گرەوكردن لەسەر هێز.. بازاڕی چەك ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات

مەلەفی تایبەت

19/05/2020‌ 1012 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەو ناونیشانەی سەرەوە، شرۆڤەكاری سەربازی "ئەلیكسەندەر یرماكۆف" لەگۆڤاری "ئۆراسیا ئیكسپرت" راپۆرتێكی نووسیوە دەربارەی تێچووەكانی چەك كڕین و پاشەكشەی عەرەبستانی سعودییە لە ئاستی جیهانیدا لە ژمارە سێیەمەوە بۆ پێنجەم.

بەپێی راپۆرتەكە، پەیمانگای ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئاشتی (سی ئای پی ئاڕ ئای) راپۆرتە ساڵانەكەی خۆی بڵاوكردووەتەوە سەبارەت بە تێچووی سەربازی جیهانیی. 

بەگوێرەی شرۆڤكارەكانی ئەو پەیمانگایە زیاد بوون لەتێچووی سەربازیدا لە ساڵی ٢٠١٩، زۆرترین تێچوو بووە لە دەیەی كۆتایی ئەو ساڵەدا.

لە راستیدا روونە، كە ئاڵۆزییەكانی ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە هۆی هەمواركردنەوەی جدی لەپلانی سەربازی ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتاندا. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەندێك لەو وڵاتانە، دووبارە دابەشكردنەوەی تێچوەكانیان ڕادەگەیننەوە (لە نێویاندا، بودجە سەربازییەكانیان و بەشەكانی تریش)، ئەویش لە پێناو بوژانەوەی ئابوریەكانیان دوای كۆتایی هاتنی پەتای كۆرۆنا. 

بەڵام، ئاراستە سەرەكییە ماوە درێژەكان، كە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە پێكهاتبوو، بەردەوام دەبن، چونكە قەیرانە ئابووری و سیاسییە جیهانییەكان، تەنیا داواكارییە ئاڵۆگۆرەكانی نێوان وڵاتان ئاڵۆزتر دەكەن. 
دیارە، كە ساڵی ٢٠١٩ ساڵێكی پێوانەیی بووە لە گەشەكردنی رێژەیی بۆ تێچوونی بەرگری جیهانی، بەگوێرەی توێژینەوەی شارەزایانی پەیمانگای ستوكهۆڵم، زیادبوونەكە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٨دا نزیكە ٣.٦% بووە و پشكی ئەمریكا لە تێچوونی سەربازی جیهانیدا لەسێیەك زیاتر بووە، بە ورد تریش دەردەكەوێت، كە رێژەكەی نزیكەی ٣٨% بوە، و بەشێوەیەكی گشتی پێنج دەوڵەتە یەكەمەكە لە تێچووی سەربازیدا بریتی بوون لە : ئەمریكا، چین، هیندستان، روسیا و عەرەبستانی سعودییە. 

ئەوان نزیكەی سێیەكی تێچووی جیهانیان خەرج كردووە (٦٢%). دوای ئەوان، هەریەك لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا دێن، پاش ئەوانیش ژاپۆن و كۆریای باشوور.

لەم ساڵدا دوو گۆڕانكاری لە دە یەكەمەكەدا روویداوە: یەكەمیان عەرەبستانی سعودییە، كە لە پلەی سێیەمدا بووە و بەهۆی گرێبەستە گەورەكانی و جەنگی یەمەنەوە پاشەكشەی كردووە بۆ پلەی پێنجەم و ئەڵمانیاش پلەكەی هەڵكشاوە بۆ حەوتەم، بەوەی تێچووی بەرگری وڵاتەكە بەرێژەی ١٠% دا زیادی كردووە، ئەمەش گەورەترین زیادبوونی لە نێو یەكەمەكاندا. 

هەروەها پەیمانگەی ستۆكهۆڵم تێچووی بەرگری روسیا بە ٦٥.١ ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت بە زیادبوونی ٤.٥%دا، ئەویش بەبەراوردكردن لەگەڵ ساڵی ٢٠١٨دا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا