەوەی دەیەوێت لەڕێگای كاندیكردنی كەسێكی ناشیعی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كۆتایی بە پشكپشكینە بهێنرێت، وتیشی: بۆ ئایا شیعە كەسی شیاو و سەربەخۆیان نییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەشی بكەن .
سەرۆكی كوتلەی عەتا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەوەی ئەو دەیڵێت درووشمی ساختەن و ئەو كێشانە چارەسەر ناكەن كە رۆڵەكانی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنن ، هەروەك گوتیشی بەداخەوە هەندی كەس دەیانەوێت لەسەر ئازار و مەینەتی پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراق دەرفەتەكان بقۆزنەوە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی