كاریگەری گرژییەكانی ئەمریكاو ئێران لەسەر دۆخی وڵاتانی ناوچەكە

ڕاپۆرت

11/01/2020‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا– ئێران ئەم ماوەی پێشوو، كردار و پەرچەكداری جۆراوجۆری هێنانە ئاراوە، كە لێكەوتی جۆراوجۆری لەسەر دۆخی ناوخۆیی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە، دیارترینیان سەرهەڵدانی دەستوەردانی توركیایە لە لیبیاو ئاڵێنگاریكردنی مۆسكۆ بە هێشتنەوەی ڕژێمەكەی ئەسەد لەحوكمڕانی لە سوریا، داخورانی متمانەداری حیزبوڵڵا لە لوبنان و میلیشیا چەكدارە حوسییەكانی یەمەن، لێڵی و نادیاری ئایندەی میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق، كزبوونی ڕەووتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی ئێران، بوژانەوە و سەرهەڵدانەوەی هێرشە مەترسیدارەكانی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان.

دەكرێت كاریگەری بارگرژییەكەی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر دۆخی هەندێك لەوڵاتانی هەرێمی، بەم شێوەی خوارەوە تاوتوێبكرێت:

سەركێشییەكانی ئەنقەرە لەلیبیا
قۆناغی پێش كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، چەند هەوڵ و كۆششێكی ئەنقەرەی بەخۆوە بینی بۆ شەرعیەتدان بە بوونی سەربازییان لە ڕۆژئاوای لیبیا و چوون بەدەم داواكارییەكانی سەڕاجەوە بۆ یارمەتیدانیان لەدژی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر، ئەمەش ململانێی لیبیا گەرموگوڕتر دەكات. 

لە كاتێكدا چەند هەوڵێكی عەرەبی و ڕۆژئاوایی لە كایەدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی ململانێكە و كۆتاییهێنان بە دەستتێوەردانە دەرەكییەكان، ئەمەش داواكاری دەوڵەتانی دراوسێ و دەوروبەری لیبیایە وەك میسر و تونس و جەزائیر، كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەی 8 یەنایەری قاهیرەش، كە لە نێوان میسر و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و قوبڕس و یۆنان بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر چارەسەری سیاسی ململانێكە كردووە. 

لەو چوارچێوەیە توركیا هەوڵی ئەوە دادات سەرقاڵی هەرێمیی بە هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بقۆزێتەوە بۆ برەودان بە هەژموونی خۆی لە لیبیا و هێنانەدی ئامانجە تایبەتەكانی.

دیارترینی ئەو ئامانجانەش قایمكردنی پێگەكەیەتی لەبەشێكی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە زۆرێك لە دەوڵەتە هاولێوارەكانی، بە تایبەتیش میسر و قوبڕس و یۆنان، كە پەنایان بۆ جیاكردنەوەی سنووری دەریایی نێوانیان بردووە بۆ گەڕان و پشكنین بە دوای گازدا. 

لیبیاش سەرچاوەیەكی سەرەكی وزەیە بۆ توركیا، بە تایبەتیش ئەنقەرە كەموكوڕی زۆری هەیە لە بواری وزەدا و ناچاریشە زۆرینەی پێداویستییەكانی لە دەوڵەتانی دیكەوە هاوردە بكات. 

ئەمە جگە لەوەی ئەنقەرە بەنیازە لەدوای كۆتاییهاتنی ملامنێی سەربازی لیبیا چەند گریبەستێك بۆ بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە مسۆگەر بكات، بەڵام دووری جوگرافی توركیا لە لیبیا، ڕازینەبوونی جەزائیر و تونس بەوەی‌ یارمەتی لۆجستی پێشكەشی توركیا بكەن لە دەستوەردان لە كاروباری لیبیا، هەروەها پێشڕەووی سوپای نیشتمانی لیبیا بە فەرماندەی جەنەڕال خەلیفە حەفتەر و دەستگرتنی بەسەر شاری "سرت" دا، ئێستاش جگە لەشاری میسڕاتە و تەڕابلوس هیچ شوێنێكی دیكە‌ نەماوە بەرەنگاری حەفتەر بێتەوە، هەموو ئەمانە هەژموونی ئەنقەرە لاواز دەكەن. 

لەولاشەوە ڕوسیا كەوتووەتە جوڵە و ئاماژەكانیش وای نیشان دەدەن، كە مۆسكۆ نایەوێت مەودا و جوغزی جەنگی لیبیا فراوانتر بێت.

ئاڵێنگاری ڕوسیا لە هیشتنەوەی ئەسەد
مۆسكۆ ترسی‌ لەوە‌یە لێكەوتەكانی بارگرژییەكانی نێوان واشنتۆن – تاران لە قۆناغی ئایندەدا، ببێتە هۆی ئەوەی واشنتۆن بەپاساوی بە ئامانجگرتنی هەژموونی ئێران لە سوریا، یان هەر پاساویكی دیكە، ڕژێمەكەی ئەسەدیش بە ئامانج بگرێت، ئەمەش‌ باری مۆسكۆ لە سوریا قورستر دەكات، كە لە 2015 وە لە ڕووی سەربازییەوە دەستی وەرداوەتە ململانێی سوریاوە. 

لەوانەیە هەر ئەوەش هۆكاری سەردانە لەناكاوەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا بێت بۆ سوریا، كە لە 7 ی یەنایەر لە ژووری ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەكانی ڕوسیا چاوی بە ئەسەد كەوت و پشتیوانی مۆسكۆی بۆ دیمەشق دووپات كردەوە.  

دیمیتری بیسكۆفی قسەكەری فەرمی كرملینیش وتی: گفتوگۆی پۆتین و ئەسەد بە تەواوی دڵنیاییەوە لەوبارەوە بووە، كە سەرۆكی ڕوسیا بە سەرۆكی سوریای ڕاگەیاندووە، یەكپارچەی خاكی سوریای مسۆگەر كردووە.

ئاراستەیەكی شڕۆڤەكاری پێیوایە مەبەستی واشنتۆن لە كوشتنی سلێمانی بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆیەتی لە عێراق، ئەمەش دوای لاوازبوونی هەژموونی لە سوریا، سەرباری ئەوەی ململانێ لە نێوان ڕوسیا و ئێراندا هەیە لەسوریا، بەڵام كۆلكەی هاوبەشیان سنورداركردنی هەژموونی ئەمریكایە لەو وڵاتەدا، هەروەها سەركەوتنی سوپای سوریاییە لە جەنگی شاری ئیدلب دژ بە گروپە چەكدارە توندڕەووەكان و میلیشیا چەكدارەكان بۆ دەستگرتنەوە بەسەر تەواوی خاكی سوریادا. كوشتنی سولەیمانی ئاڵێنگارییەكە لە بەردەم پۆتین، چونكە ئەو پشتی بەهاریكاری ئێران بەستووە لە پشتیوانیكردنی ڕژێمەكەی‌ ئەسەد، لاوازی ئێرانیش بە هۆی پالاماردانییەوە لە لایەن ئەمریكا و ئیسڕائیل، كاریگەری بۆ سەر مۆسكۆ دەبێت، ئەو كات مۆسكۆ و سوپای سوریا بە تەنیا دەمێننەوە لە گۆڕەپانی بەرەنگاری ئەمریكادا، ئەوەی ئەو بۆچوونەش پشتڕاست دەكاتەوە ئەوە بوو كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە 5 یەنایەری 2020 ، لە ترسی هێرشە شیمانەكراوە (محتمل) ئاسمانییەكانی ئەمریكا و ئیسڕائیل، بارەگاكانیان لە شاری "بوكەمال" چۆڵكرد.

هەڕەشەكانی حەسەن نەسڕوڵڵا و میلیشیا حوسییەكان
سەرباری هەڕەشەكانی حەسەن نەسڕوڵڵا لە 6 ی یەنایەری 2020 بەوەی جەنگێكی كراوە بەرپا دەكات بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە و بەرژەوەندییەكانیشیان بە ئامانج دەگرێت، بەڵام ڕوودانی ئەمە ئەستەمە، چونكە ئەنجامی كارەساتباری پێوە دەبێت بۆ ناوخۆی لوبنان، بەتایبەتیش پێكهێنانی حكومەتەكەی حەسەن دیاب گرفتی تێكەوتووە و دۆخی ئابووری و دارایی لوبنانیش سەخت و دژوارە. 

بۆیە لوبنان ناتوانێت ببێتە بەشێك لە جەنگێكی وێرانكەری نێوان واشنتۆن و تاران، ئەمەش متمانەداری حیزبوڵڵای لوبنانی لە ناو لوبناندا لاواز دەكات.

سەرباری ئەوەی‌ لە 5 و 6 یەنایەری 2020، میلیشیا حوسییەكانی یەمەن خۆپیشاندانی جەماوەرییان لە شارە شارەكانی سەنعا و سەعدە ئەنجامدا و شەقامەكانیان پڕكردن لە وێنە قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، كەچی حوسییەكان هێشتا ناتوانن كەشتییە جەنگییە دەریاییەكانی ئەمریكا بە ئامانج بگرن، زەیفوڵا شامی وەزیری ڕاگەیاندی حوسییەكانیش وتی: خوێنی سلێمانی و موهەندیس دەكەنە موشەكی كیشوەربڕ بۆ وێرانكردنی كەشتییە جەنگییە دەریاییە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە. 

ئایندەی نادیاری حەشدی شەعبی لە عێراق
میلیشیا پاشكۆیانەی ئێران لە عێراق،‌ بوونەتە هێزی سەرەكی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا، بەتایبەتیش كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، كە لە 27 ی دیسەمبەر هێرشیان كردەسەر هێزەكانی ئەمریكا و مقاولێكی ئەمریكییان كوشت، ئەمەش وای لە ئەمریكا كرد لە عێراق و سوریا گورزیان لێ بوەشێنێت و 5 بارەگای سەربازییان بۆردومان بكات، لەمەشەوە چەكدارەكانی سەر بەو میلیشیایە چوونە ناوچەی سەوز و هێرشیان كردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا، لە بەرامبەریشدا واشنتۆن بە لێدانێكی ئاسمانی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی كوشتن.

سەرباری ئەمانەش، لێدانە موشەكییەكانی ئێران لە هەردوو بنكەی سەربازی ئەنبار و هەولێر بە هەماهەنگی و هاوكاری حەشدی شەعبی بووە،ئەمەش كاریگەری دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و عێراق، بە تایبەتیش كە لە دوای كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس، فشارێكی توندی حەشدی شەعبی و ئەنجومەنی نوێنەران لە گۆڕێییە بۆ وەدەرنانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاش تەنها لە كاتێكدا ڕازییە هێزەكانی ووڵاتەكەی بكشێنەوە كە حكومەتی عێراق نرخی تێچوونی ئەو بنكە سەربازییانە بدات كە ئەمریكا لە بنیاتنانیاندا خەرجی كردوون، ئەمەش باری سەرشانی حكومەتی عێراق قورس و گرانتر دەكات.

كزبوونی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی ئێران
ئێران بە باشی كردەی كوشتنی سولەیمانی دەقۆزێتەوە بۆ لاوازتركردنی جوڵەی شەقامی ناڕازی ئێرانی كە دوو ساڵە دژ بە ڕژێمەكەی ئێران لەكایەدان، واتە كۆنەپارێزە توندڕەووەكانی ئێران بەو تەنگژە دەرەكییەی ئێران، تەنگژە ناوخۆییەكە دادەپۆشن كە داواكارییان بژێوی ژیانی ڕۆژانە و ڕەخنەگرتنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران.

بۆیە لە ماوەی ئایندەدا گەورە بەرپرسانی ئێران هەڵمەتێكی دروشمبازی دەست دەدەنێ بۆ جۆشدانی ڕای گشتی و دروستكردنی بەرەیەكی بەرفراوانی ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی واشنتۆن، چونكە ئێران زۆر باش دەزانێت مەترسی جەنگێكی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمریكادا چەند وێرانكەرە، بۆیە هەمیشە خۆی لێ دەپارێزێت.

مەترسییەكانی تیرۆر و هێرشی ڕێكخراوە توندڕەوەكان
ئەنجامێكی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان واشنتۆن – تاران  ئاڵۆزبوونی ململانێ چەكدارییە ناوخۆییە عەرەبییەكان و دەستتێوەردانی لایەنە هەرێمییەكانە، ئەمەش هەوڵ و كۆششی چەكدارە تیرۆرستە توندڕەووەكانی داعش ئاسانتر دەكات بۆ دووبارە بوژانەوە و سەرهەڵدانەوە  و بەرفراوانكردنی هێرشەكانیان لە هەندێك ناوچەی سەر سنوری عێراق.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر