خراپی دۆخی ئابووری بە هۆكار دەزانرێت.. لەتوركیا دیاردەی خۆكوشتن زیادیكردووە

جیهان

18/02/2020‌ 391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، كە لەمدواییەدا حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە توركیا بەشێوەیەكی ترسناك زیادیان كردووە، كە لەوەدا خراپی دۆخی ئابووری و دەستەوەستانی حكومەت لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری بە هۆكار دەزانرێت.

رۆژنامەی "جمهوورییەت" ی توركی بڵاویكردەوە، كە پیاوێكی سی و حەوت ساڵی دوای ئەوەی نەیتوانیوە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەری بداتەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

پیاوەكە وەك شۆفێر كاری كردووە، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی قەرزدارییەوە تووشی خەمۆكی بووە لەناو شوقەكەی خۆیدا لە شاری قۆنیا  خۆی هەڵواسیوە و لەدوای خۆشی هاوسەر و دوو منداڵی بەجێهێشتووە.

چەند رۆژێك پێش ئەو رووداوە پیاوێكی تر لە شاری هاتای لە باشووری توركیا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا ، ئەویش دوای ئەوەی لەبەردەم دامەزراوەیەكی حكوومی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و داد و سكاڵی ئەوەی هەبوو كە بەهۆی لەدەستدانی كارەكەی ناتوانێت نان بۆ منداڵەكانی پەیدا بكات . 

پێگەی "ئەحوال"ی توركی بڵاویكردەوە، كە زۆرینەی ئەوانەی لەساڵی ٢٠١٩ دا پەنایان بردووەتە بەر خۆكوشتن بەهۆی هەژاری و بێكارییەوە بووە.

لەدوای دروستبوونی ئەو قەیرانە دیبلۆماسییەی بەهۆی دەستگیركردنی قەشەی ئەمەریكی قەشە ئەندرۆ برۆنسۆن و قەیرانی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی لەنێوان توركیا و ئەمەریكادا دروست بوو دراوی توركی لەسەدا ٣٠ بەهاكەی خۆی لەدەستدا و رێژەی بێكاریش بۆ ١٤% بەرزبۆوە . 

ئۆپۆزیسیۆنی توركیا رایگەیاندووە، كە تەنیا قەیرانی دیبلۆماسی نێوان توركیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هۆكاری خراپی دۆخی ئابووری توركیا نییە ، بەڵكو دەرئەنجامی چەند فاكتەرێكی تریشە لەپێشیانەوە سیاسەتە هەڵەكانی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار . 

هەروەها كەماڵ كڵیچدار ئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار پێشتر باسی لەوە كردبوو، كە ئەو قەیرانە داراییەی لەتوركیادا هەیە بەهۆی نەبوونی چاكسازییە پێویستەكان و نەبوونی شەفافییەتن لە توركیادا ، بەجۆرێك دانانی بیرات ئەلبیرق زاوای ئەردۆغان بە وەزیری دارایی نیگەرانییەكی زۆری لەناو بازرگان و خاوەن كارەكانی توركیادا درووست كردووە . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵ