شارپرێس:
راوێژكارى دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ره‌وشى دارایی عێراق له‌ئێستادا له‌مه‌ترسیدایه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو بۆ نزمترین ئاست له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا.
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژكارى دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى رایگه‌یاندووه، "ره‌وشى دارایی عێراق له‌ئێستادا له مه‌ترسیدایه و حكومه‌تیش به‌چڕى چاودێرى هه‌ڵوێسته‌كه ده‌كات له‌دوو ئاڕاسته‌دا، یه‌كه‌م له‌ڕێگاى دانانى خه‌رجى له پێشێنه‌ى بنچینه‌یی حكومى به‌تایبه‌ت ئه‌و چینانه‌ى كه داهاتى مانگانه‌یان له حكومه‌ته‌وه هه‌یه وژماره‌یان 8 ملیۆن كه‌سه وه‌كو فه‌رمانبه‌ران وخانه‌نشینان وئه‌و كه‌سانه‌ى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌یانگرێته‌وه وبیمه داراییه‌كان كه‌پێشكه‌شى هه‌ندێك له‌كۆمپانیا حكومییه په‌ككه‌وتووه‌كان كراوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌نگاوى دووه‌م هه‌وڵى ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنى ئه‌و خه‌رجییانه كه له‌ئێستادا گرنگ نیین، تا ئه‌و كاته‌ى بازاڕى نه‌وت بۆ ڕه‌وشى ئاسایی خۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له ئێستادا نرخی نه‌وت له خوار 30 دۆلاره‌وه به به‌رده‌وامی له هه‌ڵكشان و داكشاندایه، ئه‌وه‌ی به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی سعودیه و روسیا و ڤایرۆسی كۆرۆناوه كه هه‌ڕه‌شه له وڵاتانی جیهان ده‌كات.
راوێژكارى دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌شكرد، حكومه‌ت كارده‌كات بۆ زیادكردنى داهاته‌كانى تر وبه‌بایه‌خێكى زیاتره‌وه، وه‌ك داهاته‌كانى گومرك و چه‌ند داهاتێكى تر چونكه به‌داخه‌وه ئاماره‌كانى گونجاو نییه له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ى هاورده‌كراوه ساڵانه‌كانى عێراق.