توركیا و روسیا بەهاوبەشی موشەكی "ئێس-٤٠٠" بەرهەمدەهێنن

جیهان

16/12/2019‌ 892 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەك لەناو پیشەسازییە سەربازییەكانی توركیا باسی لەوە كردووە، كە گواستنەوەی دووەم پۆلی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" وابڕیارە لەبەرهەمهێنانی هاوبەش‌و گواستنەوەی تەكنەلۆژیا بێت، پێشبینیشی كردووە گرێبەستەكە لەنیسانی ٢٠٢٠ واژوو بكرێت .

ئەو سەرچاوەیە بەئاژانسی سپۆتنیكی روسی راگەیاندووە، كە گرێبەستی رادەستكردنی سیستەمی موشەكی "ئێس-٤٠٠" بەتوركیا وابڕیارە بە دوو جار بێت، كە جاری یەكەم سەكۆ موشەكییەكان رادەستی توركیا كران و لەئێستادا راهێنان لەسەر بەكارهێنانیان دەكرێت، لەمانگی نیسانی ساڵی داهاتووش سیستەمەكە بەتەواوەتی بەگەڕ دەخرێت. 

بەپێی سەرچاوەكە، لەبەشی یەكەمدا باسی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گواستنەوەی تەكنەلۆژیا نەكراوە، ئەوانەی گەیشتوونەتە توركیا بەتەواوەتی لەروسیا درووستكراون.

سەرچاوە توركییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لەئێستادا گفتوگۆ لەبارەی بەرهەمهێنانی هاوبەشی سیستەمەكە دەكرێت، كە تایبەتە بە پۆلی دووەمی موشەكەكان‌و بڕیارە بدرێنە توركیا، بەجۆرێك بەرهەمهێنانی هاوبەش و گواستنەوەی تەكنەلۆژیای تێدایە، كە گفتوگۆكانیش ماوەیەكی دورودرێژە بەردەوامن، هەروەها رایگەیاندووە، گومانی تێدا نییە هەردوولا دەتوانن بگەنە رێكەوتن .

بەقسەی سەرچاوەكە بەوردی نازانرێت كەی گریبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گواستنەوەی تەكنەلۆژیا واژوو دەكرێت، بەڵام بەدڵنیایی ئەوە پێش مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دەبێت .

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا جەختیكردبووەوە، كە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ ، سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" لە توركیا بەتەواوەتی دەكەوێتەگەڕ .

هەرچەندە واشنتۆن چەندین جار ئەوەی دووبارەكردووەتەوە ئەگەر توركیا گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" لەگەڵ روسیا تەواو بكات، ئەوە توركیا لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥ دوور دەخرێتەوە و ناشتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو جۆرە فرۆكە پێشكەوتووە، ئەوە جگە لە سەپاندنی سزا بەسەر توركیا بەپێی یاسای بەرنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمەریكا ناسراو بە كاتسا، بەڵام توركیا تائێستا گوێی بەهەڕەشەكانی توركیا نەداوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی