داواكاری گشتی راپەڕین هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتیان

کوردستان

25/03/2020‌ 631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرمانگەی داواكاری ئیدارەى راپەرین  هۆشداریدا کە هەر هاووڵاتییەك ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبكاتەوە دادگایی دەكرێت و بازرگان و دوكاندارەكانیش نرخی خۆراك گران بكەن رێكاری یاسایان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.


داواكاری گشتی ئیدارەى راپەڕین  لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ چوار شەممە دەریکردوەو ئیمزای دادوەر عەبدولڕەحمان خزر حەمەد لێپرسراوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواكاری گشتی راپەڕینی لەسەرە رایگەیاندوە، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەعیراق و بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان، شەو رۆژ هێزە ئەمنییەكان و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لەئەركدا بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی ئێوە، بۆیە پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت.


ئاماژە بەوەشکراوە کە پێویستە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بن سەبارەت بە روبەڕووبنەوەی ڤایرۆسەكەو بەپێچەوانەوە هەر هاووڵاتیەك ببێتە هۆكاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.


هەروەها داواکارى گشتى راپەڕین داوا لەبازرگان و دوكاندارەكان دەکات كە خۆراك و كاڵاو شمەك گران نەكەن و بەپێچەوانەوە رێكاری یاسای دەگرینەبەر بەرامبەر كەسی سەرپێچیكار.