نهێنییەكانی كاتی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە

جیهان

15/01/2020‌ 2517 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعات شەش و دوانزە خولەكی بەیانی بەكاتی تاران فرۆكەی گەشتی ژمارە " PS752 "ی سەر بە هێڵی فرۆكەوانی ئۆكرانی لەفرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی لە تاران هەڵفری، دوای ئەوە  بەكەمتر لە سێ خولەك فڕۆكەكە لەبەرزبوونەوە وەستا و  ئاراستەكەی گۆڕا  دواتر كەوتە سەرزەوی  .

لەوكاتەدا چی روویدا؟ 
بەگوێرەی گێرانەوەكانی سوپای پاسداران ئەفسەرێكی سەر بەهێزەكانی بەرگری ئاسمانی تەنێكی نامۆی بەسەر یەكێك لەپێگە هەستیارەكاندا بینیوە و وایزانیوە، كە موشەكی كروزە، بەجۆرێك ئەفسەرەكە هەوڵیداوە پەیوەندی بەفڕۆكەكەوە بكات و بۆ ئەوەش ١٠ چركە چاوەڕێی وەڵامدانەوەی كردووە، بەڵام كاتێك هیچ وەڵامێك نەبووە ئیتر بڕیاریداوە موشەكێكی ئاراستە بكات، كە موشەكەكە لەجۆری زەوی بەئاسمان بووە لەجۆری  SA-15  ، كە موشەكێكی سۆڤێتییە .

دوای ئەوە بەپێی داتاكان دەركەوتووە، فڕۆكەكە ئاراستەكەی گۆڕاوە، كە بەپێی قسەی سوپای پاسداران گۆڕینی ئاراستەكەی هۆكاری تێكشكانی بووە، بەڵام ئۆكرانیا دەڵێت: راستەوخۆ بەهۆی موشەكەكەوە كەوتووەتە خوارەوە و تێكشكاوە .

ئەوەی زانراوە، كە فڕۆكەكە لەكاتی بەركەوتنی موشەكەكە لەبەرزی ٢٥٠٠ مەتردابووە و دوای ئەوە لەكۆنترۆڵ دەرچووەو سەربەرەو خوار بووەتەوە تەنانەت بەشێك لە پارچەكانی لەئاسماندا لێبوونەتەوە .

لەكۆتاییدا فڕۆكەكە لەناوچەیەكی نێوان بەرمد و شەهریار كەوتووەتە سەر زەوی و دەستبەجێ تەقیوەتەوە، كە  ١٧٣ سەرنشینشی تێدا بووە .

سوپای پاسداران دەڵێت: هەر لەكاتی رووداوەكەدا سەركردایەتی ئێرانی ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام ئێران بۆ ماوەی چەند رۆژێك نكووڵی لەوە دەكرد، كە ئەوان دەستیان لە كارەساتەكەدا هەبێت، هەروەها باسیش دەكرێت چەندین ئامێری وەك حەفارە و شۆڤڵی بردووەتە ناوچەكە بۆ ئەوەی پێش ئەوەی لێكۆڵەرە نیودەوڵەتییەكان بگەنە جێبەڵگەكان بشێوێنن، بەڵام لەژێر سایەی بەڵگەكانی مانگە دەستكردەكان و ئەو گوشارە نێودەوڵەتییەی دروست بوو، ئێران پاشەكشەی كرد و دانی بەوەدانا، كە فرۆكەكە بە موشەكی ئەوان خراوەتە خوارەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی