شیعەكان ترسیان لەوە هەیە ئەمریكا كودەتای سەربازی لەعێراق ئەنجامبدات

عیراق

28/03/2020‌ 1752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمیر موسەوی دیبلۆماتكاری پێشووی ئێران دەڵێت: بەڵگە و تۆماری دەنگییان لایە دەیسەمێنێت ئەمەریكییەكان نیازی ئەنجامدانی كودەتای سەربازیان لە عێراق هەیە.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بەشێك لەو تۆمارانە رادەستی كەناڵی تەلەفزیۆنی "عالەم"ی ئێرانی كراون و كەناڵەكەش لەم رۆژانەدا بڵاویان دەكاتەوە.

موسەوی لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەو مانۆرە سەربازییانەی ئەمەریكا لە وڵاتی ئیمارات كردوونی لەو شوێنانەدا كراون، كە كۆڵانەكانیان لە كۆڵانەكانی نەجەف و كەربەلا و كازمییە دەچێت، گرتووخانەكەش هاوشێوەی گرتووخانەی حوتە لەناسرییە.

هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو عێراقییانەی بەشداریان لە مانۆرە سەربازییانەدا كردووە لە پرۆسەكانی ئازادكردنی شاری موسڵ بەشدار بوون.

لەلایەی ترەوە رۆژی چوارشەممە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لە عێراق ئاشكرایانكرد، كە پلانێكی ئەمەریكی هەیە بەهاوكاری و بەشداری دەزگایەكی سەربازی و یەكێكی تری ئەمنی عێراق دابەزاندنی ئاسمانی بكەنە سەر پێگەیەكی سەربازی عێراقی. 

هەروەك هۆشداریشیاندابوو لە لێكەوتە ترسناكەكانی ئەو هەنگاوەی ئەمەریكییەكان بەوەی ژێرخانی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەشێوێنێت.

هەرچی محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری كوتلەی سادیقوونە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بەپێی ئەو بەڵگانەی بەردەستیان كەوتوون پلانیكی ئەمەریكی هەیە بۆ روودانی كوردەتای سەربازی لە عێراق، كە یەكێك لەو بەڵگانە بریتییە لەجوڵاندنی شانە نوستووەكانی داعشە لە پارێزگاكانی نەینەوا و سەلاحەددین و دیالە.

بەقسەی بەلداوی یەكێكی تر لە بەڵگەكانی بەردەستیان بەوەی ئەمریكا نیازی كودەتای سەربازی هەیە بریتییە لە گوشارەكانی ئەمەریكا لەحكومەتی عێراق بۆ ئەوەی زیندانییەكان ئازاد بكات بەپاساوی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەراستیدا واشنتۆن دەیەوێت دواتر ئەو كەسانە بە جێبەجێكردنی پیلانەكانی بەكاربهێنێت .

هەر پەیوەست بەو بابەتە ، زافر شەمەری شارەزای ئەمنی عێراقی پێیوایە ئێران بۆ مەرامی سەپاندنی پاڵێوراوەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت برەو بە هەواڵی ڕوودانی كوردەتای سەربازی لە عێراق دەدات.

شەمەری ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هەواڵگری ئێران بۆ وروژاندنی شەقامی عێراقی و ئامادەكردنیان لەڕووی فكرییەوە برەو بەو جۆرە هەواڵانە دەدات، كە گوایە كودەتایەكی سەربازی لەعێراق بەڕێوەیە، كە ئەمەریكا و ئیسرائیل پشتیوانی لێدەكەن.

ئەو دەشڵێت: ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە پاڵپشتی ئەو جوڵەی ئێران بكرێت، كە لەڕێگای چەند لایەنێكی شیعییەوە دەیانەوێت پاڵێوراوی دڵخوازی ئێران بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی عێراق بەسپێنن .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی