فەرەنسا بۆ ڕێگریكردن لە دەستوەردانی بیانی فێربوونی زمانی توركی رادەگرێت

جیهان

23/02/2020‌ 1675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیمانوئێڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا لەلێدوانێكدا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، ئەگەر بێت و فەرەنسا لەگەڵ توركیا و وڵاتانی تر نەگات بەڕێكەوتن ئەوە لە سێپتەمبەری ئەمساڵەوە فێركردنی زمان و كولتوورە  بیانییەكان لەناویشیدا زمانی توركی لە سەرجەم خوێندنگاكانی ئەو وڵاتە رادەگرێت.

بە قسەی ماكرۆن ئامانج لەوە بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی بیانییە لە خوێندنگا و مزگەتەكانی فەرەنسا، كە هەندێك لە گرووپەكان هەوڵ دەدەن خۆیان لە سیستەمی سیكۆلاریانەی كۆماری فەڕەنسا جیابكەنەوە و بەناوی ئاینەوە ڕێز لە یاساكان نەگرن.

لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەكەدا، كە لەساڵی ١٩٧٧ وە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوە ناردنی مامۆستایان بۆ فەڕەنسا تا وانەكانی زمان و رۆشنبیری بێ دەستوەردانی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بڵینەوە كۆتایی پێدێنێت، كە بەرنامەكە نۆ دەوڵەتی دەگرتەوە، كە لەناویاندا توركیا ، تونس ، مەغریب ، جەزئیر ، بەرنامەكەش ساڵانە خزمەتی ٨٠ هەزار خوێندكاری دەكرد.

سەرۆكی فەڕەنسا وتی: حكومەت ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی دەرەكییە لە مزگەوت و خوێندنگاكانی فەرەنسا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە فەڕەنسا نایەوێت ئاینی ئیسلام بەئامانج بگرێت و كێشەكەش لە مسوڵمانەكانی فەڕەنسادا نییە . 

ماكرۆن وتیشی: ئەو مامۆستایانەی دێنە فەرەنسا لەژێر چاودێریدا دەبن، دەبێت زمانی فەرەنسی بزانن و ملكەچی یاساكانی فەڕەنساش بن . 

لەماوەی دوو مانگی رابردوو فەرەنسا ١٥ مزگەوت و ١٢ كۆمەڵەی ئیسلامی و ٤ خوێندنگەی ئیسلامی داخستووە، جگە لەوەی دەوڵەت بەپاساوی خوێندن لە فەڕەنسا و فێربوونی زمانی فەرەنسی، بەرنامەیەكی هەڵوەشاندەوە، كە ٣٠٠ پێشنوێژ  وتارخوێنی لە توركیا و مەغریب و جەزائیر لەخۆدەگرت.

فەڕەنسا گەورەترین ڕەوەندی مسوڵمانانی لێیە، كە لەكۆی ٦٧ ملیۆن كەسی لە دانیشتووانی فەرەنسا نزیكەی پێنج ملیۆنیان مسوڵمانن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی