لیژنەیەكی كۆنگرێس پرۆژەی سزاكانی سەر توركیا پەسەند دەكات

جیهان

12/12/2019‌ 1594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی كۆنگرێسی ئەمریكی پەسەندی پڕۆژە یاساییەكی كرد بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیادا .

لیژنەكەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا ئەو سزایانەی لەبەرانبەر هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و بەدەوامبوونی توركیا لەمامەڵەی موشەكی ئێس-400 ی ڕوسی پەسەند كرد.

ئەمەش تازەترین هەڵوێستی كۆنگرێسی ئەمەریكایە بۆ هاندانی ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ بەگرتنەبەری سیاسەتێكی توندتر دژ بە توركیا.

لیژنەكە بە ڕێژەی 18 دەنگی بەڵی و 4 دەنگی نەخێر پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد، كە ناودارە بە "یاسای برەودان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ساڵی 2019".
 
جیم ڕیشی سیناتۆری ئەمریكا لەو بارەوە وتی: كاتی ئەوە هاتووە ئەنجوومەنی پیران كۆششەكانی پراكتیزە بكات بۆ گۆڕینی ڕەفتارەكانی توركیا.

ڕاند بۆڵی سیناتۆریش ڕەخنەی لە پڕۆژە یاساكە گرت و ووتی: بۆیە ئیدارەكەی تڕەمپ دژی ئەو یاساییە ، چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی توركیا كەم دەكاتەوە، ئەو كاتیش دانوستان لەگەڵ سەرۆكی توركیا سەخت و دژوارتر دەبێت سەبارەت بە چەند پرسێكی وەك كڕینی كۆسیستەمی موشەكی بەرگری ئێس – 400 ی ڕوسی و تەنگژەی سوریا. 

هەروەها ئیبراهیم كاڵینی قسەكەری فەرمی سەرۆكایەتی توركیاش لە یەكەم كاردانەوەیدا وتی: پەسەندكردنی یاسایەكی لەو جۆرە ڕێگری لە توركیا ناكات لە بەردەوامبوون لە تەواوكردنی مامەڵەی موشەكی ئێس-400 ی ڕوسی، هەتا ئەگەر كۆنگرێسیش پەسەندی بكات.

ئەگەر ئەو یاساییە لە لایەن كۆنگرێسەوە پەسەند بكرێت، ئەوا پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی گازی توركیا گەورەترین زەرەریان بەردەكەوێت، چونكە پڕۆژە یاساكە سزا بەسەر هەردوو پرۆژەی لولەبۆری ڕوسی (نۆرد ستریم و تورك ستریم) دەسەپێنێت و قەدەغەشی دەكات هاریكاری سەربازی لەگەڵ توركیا بكرێت.

پێشتریش مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریكا سزا بەسەر وڵاتەكەیدا بسەپینێت، ئەوا ئەنقەرە دەستەوەستان نابێت و وەڵامی خۆی دەبێت.

چاوش ئۆغڵۆ راشیگەیاندبوو، لە دۆخی سەپاندنی سزا ئەمریكییەكان بەسەر وڵاتەكەیدا ، ئەوا توركیا پرسی هەردوو بنكەی "ئینجرلیك و كورجیك" ی ئەمریكی لە توركیا تاوتوێ دەكات.

ئۆغلۆ باسی لەوەش كردبوو، كە دەبێت ئەندامانی كۆنگرێس بزانن كە بەو شێواز و ڕێبازانەی دەیگرنەبەر، ناگەنە هیچ ئەنجامێك لەگەڵ توركیا.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر