دەسەڵات‌و ژیانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمەترسیدایە

مەلەفی تایبەت

23/02/2020‌ 3830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كاتێكدا ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا، هەینی ڕابردوو، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، دڵەڕاوكێی خۆی نەشاردەوە لەو كارە دوژمنكارییانەی جیهادییەكانی ئیدلب ئەنجامی دەدەن، ڕۆژنامەكانی ڕوسیا، هێرش و هۆشدارییەكانیان بۆ سەر توركیا بەردەوام بوو، لەوەی هێزەكانی ڕوسیا و سوپای سوریا لەئیدلب و باكووری ڕۆژئاوای سوریا بە ئامانج نەگرن.

بەیاننامەكەی كرملین جەختی لەوە كردەوە،‌ كە پۆتین نیگەرانی خۆی لە كار و كردەوەی ئەو گروپە توندڕەووانە دەربڕیووە، ئەوەشی دوپاتكردووەتەوە،‌ كە دەبێت ڕێز لەسەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا بگیرێت.

ڕۆژنامەكانی ڕوسیا لای خۆیانەوە بایەخیان‌ بەو پەرەسەندنە سەربازییانەی سوریا داوە، چەند پەیامێكی وریاكەرەوەشیان بۆ ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ناردووە، كە هەر دیارە،‌ ئەو دیدگا فەرمییەی ڕوسیا بەرجەستە دەكەن، كە ناكرێت بە ڕاشكاوی لەسەر زاری بەرپرسە باڵا ڕوسەكانەوە گوزارەی لێ بكرێت.

لە ژێر ناونیشانی (چ شتێك بەربەستە لە بەردەم جەنگی ئەنقەرە - دیمەشق)، (غیفورغ میرزایان) لەوتارێكیدا، كە لە (ئیكسپێرت ئۆنلاین) و (ڕوسیای ئەلیەومی عەرەبی) بڵاویكردووەتەوە، پێیوایە،‌ هەموو ئەو شتانەی ئەردۆغان گرەویان لەسەر دەكات دۆڕاون.

نووسەری وتارەكە باسی لەوەش‌ كردووە، دوای ئەوەی هەوڵەكانی ئەنقەرە شكستیان خوارد لە چارەسەركردنی كیشەی ئیدلیب، سەرۆكی توركیا دوا كارتی خۆی فڕێ دەداتە سەر مێزەكە، كە هەڕەشەكردنە بە داگیركاری شارەكە، بەڵام لە بەدبەختی ئەردۆغان ئەوەیە،‌ كە ئەگەر هێرشی سەربازی بكات، تەنیا ڕووبەڕووی سوپای سوریا و ئێران نابێتەوە، بەڵكو ڕووبەڕووی سوپای ڕوسیاش دەبێتەوە.

نووسەر هۆشداری دەداتە ئەردۆغان، كە ئەگەر هێرشی سەربازی بكاتە سەر ئیدلیب، نەك هەر زەرەری زۆر دەكات، بەڵكو هەموو شتێك دەدۆڕێنێت، واتە دەسەڵات و ژیانی خۆشی لەدەست دەدات، جەختیش لەوە دەكاتەوە، سوپای توركیا توانستی بەرەنگاربوونەوەی  هاوپەیمانی ڕوسیا – سوریا – ئێرانی نییە لەسەر خاكی سوریا.

میرزایان بەوە كۆتایی بەوتارەكەی دێنێت، كە ئەردۆغان دوای چوونە جەنگی ئیدلیبەوە، زۆرترین تەرمی سەربازەكانی بۆ دێتەوە، كەمترین پشتیوانی ناتۆشی دەستگیر دەبێت و ئاستی بنكە جەماوەرییەكەشی زۆر دادەبەزێت.

هاوكات لە ژێر ناونیشانی (توركیا نیگەرانە لە هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازی تازە)، (ئیغۆر سۆبۆتین)، لە ڕۆژنامەی ( نیزافیسیمایا غازیتا) لەوتارێكیدا سەبارەت بە كردە سەربازییەكانی توركیا لە سوریا، باسی لە پەرتبوونی دەستەبژێری توركی كردووە، پێشبینی ئەوەشی كردووە، هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازی تازە لە دژی ئەردۆغان بەرپا بێت.

لەوتارێكیشدا، كە بەشی عەرەبی (ڕوسیای ئەلیەوم) بڵاویكردووەتەوە، باسی لەو ڕاپۆرتە كردووە كە دامەزراوەی (ڕاند) بۆ شیكارییەكان لەژێر ناونیشانی (میتۆدی توركیای نەتەوەیی) بڵاویكردۆتەوە، باسی لە شیمانەكانی (ئیحتمال) ڕوودانی هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازی تازە كردووە لە توركیا كە لەوانەیە ئەنقەرە بشێوێنێت. ئەم هەواڵەش لە لایەن سەرچاوەیەكی باڵای ئاگاداری نێو بازنەی ناوەندە حكومییەكانی توركیاوە، بۆ ( نیزافیسیمایا غازیتا) پشتڕاست كراوەتەوە.

لێكۆڵینەوەكەی‌ دامەزراوەی ڕاند كە 300 لاپەڕەیە، باس لەوە دەكات كە سوپای توركیا تووشی جۆرێك لە پشێوی و بێسەرەوبەرەیی هاتووە.

هەر لەو بارەشەوە (نیزافیسیمایا غازیتا) نووسیوویەتی: ((هەموو لایەك لەوبارەوە مشتومڕیانە، چونكە پێیان وایە ئەو ڕاپۆرتانەی دامەزراوەی ڕاند دەریان دەكات، یان گوزارە لە سیاسەتی دەرەوەی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات، یان ڕاپۆرتەكانی دەتوانن گۆڕانكاری لەو سیاسەتەدا بكەن)). هەندێكیش ئەو ڕاپۆرتانەی ڕاند بە هەند وەرناگرن و پێیان وایە ئاسان نییە بە ووردی بزانین چی لە ناو بازنەی سوپای توركیادا دەگوزەرێت.

ڕۆژنامەكانی ڕوسیا پێیان وایە كە تیشكخستنەسەر ڕاپۆرتەكەی دامەزراوەی ڕاند، ڕەنگدانەوەی دەستەبژێری فەرمانڕەوای توركیایە بۆ تۆكمەتركردنی ڕیزه پەرتەوازەكانی كۆمەڵگای توركی سەبارەت بە كردە سەربازییە تازەكانی توركیا لە سوریا.

سلێمانی سۆیلۆی وەزیری بەرگری توركیاش ڕایگەیاندووە، كە هیچ كەس و  ڕێكخراوێك ناتوانن هەڵگەڕانەوەی سەربازی لە توركیا ئەنجام بدەن، وتیشی حكومەت ئامادەسازی كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیناریۆیەكی لەو جۆرە.

حەسەن بەسەڕی یەڵتشین لە ڕۆژنامەی سەباحی توركی باسی لەوە كردووه،‌ كە دەبێت ڕاپۆرتەكەی دامەزراوەی ڕاند بە هەند وەربگیرێت، چونكە ئەو شیكارییانەی لێیەوە دەردەچن، ڕاوێژكاری پێشكەشی ئاژانسە حكومیەكانی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەن.

یوسف قەبلانی نووسەریش لە ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی پێی وایه،‌ ئەنجامدەرانی ئەو هەڵگەڕانەوە سەربازییه،‌ لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن پێی هەڵناستن، بەڵكو كەمالیست و گروپە عەلمانییەكانی نێو سوپای توركیا ئەنجامی دەدەن.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر