ناوەڕۆكی ئەو پەیامەی ئێران شەوی هێرشە مووشەكییەكە بەئەمریكای گەیاند

جیهان

15/01/2020‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، كە شەوی هێرشە موشەكییەكەی ئێران لە ٨ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ سەر دوو بنكەی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق، ئێران لەڕێگای باڵیۆزخانەی سویسراوە پەیامێكی ئاراستەی ئەمەریكا كردووە.

زەریف لەكاتی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیی لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران وتی: شەوی هێرشەكە لەڕێگای باڵیۆزخانەی سویسراوە پەیامی ئەوەمان بۆ ئەمەریكییەكان نارد، كە ئەو هەنگاوەی ئەوان بەرگری لەخۆكردنە.


وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا ٧ مانگ پێشتر فەرمانی تیرۆركردنی قاسم سلێمانی دەركردووە، هەروەها وتیشی: وڵاتەكەی داوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لەعێراق نەكردووە.

شەوی هەشتی ئەم مانگە ئێران ژمارەیەك موشەكی ئاراستەی دوو بنكەی سەربازی ئەمریكی لەعێراق هەرێم كرد، ئەوەش لەكاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی.

سەبارەت بە بەرنامەی ناوەكی ئێران زەریف ئەوەی وت: ڕێكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز، كە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واژۆ كرا باشترین ڕێكەوتننامە بووە.

هەروەها وتی: وڵاتەكەی وەڵامی نامەكەی سێ وڵاتە ئەوروپاییەكە سەبارەت بە ڕێكەوتننامەی ناوەكی دەداتەوە، كە لە مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٨ ئەمەریكا پاشەكشەی لێكرد و دواتر دەستیكردەوە بە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا.

هەروەك وڵاتانی ئەوروپاشی بەوە تۆمەتبار كرد، كە رێكەوتننامە ناوەكەییەكەیان پێشێل كردووەو وتی: "ئایندەی ڕێكەوتنەكە پیەوەستە بە ئەوروپاوە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی