ئاڵێنگارییەكانی بەردەم حكومەتەكەی مستەفا كازمی بەكوێ گەیشتوون؟

ڕاپۆرت

16/05/2020‌ 807 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای متمانە وەرگرتنی زۆرینەی‌ پێكهاتە وەزارییەكەی، كازمی بووە سەرۆك وەزیر، بەمەش بەربەستی یەكەمی تێپەڕاند، كە پاڵێوراوانی پێشوو نەیانتوانی تێیپەڕێنن، ئەو توانی لەنێو هاوكێشە ئاڵۆزە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكەدا، شوێنپێیەك بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بەڵام هێشتا ئاڵێنگاری زۆری ناوخۆی و دەرەكی لەبەردەمدا ماون، ئەگەر چارەسەریان نەكات كاریگەری نەرێنیان دەبێت بۆ سەر كاری ئێستا و ئایندەی كابینەكەی، لەوانەش:

یەكەم: نەبوونی پاڵپشتی پەرلەمانی
كازمی بنكەیەكی پەرلەمانی نییە و سەر بە هیچ ڕەووتێكی سیاسی نییە و پاڵێوراوی فراكسیۆنێكی دیاریكراویش نییە، چاوەڕێی ئەوەش‌ ناكرێت فراكسیۆنێكی سیاسی لەناو پەرلەمان پێكەوە بنێت. كەچی هەر ئەو خاڵە هۆكاری گەیشتنی بوو بە پۆستی سەرۆك وەزیران، لە ئێستادا ئەو خاڵە پێچەوانە بۆتەوە‌ و بۆتە‌ بەربەست لە بەردەم بڕیاڕ و ڕێوشوێنەكانی لە كاركردندا.

دووەم: سەختی تەواوكردنی كابینەكەی
 لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی لە 6 ی مایۆ، 255 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكە بوون، بەمەش كابینەكەی متمانەی وەرگرت، بەڵام 5 پاڵێوراوی وەزارەتەكانی (بازرگانی و كشتوكاڵ و كۆچبەران و داد و ڕۆشنبیری) متمانەیان وەرنەگرت، دوو لە پاڵێوراوانی وەزراتی دەرەوە و نەوتیش دەنگدان لەسەریان بۆ كاتێكی دیكە دواخرا، كەواتە پێكهاتە وەزارییەكەی‌ تەواو نەبووە، ئەمەش لە خودی خۆیدا ئاستەنگ و بەربەستێكە لە بەردەم كارەكانی ئێستا و ئایندەی.

فراكسیۆن و هاوپەیمانییەكانی سائیرون و فەتح و حیكمە و هێزە عیراقییەكان و هاوپەیمانی كوردستانی، دانوستانی سەختیان بەرێكرد تا كابینە وەزارییەكەی‌ كازمیان پەسەند كرد، واپێدەچێت هەندێك لەو هێزانە كە پشتیوانی كازمی بوون، لە ئێستادا لە هەڵویستی پێشوویان پاشگەزبوونەوە وەك دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی نیشتمانی كە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.

سێیەم: گرفتە ئابوورییەكان
ڕاپۆرتەكەی بانقی نێودەوڵەتی لە 9 ی مایۆی ئەمساڵ، ئەوەی‌ ئاشكرا كردووە كە عێراق لە بەردەم ئاستەنگی سیاسەتێكی ئابووری گەورەدایە، تێكرای پەرەپێدانی بەرهەمی نیشتمانی بۆ ساڵی 2020  بە ڕێژەی 9.7% دابەزیوە، لە كاتێكدا ئەو پەرەپێدانە لە ساڵی 2019 ڕێژەكەی 4.4% بەرزببۆوە، بۆیە ئەم دۆخە ئابوورییە لە ساڵی 2003  تاوەكو ئێستا، خراپترین دۆخی ئابووری عێراقە، ڕاپۆرتەكە دەڵێت ئەگەر نرخی نەوت لە 30 دۆلاردا جێگیر بێت و هیچ ڕێوشوێنێكی چاكسازی ئابووریش نەگیرێتەبەر، ئەوا كورتهێنانی بودجە ڕێژەی 29% تێدەپەڕێنێت، ئەو كات پیداویستی پارەداركردنی بودجە دەگاتە 67 ملیار دۆلار، واتە زیاتر لە 39% ی لە تێكڕای بەرهەمی نیشتمانی عێراق.

چوارەم: پشێوییە بەردەوامە ئەمنییەكان
ئەمەشیان یەكێكە لە دۆسیە سەختەكانی بەردەم كازمی، بە تایبەتی كە چالاكی میلیشیا چەكداره شیعە‌كان سەریهەڵداوەتەوە، داعشیش خەریكە دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا دەگرێتەوە كە پێشتر لەبندەستیدابوون، لەو ماوەیەش چەند هێرشێكی چەكداری كردۆتە سەر هێزە عێراقییەكان.

پێنجەم: بەردەوام ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان
هێشتا حكومەتی فیدڕاڵی میكانیزمێكی نەدۆزیوەتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەرچەندە نیشانەكانی لێكنزیكبوونەوە لە هەردوولاوە لە ئارادان، بە تایبەتی دوای ئەوەی هەرێم بۆی دەركەوت كە بە تەنها پشتبەستن بە نەوت ناتوانێ پێداویستییەكانی هەرێم دابین بكات، تایبەتریش لە دوای كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی. كوردەكان لە هەوڵدان لە ڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە موچەی موچەخۆرانیان دابین بكەن، ئەمەشیان لە ڕووی پلەبەندی و گرنگیپێدانەوە، بۆ حكومەتی عێراقی گرنگییەكەی لە پلەی سێیەم دایە، گرنگیپێدانی یەكەمیش بۆ عێراقەوە پێدانی موچەی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆیە.

شەشەم: هەڵكشانی بارگرژی ئەمریكی- ئێرانی
لە پێكهێنانی كابینەكەیدا، كازمی پشتیوانی واشنتۆن و تارانی هەبوو، كە هەردووكیان لە گۆڕەپاین عێراقدا ململانێ و كێبڕكێی توندیان هەیە، هۆكاریش ئەوەیە كازمی بە هۆی پۆستی پێشووی وەك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ واشنتۆندا دروست كردووە، بۆیە هەر كە متمانەی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، واشنتۆن ڕێگەی بە حكومەتەكەی كازمیدا بۆ ماوەی‌ 120 ڕۆژی دیكە كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بكات، ئەمەش‌ تاوەكو هەلەكانی سەركەوتنی زیاتری بۆ دەستەبەر بكات. تارانیش ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە باوەڕپێهێنانی هەندێك لە هێزە شیعەكان بۆ پشتیوانیكردنی كازمی، هۆكاری سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی ئێرانیش بۆ هەمان مەبەست بوو، ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێرانیش لە عێراق ڕۆڵێكی باشی گێرا بۆ متمانە وەرگرتنی كازمی لە پەرلەمان.

سەرباری پشتیوانی واشنتۆن و تاران بۆ كازمی، بەڵام سەرۆك وەزیر باش ئەوە دەزانێت كە ململانێی ئەو دوو هێزە لە عێراق كۆتایی نەهاتووە، بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ لێكەوتە نەرێنییەكانی ئەو پرسەدا بكات، كازمیش لە لە 9 ی مایۆ و لە كاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ باڵوێزی ئێران لە لایەك و باڵوێزی ئەمریكا لە لایەكی دیكەوە، جەختی لەو پرسە كردەوە و وتی عێراق نابێتە ڕاڕەوێك بۆ دوژمنكاری دەوڵەتێك دژ بە دەوڵەتێكی دیكە. بارگرژیش لە نێوان كازمی و میلیشیا چەكدارە شیعەكاندا بوونی هەیە، كەتیبەكانی حزبوڵا پێشتر كازمیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە لە كردەی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا كارئاسانی بۆ ئەمریكا كردووە.

گرفتی گەورەی كازمی لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵێنگارییەكانی بەردەم عێراقدا، لاوازی توانستە دارایی و ئابوورییەكانی دەوڵەتی عێراقە، بە تایبەتیش كە نرخی نەوت پاشەكشەی كردووە، لەولاشەوە گەندەڵی و بەشبەشێنەی تایەفی هەر ماون، ئەمە جگە لە فشارەكانی شەقامی عێراقی كە دەبێت كازمی ئەو ڕێوشوێنانە بگرێتەبەر كە وڵامدەرەوە داواكارییەكانی شەقامن.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر