پێویست دەكات روسیا چاوەڕوانی ئەوە بكات ئەردۆغان خەنجەرێكی نوێ لەپشتی بدات؟

ڕاپۆرت

18/02/2020‌ 1505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (فزغلیاد) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ترسی روسیا لە ناپاكیەكی توركیاو خۆ ئامادەكردنی مۆسكۆ بۆ ئەو بابەتە.

بەپێی راپۆرتەكە، رۆژی چوار شەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان پۆتین و ئەردۆغان ئەنجامدرا دەربارەی دۆخی ئیدلب.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەردوو وڵات گلەیی لە یەكتری دەكەن، لە چەند رۆژی دواییشدا بەرپرسانی توركیا گەڕانەوە سەر باس و خواسی پشتیوانی ناتۆ، هەروەها ئەردۆغان بەدووری نازانێت لە بارەی ئیدلبەوە گفتوگۆ لەگەڵ ترامپ ئەنجام بدات. 

لەراپۆرتەكە پرسیاری ئەوە كراوە، كە ئایا پێویستە چاوەڕوانی جەنجەرێكی نوێی ئەردۆغان بكرێت، هەروەك لە 2015 دا روویدا، كاتێ توركەكان فرۆكەیەكی سو-24 ی روسییان خستە خوارەوە؟

لە رووی پراكتیكییەوە نموونەی ئەو جۆرە روداوانە بە دووردەزانرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان نیازی ئەوەی هەیە دەست بگرێت بەسەر باكووری سوریا و بەشێك لە پارێزگای ئیدلب، بەڵام پەیوەندییەكانی لەگەڵ روسیا تێكنادات بەهۆی لەدەست دانی هەندێك بەشی خاكی سوریا. 

هاوكات لێدوانە توندەكانی روونن، كە دۆخەكە لە سوریا زۆر گرنگە بەلای توركیاوە، جا بەهۆی هۆكاری سیاسەتی دەرەوە بێت یان ناوخۆ، ئەمە جگە لە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی، دەست بەسەراگرتنی هەموو خاكی سوریاش لەلایەن ئەسەدەوە بابەتێكی یەكلاكراوەیەو دەبێ رووبدات. 

بەڵام بەرژەوەندی ئەردۆغان لەوەدایە ئەو پرۆسەیە درێژە بكێشێت و ئەو ناوچانە نەگرێتەوە، كە توركیا دەیەوێت لە ژێر چاودێری خۆی بمێنێتەوە، كە ئەردۆغان دەیەوێت دەسەڵاتی بەسەر بەشێك لە سوریادا هەبێت بۆ ئەوەی پەنابەرەكانی بۆ بگەرێنێتەوەو چەكیش لە دەستی كوردەكان دەربێنێ.

لای خۆیەوە، روسیا ئامادەیە بەرژەوەندیەكانی توركیا لەبەرچاو بگرێت، بەڵام دەبێ بەباشی لەوە بگات دیمەشق نیازی ئەوەی هەیە یەكپارچەیی خاكەكەی بە زوترین كات بەدەست بهێنێتەوە. 

لەگەڵ ئەوەی رێككەوتنەكانی سوچی لە ساڵی 2018 دا سنوری ناوچەكانی هەژمونی لە ئیدلب دیاری كردوە، بەڵام روون بو كە ناكرێ تا هەتایە وابێت.

بەم شێوەیە، لەگەڵ ئەوەی سوریا بۆ توركیا زۆر گرنگە، بەڵام ئەردۆغان مەترسی بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ روسیا دروست ناكات، هەفتەی رابردوو وتی: دەست پێشخەری زۆر ستراتیژی و گرنگمان لەگەڵ روسیادا هەیە، و باسی لە وزەی ئەتۆمی  و هیڵی غاز و ئێس-400 ی كرد، و ئاماژەی بەوەدا، پێویستمان بەوە نییە بچینە ململانێیەكی مەترسیدارەوە لەگەڵ روسیا بەتایبەتی لەم قۆناغەدا. دیارە هیچ گومانی تێدا نیە سەرۆكی توركیا بە تەواوەتی هەستی بەوە كردوە ڤلادێمیر پۆتینیش هەمان ئاراستەی ئەوی هەیە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا