رێواز فایەق: بەپێی یاسا كەس ناتوانێت دەستبەرداری خانەنشینییەك ببێت بە یاسا پێیدراوە

کوردستان

18/01/2020‌ 1573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بەپێی یاسای خانەنشینی بەركار لەعێراق كەس ناتوانێت دەستبەرداری خانەنشینییەك ببێت، كە بە یاسا پێیدراوە.

سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت: بەڵام ئەگەر بەدەقێكی یاسایی لەیاسایەكی تر، دەستبەرداربوون ڕێكخرا، ئەوا هەركەس لەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە دەتوانن بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی دەستبەرداری مافی خۆیان ببن.

ئەو قسانەی سەرۆكی پەرلەمان لەمیانی روونكردنەوەیەك بووە، كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی پێنج شەممەی رابردوو پەرلەمان یاسای چاكسازی پەسەندكردو بڕگەیەكی تایبەتبوو بەخانەنشینی پەرلەمانتاران.

سەرۆكی پەرلەمان باسی لەوەش كردووە، خانەنشین بوون بۆ هەموو ئەوانەی لەخوار تەمەنی ٦٠ ساڵن لەعێراق و خوار ٦۳ ساڵن لە هەرێم ئیجباری نییە، بەڵام ئەگەر تەمەنی ٤٥ ساڵیان تەواو كردو ۱٥ ساڵ خزمەتیان هەبوو، چ لە عێراق بن یان لە هەرێم دەتوانن خانەنشین ببن، ئەگەر نەیانەوێت خانەنشین ببن، یاسا ناچاریان ناكات بە خانەنشین بوون، بەڵكو دەتوانن بگەڕێنەوە سەر كاری پێشوویان.

هەروەها دەڵێت: سەبارەت بەپەرلەمانتارانی هەموو خولەكانی پەرلەمان، بەپێی بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی (۷)ی یاسای چاكسازی، تەمەنیان هەرچەند بێت و خزمەتیان هەرچەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت،دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەك پەرلەمانتار،و ئەم دەستبەرداربونە ڕێگر نیە لەوەی دواتر بە پێی یاسای خانەنشینی بەركار لە هەرێم(شارستانی یان سەربازیی)،خانەنشین ببن.

روونیشیكردووەتەوە، بۆ هەر بەڕێزێك لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و خولەكانی تر، كە خواستیانە بەم یاسایە خانەنشین نەبن، لە ماوەیەك كە لە (۳٠) ڕۆژ لە ڕێكەوتی بەركاربوونی یاساكە تێپەڕنەكات، دەتوانن لە دیوانی پەرلەمان داوا پێشكەش بكەن.

ئەوەش دەڵێت: یاساكە ڕۆژی یەك شەممە ۱۹ـ۱ـ۲٠۲٠ ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، دوای واژووكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێم، بۆ ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) دەنێردرێت، دوای بەركاربوونی یاساكە، دیوانی پەرلەمان بەڕاگەیەنراوێك دەستپێكردنی وادەی (۳٠) ڕۆژەكە بەشێوەی یاسایی ڕادەگەیەنێت و هەر پەرلەمانتارێك لەو (۳٠) ڕۆژەدا داوای دەستبەرداربوون پێشكەش بكات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت .

هـ ـ ح