ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر 10 ئامانجی میلیشیا عێراقییەكان

عیراق

01/04/2020‌ 3036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "ئەخبار"ی لوبنانی ئاشكرایكرد، ئەمەریكا بڕیاریداوە گورزی سەربازی لە 10 پێگەی چوار گروپی چەكداری عێراقی بوەشێنێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ساتی وەشاندنی گورزەكان نزیكە.

رۆژنامە لوبنانییەكە لەراپۆرتێكدا، كە پشتی بە سەرچاوەی ئەمنی عێراقی و سەرچاوەیەكی تر، كە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە بەستووە ئاشكرایكردووە، كە لەماوەی چەند كاتژمێری رابردوودا هێزەكانی ئەمەریكا بڕیاری ئەوەیان داوە گورز لەبارەگای "هێزی موشەكی" سەر بە "ڕێكخراوی بەدر" بەسەرۆكایەتی هادی عامری و "عەسائیبی ئەهلی حەق" بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی و "بزووتنەوەی نوجەبا" و كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی بوەشێنێت .

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكانی رۆژنامە لوبنانییەكە ژمارەی ئەو ئامانجانەی بەپێی پلانەكە گورزیان بەردەكەوێت ژمارەیان 10 ئامانجە، كە بەسەر پارێزگاكانی رۆژهەڵات و ناوەراستی عێراقدا دابەش دەبن.

هەر بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، هەندێك لە فەرماندە سەربازییەكانی عێراق ئاگاداری سەرەتای وەشاندنی گورزەكانن.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، كە ئەمەریكییەكان رەتیانكردووەتەوە گوێبیستی داواكاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوە بن، كە داوای هێوركردنەوەی دۆخەكەی كردووە، تەنانەت ئەمەریكییەكان ئامادە نەبوون لەساتی دەستپێكردنی هێرشەكانیش ئاگاداری بكەنەوە، كە بەپێچەوانە بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی عێراق ئاگاداركراونەتەوە، ئەو هەنگاوە عەبدولمەهدی بیزار كردووە و پاڵی پێوەناوە بەیاننامەیەكی توند دژ بە گرووپە چەكدارەكان و هێزەكانی ئەمەریكاش دەربكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی