مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی هەڵدەبژێرێتەوە

کوردستان

19/01/2020‌ 3300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
پارتی دیموكراتی كوردستان  لەمانگی شەشی ئەمساڵدا كۆنگرەی چواردەیەمینی خۆی ئەنجامدەدات‌و ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێت "لەم قۆناغەدا مەسعود بارزانی بۆ پارتی زەرورییەتەو لەپۆستەكەی دەمێنێتەوە".

ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكە بڕیاریدا لەساڵی 2020 كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموكرات ببەسرێت، كە دەبوو ساڵی 2014 ببەسرایە.

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەشارپرێسی وت: لەكۆبوونەوەی دوێنێی سەركردایەتی بڕیاری ئەوەدرا، كە لەمساڵدا پارتی چواردەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت.

هەروەها وتیشی: پێدەچێت كۆنگرە لەسەرەتایی مانگی شەش ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بەكێشەو گرفتەكانی ناو پارتی ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی  وتی: كۆنگرەكە  كۆنگرەیەكی تەوافوقی  دەبێت، هەموومان  لەسەر ئەوە كۆكین، لەم قۆناغەدا كاك مەسعود زەروریەت و پێویستە، بۆیە كاك مەسعود هەڵدەبژێردرێتەوە، هەرچەندە ئەو خۆشی بڕیاری ئەوەی نەداوە، كە خۆی هەڵبژێرێتەوە".

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە تائێستا ١٣ كۆنگرەی بەستووەو لەساڵی ١٩٤٦بۆ ١٩٧٩مەلا مستەفا سەرۆكی حیزب بووەو لەساڵی ١٩٧٩وە تائێستا مەسعود بارزانی سەرۆكە.