روسیا و توركیا و ئێران ئیمپراتۆریەتەكانیان زیندوودەكەنەوە

مەلەفی تایبەت

20/02/2020‌ 1820 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روسیا و ئێران و توركیا هەوڵی ئەوە دەدەن بگەڕێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مێژووی سەد ساڵ لەمەوپێش و ئێمپراتۆریەتەكانی پێشوویان زیندووبكەنەوە، ئەمەش لەسەر حسابی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی وڵاتە عەرەبیەكان.

ئەو سێ وڵاتە لەلایەن سێ سەركردەی سەركوتكەرەوە ڕێبەرایەتی دەكرێن ئەوانیش: ڤلادیمیر پۆتین و رەحەب تەیب ئەردۆغان و رابەری شۆرشی ئیسلامی عەلی خامنەیی، كە خەونی ئیمپراتۆریەتی قەیسەری سۆڤێتی و عوسمانی و فارسی لە مێشكیاندایە.

سێ وڵاتەكە، لەگەڵ ئەوەی هاوكاری و رێككەوتن هەیە لەنێوانیاندا بۆ هەندێك پرس و بەجێگەیاندنی بەرزەفڕیەكانیان، بەڵام لە راستیدا ئەوان دوژمنی یەكترین.

رۆژنامەكە وای داناوە جیاوازی زۆر لەنێوان ئەو سێ ئیمپراتۆریەتەو ئەمریكادا هەیە، لە كاتێكدا  ئەمریكا زلهێزێكی جیهانییە و لەگەڵ ئەوەی سەرۆكەكەی دۆناڵد ترامپ سیاسەتی كشانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەكات، ئەمەش بواری زۆر دەڕەخسێنێ بۆ ململانێی نێوان هێزە گەورەكان، لە هەمان كاتدا ئەو سێ وڵاتە هەوڵی فراوانكردنی هەژمونەكانیان دەدەن.

چاوتێبڕینەكانی روسیا 
رۆژنای جیرۆزالیم باسی لەوە كردووە ئەو سێ ولاتە وای دەبینن، كە دەوڵەتە عەرەبیەكان لاوازن و دەكرێ بقۆزرێنەوە، بۆ نمونە روسیا بەردەوام دەیەوێ بەندەری هەبێت لە ئاوە گەرمەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەكە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە لاوازیی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا باراك ئۆباما دەرفەتی بۆ پۆتین رەخساند تاكو ئەمە بكات، كاتێ هێڵی سوری خۆی راگەیاند سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن رژێكی ئەسەدەوە، پاشان بواری دا بە پۆتین بگاتە سوریا بۆ ئەوەی  نێوەندگیری بكات و چەكەكان لە دەستی ئەسەد دەربهێنێ.

پۆتین توانی بەندەرو فڕۆكەخانەی لازقیەی چنگ بكەوێ، و دوای ئەوە بەشداری شەڕی كرد شان بەشانی هێزەكانی ئەسەد و لە شكستێكی ئاستەم رزگاری كرد، و ئێستا سوریا بۆتە بە فیعلی بۆتە شوێنكەوتەی روسیا، و پۆتین بڕیاری لە چارەنوسی دەدات.

هەژموونی ئێران
ئێران یەكێكی ترە لەوڵاتە چالاكەكان لە گۆرەپانی سوریادا و دەیەوێ جێپێیەكی لەو وڵاتە هەبێت، ئەویش لە میانی جەنگی سوریا و لەپاڵ رژێمی ئەسەددا، هەروەها دەیەوێ پەیوەندیەكانی لەگەڵ رژێم بقۆزێتەوە بەهۆی ئینتیمای بۆ كەمینەكانی عەلەوی لە سوریا كە لە رووی ئایدۆلۆجیەوە لەگەڵ مەزهەبی شیعەی ئێراندا رێكن.

رۆژنامەكە دووپتیدەكاتەوە كە مەزهەبی شیعە بۆتە پەردەیەك بۆ ئێران تاكو هەژمونی خۆی لە ناوچەكە بگەڕێنێتەوە و دەست بگرێتەوە بەسەر بەشێك لە ئیمپراتۆریەتی كۆنی فارسیدا، دیارە لە بەدی هێنانی هەندێ لە ئامانجەكانیشیدا سەركەوتو بوە. ئێران لە ئێستادا هەژمونێكی باشی لە یەمەن هەیە و پشتیوانی حوسیەكان دەكات، لە عێراقیش دەستی بەسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و میلشیا شیعەكاندا هەیە، سەرەرای ئەوەی لە لوبنان حزبوڵا وەكیلایەتی بۆ دەكات.

توركیا
هەرچی توركیایە لە سەردەمی ئەردۆغاندا، زۆر دورە لەو توركیا دیموكراتیەی رۆژئاوا كە ئەتاتورك پێشبینی بۆ دەكرد. ئەردۆغان مەزهەبی سونە بەكاردەهێنێ بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، و چۆتە نێو زەلكاوی سوریاوە و توانیویەتی هێزە كوردیەكان لاواز بكات و دەستی بەسەر 30 كلم لە خاكی سوریادا گرتوە بە بیانوی پەنابەرە سوریەكان لە وڵاتەكەی.

كۆتا جوڵانەوەشی لە لیبیا بوو، كە رەزامەند بوو لەسەر پشتیوانی كردنی حكومەتی شەرعیەتی گریمانەكراو لە تەرابلس لە بەرانبەر مافی قۆستنەوەی نەوت لە دەریای ناوەڕاست، لەهەمان كاتدا، روسیا پشتیوانی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر دەكات لە بەنغازی.

سەرچاوە: الحرە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا