رۆژنامەنووسێكی تری (چین) بێسەروشوێن كرا

لە میدیاکانەوە

20/05/2020‌ 983 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
پارێزەر و رۆژنامەنووسی چین لە شاری ‌وهان -ی كەرتی هێبی، لەسەر بڵاوكردنەوەیەكی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، كە داوای مافی خەڵك و دارایی خەڵك دەكات، ماوەی 4 رۆژە بێسەروو شوێنە.

بەپێی هەواڵێكی زە ساوس چاینە مۆرنین پۆست، چانگ ژانگ - 37 ساڵ، نووسەر و رۆژنامەنووس و پێشتریش كاری پارێزەری كردووە لە رۆژی 15ی ئایار-ەوە دەستگیركراوە، دایك و باوكی تەنیا ئەوەندە دەزانن، كە دەڵێن كچەكەیان لەسەنتەری دەستبەسەركردن لە ژێر چارەسەری پزیشكیدایە.

رۆژنامەی زە ساوس چاینە مۆرنین پۆست نووسیویەتی: لێدوانی زیاتر لە دایك و باوكی ژانگ وەرگرێت، بەڵام ئامادەنەبوون قسەبكەن، چونكە پێشتر دایك و باوكی ئەو سێ رۆژنامەنووسەی لە وهان دەستگیركران و بۆ میدیاكان دوواون، سزادراون.

بەپێی هەواڵەكە ژانگ لە سەنتەری دەستگیركردنی ناوچەی شەنگهای بودنگ -ی نوێ، بەتۆمەتی "دەیەوێت پشێوی بنێتەوە دژی دەسەڵاتی چین" دەستبەسەرە، كە ئەمەش تۆمەتێكی سەرسوڕهێنەرە، زۆربەی ئەوانەی، كە رەخنە دەگرن، بەم ماددەیە دەستگیر دەكرێن.

ژانگ رۆژانە لە رێگەی توینەر و یوتوب-ەوە، كە چین قەدەغەی كردووە زۆربەی وتارەكانی خۆی بڵاودەكردەوە، وێرای ئەو وتارانەی لەپێگەی (چاینە مۆرنین) بڵاویدەكردنەوە.

لەدواهەمین گرتەی ڤیدیۆ-دا، كە رۆژی 13ی ئایار بڵاویكردووەتەوە، باس لەوە دەكات چین شكستی هێناوە لە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە و شەش مانگە خەڵكی بێكار كردووە.

بەپێی رۆژنامەی زە دیترۆیت-ی رۆژی 19ی ئایار، كە راپۆرتێكی لەسەر هەموو ئەو كەسانە كردووە لە وهان بێشەروشوێنن، تێدا نوسیویەتی: "ژانگ دەڵێت: چین نەیتوانیوە ژیانی خەڵك لەماوەی ئەو چوار مانگە دابینبكات، كە لە ژێر كۆرەنتینەدا بوون، لەو ماوەیەدا وێرای ئەوەی ترس لەڤایرۆسەكە، هیچ هاوكارییەكی ماددی و موچەی بۆ ئەوانە دابیننەكرد، كە بێ موچەبوون".

هەروەها زە دیترۆیت نووسیویەتی جگە لە ژانگ، سێ رۆژنامەنووسی تر بێسەروو شوێنكران، كە دوانیان تا ئێستا دیار نین، تەنیا (لیو ژیو) نەبێت دوای دوو مانگ لە كۆتایی مانگی نیسان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركەوتووە و رایگەیاند كە زیندووە.

كاتێك دایك و باوكی ژانگ، هەواڵی كچەكەیان لە هێزە ئەمنییەكانی وهان پرسیوە ئەوان وەهایان وەڵامداونەتەوە، كە كچەكەیان بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی سەنتەری دەستگیركراوان كردووە تا پشوو بدات و لە رووی دەروونییەوە باش بێت.

هەروەها بەپێی رۆژنامەی زە ساوس چاینە مۆرنین پۆست رۆژی 16ی شوبات لەسەر گەرمی كۆرۆنا ڤایرۆس، ژانگ وتارێكی بڵاوكردووەتەوە لە ژێر ناوی "وزەی ئەرێنی". لەسەر ئەو وتارەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی حیزبی شیوعی چین-ەوە ئاگاداركراوەتەوە.

هاورێكانی باس لەوە دەكەن لەو وتارەدا باسی زۆرەملێی هێزە ئەمنییەكانی وهان-ی كردووە، كە چۆن خەڵكیان بەناوی كۆرەنتینەوە زیندانی كردووە لە ماڵەكانیان بەبێ نان و ئاو تا مردوون لەژوورەوە.

لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لە چین باس لەوەدەكەن دەشێت ژانگ بەتۆمەتی تاوان دژی دەسەڵات سزا بدرێت، كە سزاكەی لانی كەم 5 ساڵ زیندانییە.

بەپێی راپۆرتێكی زە نیویۆرك تایمز چاودێرانی حكومەتی چین بەشێوەیەكی بێئەندازە پارێزگاری لەبەرژەوەندییەكانی حیزب و چاودێری تۆڕە كۆمەڵایەتی و رۆژنامەكان دەكەن، دەشڵێت: ئەم دۆخە لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە زۆر زیادیكردووە.