فەتح: لەدەستنیشانكردنی جێگرەوەی زورفی هەنگاوی گەورەمان ناوە

عیراق

30/03/2020‌ 958 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هومام تەمیمی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بابەتی تێپەڕاندنی كابینەی حكومەتی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو گەیشتووەتە ڕێگایەكی داخراو، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هێزە سیاسییەكان لە بابەتی دەستنیشانكردنی شوێنگرەوەی زورفی گەیشتوونەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو.

تەمیمی لەلێدوانێكدا دەشڵێت: بابەتی رەتكردنەوەی حكومەتی زورفی گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی بێئەوەی ناوبراو لەدانوستانەكانی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان هیچ بەرەوپێشچوونێك بەدەستبهێنێت، لەبەر ئەوەی لەبەرانبەریدا دوو تیم هەیە یەكەمیان تیمێكی بەرهەڵستكار و ئەوەی تریان هێزە كوردی و سوننییەكان، كە بەڕاشكاوی رایانگەیاندووە ئەوان چاوەڕوانی سازانی لایەنە شیعییەكان دەكەن بێئەوەی بەفەرمی پشتیوانی بۆ زورفی دەرببڕن.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوە كردووە، ئەو كوتلە سیاسییانەی پشتیوانی زورفیان دەكرد بەهۆی سازشەكانی و بەخشینی وەزارەت بە هەندێك چین و توێژ خەریكە لە نیازەكانی زورفی تێدەگەن.

هەروەك داوایان لە سەرۆك وەزیری راسپێردراو كردووە، كە لەپێناو پاراستنی ئاوی ڕووانی و هێشتنەوەی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ هەموو لایەك واباشترە لە ئەركی راسپاردنی پاشەكشە بكات چۆن پێش خۆی محەمەد تۆفیق عەلاویش وایكرد .

راسپاردنی زورفی لەلایەن سەرۆك كۆمار بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بووە هۆی ئەوەی بەشێك لە هێزە سیاسییە شیعییە دیارەكانی نزیك لە ئێران لەپێشیانەوە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی بەشێوەیەكی توند بەرهەڵستی ئەو بڕیارە بكەن و داوا بكەن كەسێكی تر لەشوێنی ناوبراو ئەركی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی پێبسپێردرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی