ئەمریكا لەهەوڵەكانی بۆ بە "تیرۆرست" ناساندنی ئیخوان موسلمین بەردەوامە

جیهان

15/01/2020‌ 993 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی‌ ئەمریكا رایگەیاند،  ئەو یەكێك بووە لەو هەشت سیناتۆرانەی لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا پڕۆژە یاساییەكیان لەبارەی بە تیرۆرستناساندنی ئیخوان موسلمیمیان پێشكەش بە كۆنگرێس كردووە و داواشیان كردووە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

پۆمپیۆ لە دانیشتنێكی گفتوگۆكاریدا لە پەیمانگای هوڤەر لە زانكۆی ستانفۆڕد لە  وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاخۆ ئەمریكا لەئێستادا هەنگاوێكی لەوجۆرە دەهاوێژێت رایگەیاند،  ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ هێشتا ئەو پرسە شەن و كەو دەكات و هەڵدەسەنگێنێت، تا كارەكە بە شێوە ڕاست و دروستەكەی خۆی بكرێت و بگاتە ئەنجام.

پۆمپیۆ ئەوەشی راگەیاند، تێڕوانی لەو بیرۆكەیە لەناو ئیدارەی ئەمریكا و دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكا لێكجیاوازن‌، كۆندا لیزاڕایزی وەزیری پێشووی دەرەوەی ‌ئەمریكا دانیشتنەكەی بەڕێوەدەبرد، كە لەگەڵ ئەم دیدو بۆچوونەی پۆمپیۆ كۆك و تەبا بوو‌.

باسی لەوەش كرد، هێشتا تاوتوێی ئەوە دەكەین ئەو كارە چۆن مەیسەر دەبێت، گۆمانیش لەوەدا نییە كەسانێك لەناو ئیخوان موسلمین تیرۆرستن و ناویشیان لە لیستی تیرۆردایەو رایگەیاند  "ئێمە گەرەكمانە لەوە دڵنیابینەوە، كە ئەو كارە بە ڕاستی و دروستی دەكەین و بە ڕاست و ڕەوانیش بابەتەكە دیاری دەكەین، دەمانەوێت لەوەش دڵنیابین بنەما یاساییەكانی ئەو كارەمان ڕاست و دروستن".

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشدا، كارێكی لەو جۆرە تەنیا بڕیارێك نییە، بەڵكو پێویستی بەكاری زۆر هەیە لەوەی بنەما یاساییەكانی ڕاستبن و داتای پێویستیش لەبەردەستدابن‌و جەختیكردەوە پێش ئەوەی بڕیارەكە بدەین دەبێت ئەوەمان لەبەر دەست بێت، كە باسمان كرد، چونكە "خستنەلیستی تیرۆری كەسێك یان كۆمەڵەیەك كارێكی قورسە و دەبێت بە ڕاست و ڕەوانی ئەنجام بدرێت".

لە كۆتایشدا پۆمپیۆ رایگەیاند، دەمانەوێت ئەو كارە بگەیەنینە ئەنجام، ناشزانین كەی تەواو دەبێت.. بەڵام ئەوەی دەیزانم ئەوەیە كە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین مەترسییەكی ڕاستەقینەن بۆسەر زۆرێك لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە دەبێت بە ڕۆڵی خۆمان هەستین و بەشداریش بە هاوڕێ ئەوروپییەكانمان بكەین.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر