لێكتێگەشتنی دەباشان.. ئەو رێككەوتنەی تەنیا یەك خاڵی جێبەجێكرا

کوردستان

17/05/2020‌ 2113 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چوار ساڵ پێش ئێستا بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان دڵخۆشبوون‌و ئاهەنگیان دەگێڕا بۆ كۆبوونەوەیان لەسەر مێزێك، كە رێككەوتنێكی سیاسیان لەسەر واژوو كرد.

رێككەوتنەكە لەسەر بنەمای رێككەوتنی دەباشانی نێوان نەوشیروان مستەفا رێكخەری ئەوكاتی گۆڕان‌و جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی یەكێتی دارێژرابوو، كە دواتر ناونرا رێككەوتنی سیاسی‌و لە 17/5/2016 واژوو كرا.

لەرێككەوتنەكەدا باس لە "خاڵە هاوبەشەكانی" نێوان گۆڕان‌و یەكێتی كراوبوون، كە بریتیبوون لە "مێژووی هاوبەشی دامەزراندنی یەكێتی لەگەڵ یەكێتییەكانی جارانی ناو گۆڕان"، بۆیە پێویستە ئەو دوو حیزبە بەهۆی مێژووە هاوبەشەكەیان كاری پێكەویی بكەن.

هەروەها لەنەخشەڕێگەی رێككەوتنی سیاسی یەكێتی‌و گۆڕان باس لەوە كرابوو، لەسەر بنەمانی "لێكتێگەیشتنی دەباشان، نووسراوە، ئەوەش بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی ئارامی نێوان هەردوو حیزب"، كە لەساڵی 2012 هاتووەتە ئاراوە.

لەنەخشەڕێگەكەدا ئاماژە بەپێشكەشكردنی پڕۆژەی چوارقۆڵی بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش كرابوو، كە یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو، یەكێتی پێشكەشیان كردبوو، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتوویی كاری پێكەوەیی نێوان لایەنەكان لەوكاتەدا.

لەو نەخشەرێگەیەدا باس لەوەش كرابوو، كە یەكێتی بەسێ ئاڕاستە كار بۆ رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان دەكات، كە ئەوانیش بریتین لە"ئامانجی نزیك، ئامانجی حیزبی هەردوولا، ئامانجی دوور"، كە دوای ئەمە ئەگەر خاڵەكان جێبەجێكرا، "متمانەو چالاكی هاوبەش ئەنجامدرا، زانرا زەمینەی یەكگرتنەوەی ڕاستەقنە ڕەخسێنراوە، ئەوە لەكاتی خۆی قسەی لەسەر دەكەن"، كە مەبەست یەكگرتنەوەی هەردوولایە.

لەسەروبەندی ئامادەكردن‌و واژووكردنی رێككەوتنەكەش، چەندین بەرپرسی گۆڕان‌و یەكێتی دژی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بوون، كە وەك بەرپرسانی هەردوولا باسی دەكەن، ئەوانەی دژی بوون بەچەندین ئاراستە كاریان لەسەر ئەوە كرد، رێككەوتنەكە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەروەها نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاش، كە بەعەرابی رێككەتنەكە دادەنرا، هۆكارێكی تربوو بۆ جێبەجێنەكردنی ئەو رێككەوتنە، كە بەشێك لەبەرپرسانی گۆڕان‌و یەكێتی ئەوكات هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو.

ئەنجامی ئەو ململانێ‌و دژایەتییەی بۆ رێككەوتنەكە هەبوو، ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكرا، تەنیا ئەو خاڵەی نەبێت كە باسی لەوە كرد، رێككەوتنەكە دوای واژووكردن لەمیدیاكان بەشێوەیەكی فەرمی بڵاودەكرێتەوە.

ئێستاو دوای چوار ساڵ تێپەڕین بەسەر رێككەوتنی دەباشان، هەلێكی نوێ‌ بۆ گۆڕان‌و یەكێتی هاتووەتە پێشەوە، ئەویش كاری پێكەویكردنە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی لامەركەزی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ناكۆكی بەرپرسانی هەردوولا جارێكی تر ئەم هەوڵەش شكست دەهێنێت‌و بەدەردی رێككەوتنی دەباشان دەڕوات؟

هـ ـ ح

بەپەلە