وڵاتان پێشبڕكێی دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەكەن

لە میدیاکانەوە

18/03/2020‌ 975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندە تەندروستییەكان و كۆمپانیاكانی دەرمانسازی، لەچەندین وڵاتی جیهان كەوتوونەتە پێشبڕكێی یەكتر بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەچەند وڵاتێكیش تاقیكردنەوەی ئەزموونی ڤایرۆسەكە دەستیپێكردوەو چاوەڕێی دەرئەنجامەكانی دەكرێت.

لە چین سەرەڕای كەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی توشبووانی كۆرۆناو تێپەڕاندنی قۆناغی مەترسیداری ڤایرۆسەكە، تێمێكی توێژینەوە لە ئەكادیمیایی پزیشكی سەربازی توانیویانە پەرە بەپێكوتەیەك بدەن و لەسەر توشبووانی ڤایرۆسەكە تاقیكراوەتەوەو ئەنجامی ئەرێنی هەبووە، چاوەڕوان دەكرێت لەمساڵدا بكەوێتە بازاڕەوە.

هەروەها پزیشكانی وڵاتی هندستان سەركەوتوو بوون لەدۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسەكە، بە بەكارهێنانی تێكەڵەی چەند دەرمانێك.

توێژەرانی سەنتەری ئیراسمۆس پزیشكی لە هندستان رایانگەیاندووە، ماددەی دژە ڤایرۆسەكەیان دۆزیوەتەوە.

لەروسیاش هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسەكە دەستیپێكردووەو سەرۆكی بەشی زانستی ڤایرۆسەكان لەكۆلێژی بایۆلۆژیا لە زانكۆی مۆسكۆ ئاشكرایكردووە، زانایانی روسیا داهێنانێكی تەكنەلۆژییان كردووە بۆ بەرهەمهێنانی بەشەكانی خڕۆكەیەك، كە پشت دەبەستێت بە ڤایرۆسی فسیفسا، كە زیانی بۆ مرۆڤ نییەو دەتوانێت بلكێت بە هەر پرۆتینێكی وەك پرۆتینی ڤایرۆسی سارس و ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەروەها روونیشیكردووەتەوە، تەنە بەرهەمهاتووەكە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی جەستەیەو كاریگەرییەكی بەهێزی لە جەستەی مرۆڤدا هەبووە بەبێ‌ بەكارهێنانی ماددەی تر.

لە ئەمریكاش دوای تاقیكردنەوەی ڤاكسینێك و تاقیكردنەوەی لەسەر جەستەی ژنێك، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا هانی كۆمپانیاكانی دەرمانسازی داوە هەوڵەكانیان بخەنە گەر بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین. 

ترامپ لەچەند رۆژی رابردوودا پێشبینی كرد، تا مانگی هەشت بەسەر ڤایرۆسەكەدا سەربكەون.

لەلایەكی ترەوە پاتریك ڤالانس راوێژكاری زانستی حكومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، وڵاتەكەی بەرەوپێشچوونی گەورەی بەدەستهێناوە لە دروستكردنی پێكهاتەیەكی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چاوەڕوان دەكەن لەبەهاری ساڵی داهاتوو ئامادەبێت بۆ بەكارهێنان.

هەروەها ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی پێكوتەی ئەوروپی لەدژی ڤایرۆسەكە لە وەرزی پایزدا بەردەست دەبێت. 

روونیشیكردووەتەوە، رەزامەندی لەسەر داهێنانی كۆمپانیای  (cure vac)ی ئەڵمانی پیشاندراوەو سەرجەم رێوشوێنە پێوستییەكانی تێپەڕاندووە.

هەمان كۆمپانیای ئەڵمانی، سەرۆكی جێبەجێكارەكەی لەپۆستەكەی دوورخستەوە، ئەوەش دوای چەند رۆژێك لەكۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاو گفتوگۆكردنیان لەبارەی پەرەپێدانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا.

دەسەڵاتدارانی ئێرانیش گەیشتنیان بە پێكهاتەیەك لەدژی ڤایرۆسەكە راگەیاندووە، كە وەك چارەسەر بۆ هەوكردنی سییەكان بەكاردەهێنرێت و چەند تووشبوویەكی ڤایرۆسی كۆرۆناش بەو پێكهاتەیە چاكبوونەتەوە.

ئامادەكردن: رێبوار حەمە
سەرچاوە: ئاژانسەكان