پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران بوون بەتەماشاكەر

کوردستان

30/03/2020‌ 1369 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران لەم دۆخە بوون بەتەماشاكەر لەكاتێكدا بەرزترین ناوەندی دەسەڵاتە لەهەرێمی كوردستان‌و تەنیا ئەوان دەتوانن لەبەرانبەر حكومەت بوەستنەوە.

لەو كاتەوەی پەتای كۆرۆنا گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان پەرلەمانی كوردستان هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووەو تەنانەت سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هەڵوێستێكی هاوبەشی لەو بارەوە نەبووە، كە ئەو پەتایە دەیان قەیرانی رووبەڕووی خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.

ئەوەی هەبووە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تەنیا بەدەركردنی بەیاننامەیەك باسی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای كردووەو بەیاننامەكەشی زیاتر لەچوارچێوەی بڵاوكردنەوەی رێنمایی‌و داواكردنی لەخەڵك بوو بۆ پابەندی بەرێنماییە تەندروستییەكان.

هەرچی پەرلەمانتارانیشە، ئێستا ئەو رۆڵەی خۆیان ناگێڕن، كە ئەركی چاودرێریكردنەو تەنیا بە بڵاوكردنەوەی زانیاری، كە بەشێكی زۆریش لەزانیارییەكان ناڕاستن‌و بەوەش كار لەسەر خراپتركردنی دەروونی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەن.  

ئەمە لەكاتێكدایە، پەرلەمانی كوردستان بەرزترین ناوەندی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانەو دەتوانێت سەرۆكی حكومەت‌و ئەنجوومەنی وەزیران بانگهێشت بكات بۆ لێپرسینەوەو تەنانەت سەندنەوەی متمانە لێیان، بەڵام پەرلەمانی كوردستان بێ‌ دەنگی هەڵبژاردووەو هیچ هەڵوێستێكی نییە.

بێدەنگی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران كوردستان وایكردووە، كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستكراوە بێت‌و كار لەسەر ئەوە بكات، كە دەست بۆ موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەرێت‌و هەوڵی كەمكردنەوەی بڕینی بەشێك لەموچەخۆرانی كوردستان بدات، كە بەم نزیكانە حكومەت بڕیار لەو بارەوە دەدات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، كۆبوونەوەكەی ڕۆژی هەینی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تەواو پەیوەست بووە بە پرسی موچەی فەرمانبەران و تێیدا بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران دراوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكەدا ڕابەر سدیق، بریكاری وەزیری دارایی هەرێم ئامادەبووە، كە پێشتر لەكاتی قەیرانی دارایی هەرێم و دواتریش كشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت وەزارەتی دارایی بەڕێوەدەبرد، لەئێستاشدا دەسەڵاتەكانی ئەگەر هاوتای ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی نەبێت كەمتر نییەو چەند پێشنیازێك كراوە بۆ كەمكردنەوەو بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

هەوڵەكەی حكومەت لەكاتێكدایە، بەگوێرەی یاسا كارپێكراو بەردەستەكانی هەرێمی كوردستان‌و تەنانەت عێراقیش، حكومەت دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەبڕینی موچەی فەرمانبەران بدات، چونكە پێشتر موچە بەو یاساو رێكارانە رێكخراوە، كە پەرلەمان بڕیاری لێداوە.
 
شارپرێس زانیویەتی حكومەت ئامادەكاریشی بۆ دروستبوونی شەپۆلی ناڕەزایەتی لەدوای دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران كردووە، بەشێوەیەك كار لەسەر ئەوە دەكات لەرێگەی حكوبەكانەوە رێگری لە لایەنگرانی حیزبە بەشدارەكانی حكومەت بكرێت بەشێك نەبن لەو ناڕەزایەتییانە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە موچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەران بەو شێوازە نوێیە دەدرێت، كە سەرەتای مانگی نیسان حكومەت بەناوی ڕێكخستنەوەی دەرماڵە و چاكسازییەوە دەستكاری دەكات‌و رایدەگەیەنێت.

ئێستا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، پەرلەمانی كوردستان لەبەرانبەر ئەو هەوڵەی حكومەتی هەرێم هەڵوێستی چی دەبێت؟ هەر بە بێدەنگی دەمێنێتەوەو تەماشای بڕیارەكەی حكومەت دەكات بۆ كەمكردنەوەی موچە، یان هەڵوێستی دەبێت‌و لێپرسینەوە لەحكومەت دەكات.