ڤایرۆسی كۆرۆنا و چارەنووسی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا

لە میدیاکانەوە

23/03/2020‌ 1020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئابووری ئەمەریكای بەرەو داڕمانێكی مەترسیدار بردووە، هەروەها هیواكانی دۆناڵد ترامپیش بۆ هەڵبژاردنەوەی خستووەتە گێژاوێكی لە ناكاودا.

لە حەوت مانگی داهاتوودا ڕەنگە ترامپ بكەوێتە ڕەوشێكەوە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، كە دەشێت پڕ بێت لە مەترسییەكانی لەدەستدانی كار و ڕاگەیاندنی مایەپوچی، هەروەها نەخۆشیش. 

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، ئەڵبەت ئەمەش پێویستی بە هەوڵی بەرچاوی ترامپ دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ، واتا بۆ ئەو سەرۆكەی ئەمریكا، كە بەردەوام خۆشحاڵی خۆی بە بەرزبوونەوەی بازاڕی بۆرسە دەردەبڕی‌و بە بەهێزی ئابووری وڵات وەك بابەتی سەرەكی بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، زۆرێك لە ئابووریناسان دەڵێن هاندەرە ئابوورییە چاوەڕوانكراوەكەی فیدراڵی ناتوانێت ڕێگری لە ڕوودانی داڕمانێكی ئابووری بگرێت .

بەرپرسان مەزەندەی پاكجێكی بزواندنی ئابووری لەلایەن كۆنگرسەوە بە بڕی 1.4 تڕلیۆن دۆلار دەكەن و دەڵێن: ئەمە و ڕێكارەكانی دیكەی بانكی فیدراڵی و ڕزگاركردنی دارایی دەتوانن بە سەرجەمیان بڕی 2 تڕلیۆن دۆلار بخەنە بازارەكان (ئابووری) وڵاتەوە.

لە ئێستادا بازاڕی بۆرسە هەرەسی هێناوە هەروەها كاردارییەكان و خوێندنگەكان دادەخرێن وەك هەوڵێك بۆ سنورداركردنی تەشەنەكردنی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا .

هاوكات داواكاری بۆ بەدەستهێنانی بیمەی بێكاری واتای ئەوەیە ناردنە ماڵەوەی كرێكار و كارمەندان لە ئەمریكا بەرەو زیاد بوون دەڕوات.

ئابووری و سیاسەت لە ئێستای ئەمریكادا بە یەكیاندا داوەو تێكەڵ بوون، هێشتاش ناتوانرێت لەسەر هیچ بنچینەیەك ئەگەرەكانی هەڵبژاردنی مانگی یازدەی داهاتوو دەستنیشان بكرێن. وەك دەگوترێت لەوانەیە ڕەوشەكە بۆ دانۆڵد ترامپ بكەوێتە سەر ئەوەی چەندێك ئەم قەیرانە ئابوریە درێژە دەكێشێت و ئایا دەنگدەرانی ئەمریكایی بە یەكێك لە بەرەنجامە خراپەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەیری دەكەن، یان ئەوەی بەرەنجامی كەمتەرخەمی و بێ توانایی بەڕێوبەرایەتییەكەی سەرۆك ترامپە.