توركیا پێگە شوێنەوارییەكانی سوریا وێران دەكات

جیهان

15/02/2020‌ 633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەحمود حەمود بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و مۆزەخانەكانی سوریا دەڵێت: توركیا ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە لەو وێرانكاری و كاولكارییەی تووشی ئەو پێگە شوێنەواریانە هاتوون، كە كەوتوونەتە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە خۆی لە ئیدلب و حەلەب . 

حەموود دەشڵێت: لەپارێزگای ئیدلب ٨٠٠ ناوچەی شوێنەواری لێیە، كە مێژووكەیان بۆنێوان سەدەی یەكەم و حەوتەمی زاینی دەگەڕێتەوە، بەڵام هەموو ئەو پێگانە تووشی دزین و تاڵانی و كاولكاری هاتوون.

سەبارەت بە رۆڵی توركیا لەپرۆسەكانی دزین و تێكدانی پێگە شوێنەوارییەكان، حەموود ئەوەش دەڵێت: توركیا رۆڵیكی گەورەی گێراوە لەو وێرانكاری و دزییەی تووشی پێگە شوێنەوارییەكانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی گرووپەكانی سەر بەخۆی بوون . 

بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوارەكانی سوریا باسی لەوەش كردووە، كە توركیا نەك هەر لە پرۆسە ڕێكخراوەكانی وێرانكردنی شوێنەوارەكان‌و گەڕان و دەرهێنانی هەڕەمەكیانەدا ئاسانكاری كردووە، بەڵكو خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری لەو پرۆسانەدا كردووە.

حەموود ئاشكرایكردووە، كە بە بەڵگە ئەوەیان دیكۆمێنت كردووە، كە چۆن سوپای توركیا لە گرد و گردۆلكەكانی عفرین بە ئامێری گەورە شوێنەوارەكانی وێران كردووە و بەدوای پەیكەر و گەنجینە و پارچەی شوێنەواریدا گەڕاون و بردوویانن، كە ئێستا لە ئیدلبیش بەهەمان شت دەكەن و پارچە شوێنەوارییەكانی سوریا دەردەهێنن و دواتر دەیانبەنە توركیا و لەوێوە رەوانەی بازارە جیهانییەكانیان دەكەن.

بەقسەی حەموود دەسەڵاتدارانی توركیا دەستیان بەسەر زیاتر لە ٣٠ هەزار پارچەی شوێنەواری سوریدا گرتووە و لەگەڵ ئەوەی لەلای دامەزراوە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بەو بابەتە سكاڵایان تۆماركردووە و داوای گێرانەوەیان كردوون، بەڵام ئەوان رەتیانكردووەتەوە ئەو شوێنەوارانە رادەستی سوریا بكەنەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی