ئەمەریكا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا هاوكاری عێراق دەكات

عیراق

25/03/2020‌ 786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا بڕی 670 هەزار دۆلاری ئەمەریكی بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 لە عێراق تەرخان كرد, ئەویش لەڕێی سندوقی نەختینەی فریاگوزاری بۆ نەخۆشییە گوازراوەكانی سەر بە ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتییەوە. 

ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەو كۆمەكانە لەڕێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دابین دەكات بۆ یارمەتیدانی ئامادەكاری و ڕووبەڕووبوونەوەكانی كۆڤید-19 لە عێراقدا. 

ئەم كۆمەكانە هاوكار دەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی پلانی ستراتیژی ئامادەسازی و وەڵامدانەوە بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 لەو وڵاتانەی تێیاندا بڵاوبووەتەوە یان لە مەترسیدان، هەروەها بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی لە سەرجەم وڵاتان.

باڵیۆز ماسیو تولەر لەو بارەوە وتی: ڕاگەیاندنی ئەم كۆمەكەی ئەمڕۆ دەرخەری هاوشانی بەهێزی نێوان ئەمەریكاو عێراقە، "ئێمە پابەندین بە جەنگان دژی ئەو پەتا جیهانییە هاوشان لەگەڵ خەڵكی عێراقدا". 

وتیشی: ئەم پشتیوانییانە لەڕێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دابین كراون ڕاستەوخۆ پەرە بەتواناكانی وڵات دەدەن لە جەنگان دژی بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19."

ئەو كۆمەكانەی، كە بۆ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دابین دەكرێن یارمەتی حكومەتی ئەو وڵاتانە دەدەن، كە ئێستا تێیاندا بڵاوبووەتەوە یان لە مەترسیدان بۆ ئامادەكردنی تاقیگەكانیان بۆ ئەنجامدانی ژمارەی زیاتری پشكنینی كۆڤید-19، جێبەجێكردنی پلانی فریاگوزاری تەندروستی گشتی بۆ خاڵەكانی هاتنە ژوورەوە، چالاك كردنی دۆزینەوەی كەیسەكان و چاودێری لەسەر بنەمای كەیسەكان بۆ نەخۆشییە هاوشێوەكانی ئەنفلۆنزا، ڕاهێنان و پڕچەك كردنی تیمەكانی وەڵامدانەوەی خێرا، لێكۆڵینەوە كردن لە كەیسەكان و بەدواداچوونی زنجیرەی بەریەككەوتنەكانی كەسانی توشبوو و گونجاندنی بابەتەكانی ڕاهێنانی كارمەنداندانی تەندروستی لەگەڵ كۆڤید-19دا.

بۆ چەندین دەیەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین بەخشەر بووە لە جیهاندا بۆ کۆمەکى دوو لایەنە بۆ تەندروستی گشتی. لە ساڵی 2009 وەو لەڕێی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەوە، باجدەرانی ئەمەریکا بە بەخشندەییەوە زیاتر لە 90 ملیار دۆلاریان بۆ بواری تەندروستی لەسەر ئاستی جیھان دابین کردووە . ئەو بڕە پارەیە ژیانی پاراستوەو ئەو کەسانەشی پاراستووە کە مەترسی نەخۆشیان لەسەر بووە، دامەزراوە تەندروستیەکانی دروست کردووە و پەرەی بە سەقامگیری کۆمەڵگاکان و گەلان داوە. لەو ژمارەیەش، لەساڵی 2009 وە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی زیاتر لە 1.1 ملیار دۆلاری بۆ ڕێگەگرتن ودۆزینەوەو وەڵامدانەوەی پەتاو سەرهەڵدانی مەترسی تەندروستی تەرخان کردووە بە کۆڤید-19 ەشەوە .