بڕیارە قورسەكەی ترامپ.. شەڕە دواخراوەكەی نێوان ئەمریكا و ئێران

مەلەفی تایبەت

19/01/2020‌ 4985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆرێك بەئاكامی كۆتایی هەڵكشانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریكا و ئێران دڵخۆش بوون.. زۆرێكیش بێئومێدبوون، كە پێیان وابوو شەڕەكە هەر هەڵدەگیرسێت. 

هەندێك پێیان وایە بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندییەكاینان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەنگی نێوانیان حەتمییە، هەندێكی دیكەش پێیان وایە هەڵگیرسانی جەنگە گەورەكان لەسەر شانۆی گۆڕەپانی جیهانی كۆتایی هاتووە.

لە نێوان ئەو دوو بۆچوونەدا، وردەكاری زۆر نادیار هەن و ڕووداوەكانی ئایندە ئاشكرایان دەكەن، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە قۆناغێكی تازەی پەیوەندییە ئاڵۆزە‌كانی واشنتۆن و تاران دەستیپێكردووە.

بۆردومانی ئەمریكی بۆ سەر بنكەكانی حەشدی شەعبی لەكۆتایی 2019،  پەیوەندییەكی پتەوی هەبوو بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقەوە، هەروەها داخرانی ئاسۆی چارەسەری سیاسی و دەرچوون لەتەڵەزگەی پرسی عێراق. بۆ تێگەیشتنی ئەوەی ڕوویدا، تەنیا ئەوە بەس نییە تیشك بخەینە سەر ڕووداوەكانی چەند مانگی پێشوو، بەڵكو دەبێت دیمەنەكە بەوردی بخوێنینەوە و ڕووداوەكانی ساڵانی پێشووش بیرخۆمان بێنینەوە، كە پەیوەستن بەو دۆخەی ئێستاوە. 

دەبێت ئەوەشمان بیر بێت، كە ئەمریكا لە دروستكردنی دوژمنەكان و پارێزگاری لێكردنیان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ زۆر سەركەوتوو باڵادەستە، چونكە هیچ چاودێرێك نییە باوەڕی بەوە نەبێت، كە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بەرپرسی یەكەمن لەبارودۆخەكە بە گشتی و عێراقیش بەتایبەتی. 

ڕووداوەكەی 3-1-2020 ی فڕۆكەخانەی بەغداش تەنیا ئەڵقەیەكی دیكەی زنجیرە سیاسەتەكانی ئەمریكایە بۆ دروستكردنی پشێوی‌و دوژمن لە ناوچەكە، ڕاستە ئەوانەی لە دوو دەیەی پێشوودا سەركردایەتی ئەمریكایان كرد لەجەنگی ئەفغانستان و عێراقدا، ئێستا لە سەنتەری بڕیارسازیدا نەماون واتە (پڕۆژەی سەدەی ئەمریكا PNAC)  بە سەرۆكایەتی هەریەك لەدیك چینی، دۆناڵد ڕامسفێڵد، پۆڵ وڵفویتس، بەڵام هەموو دۆخی ئەمریكا ئاماژەن بۆ ئەوەی بیرۆكەی ئەو سێ كوچكەیە هێشتا بوونی ماوە. 

بەشێوەیەك كاریگەری ئەو ڕەووتە فكری و سیاسییە، هێشتا لەناو داڵانەكانی پارتی كۆماریدا كارایە، هەموو پێنوێنەكان ئاماژە بەوەش دەدەن، پشتیوانی بۆ هێرشكردنەسەر ئێران لەئارادا بووە - سەرباری ئەوەش‌، كە ڕەووتی ترامپیزم ئارەزووی جەنگیان نەدەكرد – بەڵام نەتوانرا بەر بەو لێدانە سەربازییە‌ بگیرێت.

پشتیوانی لیندسی گراهام زەق و ڕاشكاو بوو بۆ بریارەكەی‌ ترامپ بەكوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس (لەرۆژی 3ی ئەم مانگە لەفڕۆكەخانەی بەغدا بەموشەكی ئەمریكی كوژران)، بڕیارەكەش هەستیار و مەترسیدار بوو. 

چاوەڕوان نەدەكرا ترامپ، كە لە كاتی پشووی خۆیدا بوو لە یەكێك لە شوێنەكانی حەوانەوەی خۆی، بڕیارێكی لەو شێوەیە پەسەند بكات، بۆیە گۆمان هەیە ئەو بڕیارە یەكسەر نەدرابێت، بەڵكو پێش ماوەیەكی كەم لە لێدانە سەربازییەكە‌ ئامادەكاری بۆ كراوە.

هەرچەندە بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ترامپ شكایەوە، ڕووداوەكەش بە ئاراستەی هەڵگیرسانی شەڕ و قورتوقولاپكردن بوو دژ بەدیموكراتەكان و دەرخستنی بەهێزی كۆمارییەكان، كە لەو پرسەدا هەردووكیان دوای ترامپ كەوتن. 

هەروەها نانسی بیلۆسی تووشی پەشۆكان كرد لەوەی بەردەوام بێت لەسەر خستنەڕووی پڕۆژەی لەكارخستنی ترامپ بۆ بەردەم ئەنجوومەنی پیران، ئەمە جگە لەوەی سازانی هەرسێك دەزگای پنتاگۆن و سی ئای ئەی و وەزارەت دەرەوە لەمەڕ لێدانێكی بەهێزی سەربازی دژ بە ئێران، ئاماژەیە كە ئەمریكا سڵ لە هەڵگیرسان و پشێوییەكانی جەنگ ناكاتەوە.

بۆیە كوشتنی سلێمانی هەوڵێكی سیمبولی بوو بۆ دەستپێكردنی سیاسەتێكی ئەمریكی تازە دژ بە ئێران بۆ بەرگرتن و سنورداركردنی هەژموونە سیاسییەكەی لە ناوچەكە. 

ئەمەش بانگەشەیەكی ئاشكرایە، كە پێویستە ئێران بگەڕێتەوە ناو جوغزی بازنەی ملكەچی ئەمریكا – ئیسرائیل، لە هەمان كاتیشدا لێدانەكە بۆ دروستكردنی ناهاوسەنگی بوو لەنێوان دووجەمسەری مەزهەبی و سیاسی لەجیهانی ئیسلامی، كە پشكداری دەكەن لە سەرهەڵدانی پشێوی و نائارامی دوورمەودا، بۆیە ئاماژەكانی ئەو ڕووداوە قووڵن و بۆ كات و ساتێكی دیاریكراوی كورتمەودا نین، ئەو هەنگاوە سیاسەتی گیسكەكەی‌ هەیاس (داردەست و گێزەر) ی ئابووری و سیاسی ئەمریكی كۆتایی پێهێنا و دۆخەكەی بردە قۆناغی كاری ڕاستەوخۆی سەربازییەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە كوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئاماژەیە ئەمریكا شكستیهێناوە لە پیادەكردنی ستراتیژییەتی  دەورەدان و كۆنتڕۆڵكردنی عێراق، بۆیە پەیوەندی ئەمریكا بە دەستەبژێرە سیاسییە عێراقییەكان پشێوی زۆری تێدەكەوێت و دەچێتە قۆناغێكی تازەوە، پەیوەندییەكانی ئەمریكاش بە سەركردە شیعەكانی عێراق زۆر كزو لاواز دەكات، لەوانەشە ڕووداوەكان بە هەڵگەڕانەوەی سەربازی لەعێراق كۆتاییان پێ بێت و ئەمریكا ڕاستەوخۆ عێراق داگیر بكات، بۆیە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكایان دەركرد، هێشتاش ئەو ڕووداوە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كاردانەوەی زیاتری بەدوادا دێت.

كوشتنی سلێمانی ئاماژەیەكی دیكەشی هەیە، كە ئەمریكییەكان دەڵێن هاتووەتە عێراق بۆ ئامادەسازیكردن بۆ لێدان لەبەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، ئێرانیش دەڵێت: بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە چووەتە عێراق. 

ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە سلێمانی چاودێریكراو  و بەردەست بووە، چونكە لەڕووی تەكنیكییەوە ئەو كردەیە پێویستی بە ئامادەسازی و وەرگرتنی ڕەزامەندی ترامپ هەیە، ئامادەسازییە سەربازییەكانیش بە لایەنی كەمەوە چەند كاتژمێرێكیان دەوێت. 

ئەمەش واتای ئەوەیە هەر لە فڕۆكەخانەی دیمەشقەوە یاخود لە پێشووتریشەوە، جوڵەكانی سولەیمانی چاودێریكراو بوون، ئەمەشیان واتای كارایی و پڕۆسەی چاودێریكرنە ئاسمانییە‌كە دەگەیەنێت، ئەم لێدانە سەربازییە گومانیش دەخاته ‌سەر ڕوسیا، كە زاڵە بەسەر ئاسمانی دیمەشقدا، لەوانەشە بەلایەنی كەمەوە ئیسرائیل ئاگاداری جوڵەی فڕۆكەكەی سولەیمانی بوو بێت. ئەمە جگە لەوەی بە نیمچە دڵنیاییەكەوە دەكرێت بڵێین كە قەتەر‌یش ڕۆڵی لۆجستی بینییوە.

لەڕووی دیدگایەكی تەكنەلۆجی ڕووتەوە دەكرێت بوترێت، كە وێرانكردنی كەژاوەكەی سلێمانی بە هۆی موشەكی "درون" ەوە پەیامێكە بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی، كە تەكنەلۆجیای سەربازی ئەمریكا گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز و پێویستی بە تاكە ڕەگەزێكی مرۆیی نەبوو لە ئەنجامدانی كردەوەكەدا، بەڵكو ڕۆڵە سەرەكییەكە بۆ تەكنیكی داتا و تەكنەلۆجیا بووە لە ئاراستەكردنی چەكە كوشندەكان، كەواتە ئەمریكا بای ئەوە تەكنیكی جەنگی هەن جوڵەی دەوڵەتێكی پێ پەكبخات.

پوختەی قسە ئەوەیە ئیدارەكەی ترامپ بە هەماهەنگی پنتاگۆن و دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا بڕیاری جەنگی دژ بە ئێران دەركردووە، بەڵام توندی و وێرانكاری جەنگەكە پەیوەستە بەوەڵامدانەوەی چاوەڕوانكراوی ئێرانەوە، واتە لە كۆتاییدا بڕیاردانی جەنگە لەدەست ئێران دایە، پەیوەستە بەو شێوازەی وەڵامی ئەمریكای پێ دەداتەوە. 

وڵامی ئێرانیش خێرا بوو، بۆ هەندێك لە چاودێران چاوەڕوانكراو نەبوو، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوەكە پەیامێكی ئاشكرا و ڕوون بوو، بەڵكو داواكارییەكی ڕوونی دواخستنی جەنگەكە بوو، بەڵام شیمانەی (ئیحتمال) ململانی لەسەر خاكی عێراق بە كراوەیی هێشتووەتەوە.

سەرچاوە: ئەلمەركەز ئەلكوردی للدراسات 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر