ئەگەری بەردەوامی شەڕی بەوەكالەتی ئێران‌و ئەمریكاو تێوەگلانی وڵاتانی كەنداو

مەلەفی تایبەت

09/01/2020‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران و ئەمریكا هەڕەشە لەیەكتری دەكەن و لیستی بە ئامانج گرتنەكانی نێوان یەكتری بڵاودەكەنەوە، روون و ئاشكراشە زۆربەی ئەو ئامانجە ئەمریكییانەی ئێران دەیەوێت بیانكاتە ئامانج دەكەونە وڵاتە دراوسێكانییەوەو بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی.

لەسەر ئەو بنەمایە، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە چی روودەدات ئەگەر بێت‌و جەنگی بەردەوامی بە وەكالەت لە نێوان ئێران لەلایەك و ئەمریكاو هەندێك لە وڵاتانی كەنداو لەلایەكی ترەوە ببێتە جەنگێكی راستەوخۆ؟

ئەگەر نییە جەنگی راستەوخۆ هەڵبگیرسێ، جەنگی بە وەكالەت بەردەوام دەبێت، بەڵام ململانێكە درێژ دەبێتەوە بۆ وڵاتانی كەنداو.

بەلای ئێرانەوە، جەنگی گشتگیر و راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا بەمانای هەرەسهێنانی تەواوەتی بنەمای ئابووری ئەو وڵاتە دێت، واتە لێدانە لەبەرهەمهێنانی نەوت و گۆڕینی رژێم، یاخود بەرپابوونی جەنگی ناوخۆ لە وڵاتدا. 

واتە ئەم جەنگە بەلای سەركردایەتی ئێرانەوە پەسەند نییە، ئێرانیش هیچ هەنگاوێك نانێت ببێتە مایەی جەنگێكی لەم جۆرە، مەگەر لەدۆخی دوا جەنگدا بێت، ئەگەر گەمارۆ بخرێتە سەر رژێم و هیچ شتێكی نەمێنێت لە دەستی بدات.

بەهەمان شێوە، ئەمریكا گرنگی بە شەڕی راستەوخۆ نادات لەگەڵ ئێران، بەڵام چەكی سەرەكی ئێران بریتییە لەئاراستەكردنی گورزێكی جەرگبڕ لە ئابوری جیهانی، یاخود شكستپێهێنانی بەشێكی گەورەی بەرهەمی جیهانی نەوت بۆ ماوەیەكی دورودرێژ. ئەمریكا ئێمپراتۆریەتێكی جیهانییەو باج دەخاتە سەر هەموو ئەوانەی دۆلار بەكاردەهێنن لەسەرتاسەری جیهاندا. 

واتە خۆشگوزەرانی و هەبوونی ئەمریكا پشت دەبەستێت بە تەندروست بوونی سیستەمی ئابووری جیهانی، لە كاتێكدا هەرەمی دڵنیایی جیهانی لەلێواری هەرەس هێناندایە و بە راستیش ئابووری جیهانی خاو كردووەتەوە و هەندێك لە وڵاتانی رۆژئاواش چوونەتە قۆناغی كورتهێنانەوە و دۆخەكە تا رادەیەكی زۆر شلۆقە، ئەمریكا ئەو پەڕی هەوڵی خۆی دەدات خۆی لەو هۆكارانە لابدات كە دەبنە مایەی لێدان لە ئابوری جیهانی.

هەندێك لە وڵاتانی كەنداو وەك ركابەرێكی بەهێزی خۆیان دەیانەوێت ئێران بە تەنیا لێدانێك هەرەس بهێنێ، بەڵام لە هەمان كاتدا ئامادە نین لێكەوتەكانی جەنگ بە بێ ئەمریكا بگرنە ئەستۆ، چونكە زیانی زۆر دەكەن. 

لەبەر ئەوە پێشبینی ئەوە ناكرێت لێدانە نادیارەكان بەرۆكێت و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، لە نموونەی هێرشی سەر دامەزراوەكانی ئارامكۆ، ببێتە هۆی پەرچە كردار لەلایەن كەنداوەوە دژی ئێران.

ئێستا بەلای ئەمریكاوە دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەر هاتووە بە ئاراستەی نێگەتیڤ‌ و بە كوشتنی قاسم سلێمانی ئەمریكا نەیتوانیوە تواناكانی ئێران كەمبكاتەوە، بەڵكو چەندین جار هۆكارەكانی بەرگری و وەڵامدانەوەكانی زیاتر كردووە.

ئەمریكا ئامادەیی تێدا نییە جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بكات، تا ئەو رادەیەی جەنگی بە وەكالەتیش بەسنوورداری دەكات، ئەوەی دەتوانێ بیكات هەندێك رێكاری سەربازییە وەك كوشتنی بەرپرسێكی پایە بڵندی ئێرانی لەوڵاتی سێیەم، لەكاتێكدا جبەخانەی ئێران لە جەنگی بە وەكالەتدا گشتگیر ترە.

لە كاتێكدا ئەمریكا دەسكەوتەكانی خۆی لە یارییەكەدا دەبینێـتەوە، كە تائێستا كۆتایی نەهاتووە، ناكرێت كارەساتی ئابووری دوا بخرێت لەوانە لە لوبنان بە شێوەیەكی كاتی بەهاوكارییە دەرەكییەكان، لەبەر ئەوە لوبنان رووبەرووی بژاردەی لابردنی حزب الله دەكاتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، پاشان دەیخاتە بەردەم هەناسەی دەستكرد لەدەرەوە، یاخود بژاردەی نوقم كردنی وڵات لە ئاژاوەدا و رەنگە جەنگی ناوخۆش بێت و حیزب الله ش رۆڵی نابێت لە رووبەرووبونەوەی نێوان ئێران و ئەمریكا چونكە بەدۆخی ناوخۆوە سەرقاڵە، واشی دەبینم سیناریۆی دووەم لە روودانەوە نزیك بێت.

لە عێراقدا، خۆپیشاندانەكانی عێراق هەژموونی ئێرانی لاواز كردووە، زۆر قورسیشە پەرەسەندنەكان ببنەوە هۆی دووبارە بەهێز بونەوەی، بەڵكو پێدەچێ ئاژاوەكان لە عێراق بەرەو زیاتر بڕۆن.

لە نێو خودی وڵاتی ئێراندا دۆخی خراپی ئابووری بووەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی توندوتیژ، لە ژێر سایەی ئەو دۆخەشدا پێدەچێ دۆخی ئابوری بەرەو خراپتربوون بچێت، و سنوری كارە دوژمنكاریەكانی سەركردایەتی ئێرانیش هەر لە نزیك بونەوەدایە، و سەرەرای هەموو ئەمانەش قاسم سلێمانی دەكوژرێت.

لەم دواییانەدا، ئێران لە رووی دەروونیەوە هەنگاوی باشی نا روەو جەنگی كۆتایی، ئەگەر بێت ئەمریكا بەردەوام بێت لە فشار خستنە سەر تاران و بە سزای ئابوری تەنگەتاوی بكات و سەقامگیری هاوپەیمانەكانی تێكبدات، ئەوا رەنگە بتوانێ دوای چەند ساڵێك سەقامگیری ئێران بشێوێنی. كەچی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ دەستپێشخەری كرد لە كوشتنی قاسم سلێمانی بەهۆی پاڵنەرە سیاسیە ناوخۆییەكانەوە، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو مەترسی و تێچووە رونانەدا كە هەیە.

ئێستا جەنگی بە وەكالەت لە نێوان ئەمریكا و ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو دەستی پێكردوە. بێ گومان عێراقیش دەبێتە گۆڕەپانێكی سەرەكی جەنگەكە، و ئەگەری روودانی هێرشی نادیار بۆ سەر ئامانجەكان لە سعودیە بە شێوەیەكی روون زیاد دەبێت. هەروەها پێدەچێ هەمان شتیش بە ئاراستەی ئێران لە خاكی عێراقەوە روو بدات، بەڵام بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەر نەوتی ئێراندا سەپێنراوە، قەبارەی زیانی هێرشەكان بۆ سەر ئێران كەمترە لەو هێرشانەی دەكرێتە سەر وڵاتانی كەنداو.

دوای یەكەم هێرشی گەورە بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان بۆ سەر بنكە روسیەكان لە سوریا، شارەزایان تێبینی ئەوەیان كرد كە ئاستی ڕاهێنانی هونەری جەنگاوەرە سوریەكان ئەوە نیە كە بتوانن هێرشی لەو جۆرە ئەنجام بدەن؛ بەوەی لە ئاستی وڵاتاندا بوە نەك تاكەكان. لە ئێستادا، ئەوانەی جەنگی فرۆكەی بێ فرۆكەوانیان دەست پێكرد خۆیان رووبەرووی هەمان مەترسی و رەفتار بونەتەوە.

رەنگە جەنگی فرۆەی بێ فرۆكەوان و جەنگی دەروونی دەست پێكات، هەر یەكەو بیەوێ گەورەترین زیان بە بەرانبەرەكەی بگەیەنێ لە رێگەی هێرشی نادیارەوە، بۆ ئەوەی نەچێتە جەنگی راستەوخۆوە. هەردوو لا هەوڵی ترساندن و فروفێڵ دەدەن، بەڵام لە هێرشی راستەقینەدا هەموو لایەنەكان بە وردی حساب بۆ پەرچە كرداری دوژمن دەكەن. لە هەمان كاتدا، ئێران زیاتر خۆی كۆكردۆتەوە پشكی لە یاریەكەدا زیاترە لەگەڵ خراپ بوونی دۆخەكەیدا. دیارە لێرەدا ئەمەش لە رووداوێكی پێشبینی نەكراوەوە روەو هەڵكشان دەڕوات، بەلام بە شێوەیەكی گشتی، جەنگی گوفتار زیاتر دەبێت لە جەنگی كردار.

شرۆڤەكاری سیاسی ئەلیكسەندەر نازارۆف
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا