هاوپەیمانی فەتح‌و نەسر: كوردەكان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان پشتگیری لە مانەوەی عەبدولمەهدی دەكەن

کوردستان

15/01/2020‌ 1050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد حەمدانی پەرلەمانتاری هاوەپەیمانی نەسر دەڵێت: هەریەك لە كورد و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوودمەندترین لایەنی مانەوەی عادل عەبدولمەهدین لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی نەسر پێیوایە دواجار كوتلە سیاسییەكان لەسەر مانەوەی عەبدولمەهدی بۆ ماوەی ٦ مانگی تر رێكدەكەون تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت و پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا دەنگۆ هەیە، كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیرانی رابسپێرێتەوە، كە كۆتایی ساڵی رابردوو دەستیلەكاركێشایەوە.

لای خۆشییەوە فازڵ جابر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندووە، پشتیوانی هێزە كوردییەكان بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانە بەعادل عەبدولمەهدی بدرێتەوە بەهۆی ئەوەیە، كە ناوبراو لەهەموو سەرۆك وەزیرانەكانی تر باشتر مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم كردووە .

جابر لەلێدوانێكیدا بۆ تۆڕی هەواڵی عێراقی دەڵێت: راگەیاندنی پشتگیری هێزە كوردییەكان بۆ دووبارە متمانەدانەوە بەعادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوە دەچێتە خانەی خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە، بەتایبەت دوای سەردانەكەی چەند رۆژی رابردووی بۆ هەولێر و سلێمانی و بەڵێندانی بەوەی ئەگەر جارێكی تر متمانەی پێبدرێتەوە ئەوە لەسەر سیاسەتەكانی پێشووی بەرانبەر بە هەرێم بەردەوام دەبێت.

هەروەها دەڵێت: عادل عەبدولمەهدی، تاكە سەرۆك وەزیری عێراقە، كە كوردەكان لەگەڵی ئاسوودە بوون ، ئەویش لەبەر ئەوەی بەردەوام چاوپۆشی لە سەرپێچییەكانیان كردووە بەتایبەتی لە دۆسیەی نەوتدا.

پێشتر عیماد باجەلان پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان جەختیكردبووەوە، كە عادل عەبدولمهەدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوە گونجاوترین كەسە بۆ ئەوەی جارێكی تر وەك سەرۆكی حكومەت متمانەی پێبدرێتەوە، هەروەها وتبووی: جێگرەوەی عەبدولمهەدی بەلای كوردەوە هەر عەبدولمەهدییە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی