زانیاری لەسەر ئەو دەرمانەی لەئوستورالیا تاقیدەكرێـتەوە

لە میدیاکانەوە

04/04/2020‌ 1044 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانایانی ئوستورالیا كاریگەریی دەرمانێكی دژەكرم وەك دژەڤایرۆس پیشاندەدەن، كە لە توانایدایە لە ماوەی ٤٨ كاتژمێردا، ڤایرۆس بكوژێت، توێژینەوەكە لە "توێژینەوەی دژەڤایرۆسی" بڵاوكراوەتەوە.

توێژینەوەیەك لەنێوان زانكۆی مۆناش لەشاری ماڵبۆڕنی ئوسترالیا لەگەڵ پەیمانگای دۆهێتری بۆ بەرگریی زانی و هەوكردنە درمییەكان، دەریخستووە دەرمانێكی دژەكرم لەتوانایدا هەیە لەماوەی ٤٨ كاتژمێردا ڤایرۆس بكوژێت.

دكتۆر كایلی واگستاف سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە، دەڵێت: زاناكان دەریانخستووە دەرمانی دژەكرم، ئاڤێرمێكتین  _ Ivermectin، گەشەكردن و زیادبوونی ڤایرۆسی كۆڕۆنای جۆری "سارس-كۆڤ-٢"ی لەناو كێڵگەی چێندراوی خانەدا وەستاند.

دكتۆر كایلی واگستاف دەشڵێت: ئێمە گەیشتین بەوەی تەنانەت یەك ژەم لەدەرمانی ئاڤێرمێكتین، لەتوانایدایە لە ماوەی ٤٨ كاتژمێردا هەموو ترشی ناوەكی "ئاڕ ئێن ئەی" ڤایڕۆسەكە لاببات.

هەروەها دكتۆر كایلی واگستاف هۆشداریدەدات و دەڵێت: جارێك توێژینەوەكە سەرەتاییە و تەنیا لە تاقیگەدا ئەنجامدراوە، لە داهاتوودا دەبێت تاقیكردنەوەی كلینیكیی زیاتر لەسەر مرۆڤ رێكبخرێن.

دەرمانی ئاڤێرمێكتین دەرمانێكی دژەكرمە و لەلایەن دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی بۆ ئەو مەبەستە پەسەندكراوە، لە تاقیگەدا دژی چەندان ڤایرۆس وەك ئایدز، دێنگێی، زیكا و ئەنفلۆنزا كاریگەریی هەبووە.

هەروەها دكتۆر كایلی واگستاف دەڵێت: دەرمانی ئاڤێرمێكتین بەفراوانی وەك دژەكرم بەكاردەهێنرێت و وەك دەرمانێكی سەلامەت دەردەكەوێت، "ئێمە پێویستە پێوانەبكەین، كە ئەو ژەمەی بۆ مرۆڤ بەكاردەهێنرێت، كاریگەریدەبێت، ئەوە هەنگاوی داهاتوومان دەبێت.

دكتۆر لیۆن كاڵی لە نەخۆشخانەی ماڵبۆڕن، سەرپەرشتیاری زانا پزیشكییەكان لە پەیمانگای دۆهێتری لە تاقیگەی ڤیكتۆریان بۆ هەوكردنە درمییەكان (VIDRL) دەڵێت: وەك ڤایڕۆسناسێك و وەك بەشێكی تیمی توێژینەوەكە، خرۆشاوم لەئەنجامی توێژینەوەكە و دەربارەی ئەگەری كاریگەریی دەرمانی ئیڤەرمێكتین كە بەكاربێت وەك دەرمانێكی كاریگەر دژی نەخۆشیی ڤایڕۆسی كۆڕۆنای نوێ (كۆڤید١٩)".

دكتۆر كایلی واگستاف ئەوەش دەڵێت: تا ئێستا چۆنییەتی كاركردنی دەرمانەكە بەتەواوی نەزانراوە، ئەوەی كراوە لە تاقیگەدا بووە، لەسەر چەند ڤایڕۆسێكی دیكە، كە دەرمانەكە گەشەكردن و زیادبوونی ڤایڕۆسی راگرتووە"

ئامادەكردن: عیسا عبدالرحمان
دەرمانساز لەدامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان