یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كێشەی بۆ دروست دەبێت

کوردستان

14/01/2020‌ 3819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی سەركردایەكی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە و گفتوگۆی چەند پرسێك دەكەن هاوكات لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆك و جێگرەكانی هەڵنابژێردرێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەبێت دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی، ئەنجوومەنەكە لەیەكەم كۆبوونەوە سەرۆكی ئەنجوومەنەكەو جێگرەكانی هەڵبژێرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان لەو بارەوە كێشە دروست بووەو بەو هۆیەشەوە لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەو پرۆسەیە ئەنجامنادرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، كێشەكەی یەكێتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، تائێستا لایەنە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەر كەسێك رێكنەكەوتوون‌و تائێستاش دیارنییە دەتوانن ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر مستەفا چاورەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەشارپرێس-ی راگەیاندبوو لەسەر داوای من ئەنجوومەنی سەركردایەتی لەسەر چەند پرسێك كۆدەبێتەوە.

وتیشی: لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ دەكرێت و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێن، بەبێ‌ ئەوەی زانیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

چاورەش ئاشكراشیكرد، بەهۆی ئەوەی ئەو بەتەمەنترین ئەندامی سەركردایەتییە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات‌و رونیشیكردەوە، یەكێك لەتەوەرەكان تایبەتە بەهەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، كە لە كۆنگرەدا تەنیا چەند ماددەیەكی لێپەسەند كراوە، لەگەڵ بریاردان لەسەر كەسێك بۆ ئەوەی بكرێتە وتەبێژی یەكێتی.

یەكێتی نیشتمانی مانگی رابردوو دوای چەند ساڵێك دواكەوتن كۆنگرەی چوارەمی ئەنجامداو لەكۆنگرەكەش 121 كەسی بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی هەڵبژارد، كە ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە دەكرێت.

هـ ـ ح