ویلایەتێكی ئەمەریكا كار بۆ بەیاساییكردنی فرەژنی دەكات

هەمەڕەنگ

15/02/2020‌ 1256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ویلایەتی یۆتای ئەمەریكی كار لەسەر هەڵوەشاندەوەی بەتاوان دانانی فرەژنی دەكرێت، كە هێشتا لەناو هەزاران خێزانی ئەو ویلایەتە پەیرەو دەكرێت‌و  بە زێدی تائیفەی مۆرۆمۆن هەژمار دەكرێت.

ئامانج لە پرۆژەكە هەمواركردنەوەی یاسایەكە، كە لە ساڵی ٢٠١٧ دەرچووە و بەپێی ئەوە فرەژنی بەتاوان هەژمار دەكرێت و سزاكەی بریتییە لەپێنج ساڵ زیندانی كردن، ئەگەر بێت و توندوتیژی و خراپ مامەڵەكردنیشی لەگەڵ بێت ئەوە سزاكەی دەگاتە ١٥ ساڵ.

بەپێی پرۆژە یاسا نوێكە، كە سیناتۆر دیدری هندرسۆن بەرزی كردووەتەوە هیچ باسی بابەتەكانی وەك توندوتیژی و مامەڵەی خراپ و تاوانەكانی تری نەكردووە، بەڵكو تەنیا فرەژنی لەنێوان كەسە پێگەیشتووەكاندا ڕێكخسووە و بەتەنیا بەتاوانێكی سادەی هەژمار كردووە، كە سزاكەی دەگاتە ٧٥٠ دۆلار، كە ئەو سزایە لە هەندێك سەرپێچی وەك سەرپێچییەكانی هاتووچۆش كەمترە .

ڕێكخراوی ناحكومی "ساوەند چویسز كوالیشن"، كە دژایەتی فرەژنی دەكات پرۆژە یاساكە بەوە تۆمەتبار دەكات، كە ئەو هەزاران ژن و پیاو و منداڵە ناپارێزێت، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە وا پرۆگرام كراون بەوەی لەبەرانبەر فرەژنیدا بێدەنگی و گوێرایەڵی هەڵبژێرن .

لەبەرانبەردا ڕێكخراوی "ئەكلو"، كە لەبواری مافەكانی مرۆڤدا كار دەكات لەژێر ناوی "ئازادی ئاین و بیروباوەڕ"  بەرگری لەپرۆژە یاساكە دەكات ، بەجۆرێك پارێزەر مارینا لۆی ئەندامی ڕێكخراوەكە لە ویلایەتی یۆتا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، كە ئێمە پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەتاوان دانانی فرەژنی دەكەین، لەبەر ئەوەی ئەوە بابەتێكە پەیوەندی بەڕەزامەندی دوولایانەوە هەیە.

هەرچەندە دەسەڵاتی دادوەری لە ویلایەتی یۆتا سزای ئەو كەسانە دەدەن، كە فرەژنی دەكەن ، بەڵام هێشتا ئەو بابەتە لەو ویلایەتە جێگای مشتومرەو ژمارەی دانیشتوانەكەی سێ ملیۆن كەسەو لەسەدا ٦٠ی خەڵكەكەی سەر بە تایەفەی مۆرۆمۆنن و فرەژنی بەلای ئەوانەوە پاساوێكی ئاینی هەیە.

لەئەمەریكا لەساڵی ١٨٩٠ وە  كەنیسە لەژێر گوشاری حكومەتی فیدراڵی فرەژنی قەدەغەكرد، بەڵام لەوكاتەوە هەزاران كەسی توندرەو پەیرەوی لێدەكەن، بەجۆرێك ئەو خێزانانە نەك هەر شەرمی لێناكەن، بەڵكو بەشداری لەو بەرنامانەدا دەكەن كە لەسەر ئەو پرسە ئامادە دەكرێن.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی