ئەفسەرێكی تورك وردەكاری دڕندەیی ئەشكەنجەدانی لەناو گرتوخانەكانی توركیا دەگێڕێتەوە

لە میدیاکانەوە

08/02/2020‌ 1877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەفسەرێكی تورك چەند ساڵ خزمەتكردنی لەناو دامەزراوەی سوپا و دژایەتیكردنی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ نەبوونە هۆی ئەوەی لەدەستی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی دەوڵەتی توركیا پارێزراو بێت، بەڵكو وەك دەیان هەزار كەسی تر خۆی لە كونجی ئەو زیندانەدا دۆزییەوە، كە هەرگیز رۆژێك لە رۆژان بە خەیاڵیش بیری لێنەدەكردەوە.

بەگوێرەی پێگەی " Nordic Monitors "ی سویدی تایبەتمەند بەكاروباری توركیا، ئەفسەرێكی تورك بەناوی ئەرسۆی ئۆز هەندێك وردەكاری ئەو ئازار وئەشكەنجەیەی باسكردووە، كە لەماوەی چەند رۆژێكدا لەژێرزەمینەكانی هەواڵگری توركیا بەسەری هاتووە.

ئەفسەرە توركەكە پلەی موقەدەمی هەبووە و لەنێوان ساڵەكانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٣ لەنووسینگەی پلاندانانی سەربازی سەر بە هاوپەیمانی ناتۆ كاری كردووە .

ئۆز لە مایسی ساڵی ٢٠١٦ وەك فەرماندەی كەتیبەی توركی جێگیر لەقەتەر دامەزراوە، لە ١٥ی تەمموز و پێش دەستپێكردنی كودەتاكە بەمەبەستی تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی دامەزراندنەكەی سەردانی فەرماندەی ئەركانی سوپا دەكات لە ئەنقەرە .

ئەرسۆی لە ١٥ ی تەمموز بە ئۆتۆمبیلە تایبەتەكەی خۆی و بە جلی مەدەنییەوە دەگاتە بارەگای فەرماندەی سوپا، بەڵام ئەفسەرێكی گەورە باس لەوە دەكات زانیاری هەواڵگریان هەیە، كە پێویست دەكات ڕێوشوێنی توند لە دەوروبەری بارەگاكە بگرنەبەر، بۆیە داوا لە ئەرسۆی لێدەكات بۆ پاراستنی بارەگاكە لەوێ بمێنیتەوە .

بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەكان دەردەكەوێت، كە ئەرسۆی بەشداری لەپاراستنی بارەگای سوپا دەكات لە ئەنقەرە.

دواتر هێزەكانی سەر بە هەواڵگری توركیا ژمارەیەك ئەفسەری باڵای سەربازی بەرەو بنكەیەكی ئاسمانی لەنزیك ئەنقەرە دەبەن و داوا لەو ئەفسەرە دەكەن، كە هاوڕێیەتی ئەو كەسانە بكات، لەوكاتەدا و لەگەرمەی ئەو نائارامیانەی بەهۆی رووداوەكانی كودەتاكە دروست بوون ئەرسۆی هەستی بە بوونی شتێكی گوماناوی دەكات بۆیە خۆی لەدەستی هێزەكانی سەر بە هەواڵگری دەرباز دەكات، بەڵام دواتر دەستگیر دەكرێتەوە.

بەگوێرەی گەواهییەكانی ئەفسەرە توركەكە، هەردوو دەست و هەردوو چاوی بەستراوە و خراوەتەوە ژوورێكی دەنگبڕەوە، دواتریش ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە و لەكاتی وتەلێوەرگرتنی تەزووی كارەبای لێدراوە.

سەبارەت بە راددەی توندی ئەشكەنجەدانەكەی ئەفسەرەكە دەڵێت: تەزووی كارەباییان لە چەندین شوێنی جەستەم دەدا لەوانە ئەندامی زاوزێم، ئەوكاتەی خاولی تەڕیان دەخستە سەر دەمم و توانای هەناسەدانم نەدەما لێیان دەدام.

لەدوای تەوابوونی گەڕێكی ئەشكەنجەدانی، رادەستی بنكەیەكی پۆلیس لە ئەنقەرە دەكرێت، پێش ئەوەش ئازاد بكرێت چەندین جار بە قۆنداغە تفەنگ و شێوازی تر ئەشكەنجەیانداوە.

لەئەنجامی ئەو ئازار و ئەشكەنجە بەردەوامەی تووشی بووە، ئەرسۆی ١٥٠ نیشانەی سووتان و جێ برین بەسەر جەستەیەوە، جگە لەوەی بەدەست ئازاری ماسولەكان و بڕبرەی پشتی و ئازاری میز و میزەڕۆیەوە دەناڵێنێت . 

پێگە سویدییەكە باسی لەوەش كردووە، ئەفسەرە توركەكە بەهۆی ئەو ئازار وئەشكەنجەیەی تووشی بووە سكاڵایەكی رادەستی نووسینگەی داواكاری گشتی لە ئەنقەرە كردووە ، بەڵام داواكاری گشتی وەڵامی سكاڵاكەیان نەداوەتەوە ، دواتریش جارێكی تر هەمان سكاڵای بەرزكردۆتەوە ، بەڵام ئەویش هیچ ئەنجامێكی نەبووە . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی