پلانەكەی ترامپ هەڵوێستی روسیا لە جیهانی ئیسلامیدا بەهێز دەكات

لە میدیاکانەوە

03/02/2020‌ 1141 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (فزغلیاد) راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە دەربارەی بە دڵنیایی شكستهێنانی (مامەڵەی سەدە) و گەورە بوونی روڵی روسیا لە چارەسەكردنی پرسی فەلەستیندا.

بەپێی راپۆرتەكە، پەرچەكرداری جیهانی ئیسلامی سەبارەت بە مامەڵەی سەدە زۆر نێگەتیڤ بوو، و هیچ یەكێك لە دەسەڵاتدارانی عەرەب پشتیوانی دابڕانی قودسی لە موسڵمانان نەكرد. رۆژی شەممەش لە لوتكەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب لە قاهیرە جیهان بەگشتی ئەمە دەبینێت.

هەر بەپێی ڕوون و ئاشكرایە، بۆ روسیا باش نییە راستەوخۆ مامەڵەی سەدە ڕەت بكاتەوە، ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەو پەیوەندیە دیبلۆماسیەی لە نێوان پۆتین و ترامپدا هەیە. بەڵام، دوای كۆبونەوەكەی رۆژی شەممەی وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی، دەكرێ مۆسكۆ بەهۆی هەڵوێستەكانی عەرەبەوە پاساوی خۆی هەبێت؛ چونكە ئەوان پلانەكەی ترامپ رەت دەكەنەوە.

روسیا پشتیوانی پلانەكەی ترامپ ناكات، بەڵام پشتیوانی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی فەلەستین و ئیسرائیل دەكات بە بەشداری یاریچییە جیهانییە سەرەكییەكان، واتە ئەوروپا و ئەمریكا و روسیا، سەرەرای كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی كە خۆی لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا دەبینێتەوە. 


لە كۆتاییدا، سەرجەم یاریچییەكان دێن، بە راستەوخۆ نا، بەڵكو دوای گۆڕینی حكومەت لە ئیسرائیل (رۆیشتنی ناتانیاهۆ) و راوێژكردنێكی دورودرێژ. بەڵام بە شێوەیەكی تایبەت، گروپی چوارقۆڵی بۆ نێوەندگیری نێودەوڵەتی ئیسرائیلی و فەلەستینیەكان بەلای كەمەوە لەسەر مێزێك كۆدەكەنەوە هەتا ئەگەر بۆ دانوستانیش نەبێت. دیارە پلانەكەی ترامپ ناچێتە سەر ئەو مێزە، لەگەڵ ئەوەی شتێكی بێ سودیش نیە.

لە واقیعدا، پرۆژەی مامەڵەی سەدە دەبێتە دیاریەك بۆ بەرزكردنەوەی نرخی روسیا نەك ئیسرائیل. دیارە ئەنجامی شكستهێنانی دەستپێشخەری ئەمەریكا، گرنگی پێدانی جیهانی ئیسلامی بە شیوەیەكی فراوان بە روسیا زیاد دەكات. چونكە روسیا تەنها هێزی جیهانیە كە ئامادەگیەكی بەهێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، و پارێزگاری لە پەیوەندیەكانی دەكات لەگەڵ هەر یەك لە فەلەستینیەكان و ئیسرائیل. یەكێتی ئەوروپاش دەیەوێ هەمان رۆڵ ببینێ، بەڵام شكستی هێنا (یان تا ئێستا نیەتی) لە دەستپێشخەری سیاسەتی دەرەوە؛ نەك بە تەنها لە كێشەی فەلەستینیەكاندا.

دیارە مۆسكۆ تەنیا شوێنە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی فەلەستین پێكەوە بەشدار دەبن لە نمایشی رۆژی سەركەوتن لە 9ی مایۆدا. پۆتینیش هەوڵی ئەوە نادات كۆبونەوەكەیان بۆ مەبەستی گفتوگۆكردن دەربارەی پلانەكەی ترامپ رێكبخات، بەڵكو زیاتر بۆ پێشنیار كردنە تاكو ببێتە نێوەندگیر بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا