كورد و سوننە بێكۆدەنگی ناوماڵی شیعە دەنگ بەعەدنان زورفی نادەن

کوردستان

30/03/2020‌ 1031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری جارێكی تر رەتیدەكاتەوە ڕێگە بە تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكەی عەدنان زورفی بدات و دەشڵێت: كورد و سوننە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بەكابینەی عەدنان زورفی ناكەن.

لەو بارەیەوە سەعد سەعدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەكە لەلێدوانێكدا وتی: هاوپەیمانی فەتح سوورە لەسەر رەتكردنەوەی زورفی و لەو بڕیارەشی پاشەكشە ناكات.

وتیشی: كوتلە كوردی و سووننییەكان پێیان راگەیاندوون، كە ئەوان بێ كۆدەنگی لایەنە شیعییەكان بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناكەن بۆ دەنگدان بە كابینەكەی زورفی، ئەوەشیان بەفەرمی پێڕاگەیاندووین.

هاوپەیمانی فەتح بەهاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەركردایەتی بەرەیەك دەكەن بۆ ڕێگرتن لە متمانەدان بە كابینەی زورفی و سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت پاڵێوراوی پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمان بێت‌و بەكۆدەنگی لایەنە شیعییەكان بەربژێر بكرێت .

بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا سەرچاوەیەك باسی لەوە كرد، كە زورفی توانیویەتی درز بخاتە ناو كوتلە شیعییە بەرهەڵستكارەكانییەوە بەجۆرێك نزیكەی سەد پەرلەمانتاری ئەو كوتلانە بەڵێنیان بەزورفی داوە لەكاتی دەنگدانی پەرلەمانی تایبەت بە متمانەدان بە حكومەت لەبەرژەوەندەی زورفی دەنگ بدەن.

دوای ئەوەی لیژنە حەوت كەسییەكەی هێزە شیعییەكان نەیانتوانی پاڵێوراوێكی تەوافوقی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكەن ، رۆژی ١٦ی مارس بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق عەدنان زورفی پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپارد .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی