ســەرەتــاكــانــی دۆزیــنــەوەی پــێــكــوتــەی دژە ڤــایــرۆسـی كــۆرۆنـا

ڕاپۆرت

20/05/2020‌ 1526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە فەرمی 5 ملیۆن كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، سەرەتای ئەو هەواڵەش دەركەوتووە، كە كۆششەكانی دۆزینەوەی‌ پێكوتەی ڤایرۆسەكە بەرەو سەركەوتنە، ئایا سەركەوتوو دەبێت و خراپترین مۆتەكەی 4 مانگی ڕابردوو كۆتایی پێدێنێت؟

ترس و تێكشكان و دڵەڕاوكێ وایكردووە تەنیا هەواڵێكی سەرەتایی سەركەوتنی كۆششەكانی دۆزینەوەی پێكوتەكە، بازاڕەكانی جیهان بەخێرایی ببوژێنێتەوە، دەمانەوێت ئومێدبڕاونەبین و ناشمانەوێت بە دوای سەڕابێكەوەبین، بەڵام تا زانست ئەو پرسە یەكلاییدەكاتەوە، چەند مانگێكی چاوەڕوانیمان لەبەردەمدا ماوە.

تا موعجیزە پزیشكییەكە دێتەدی، پێویستە شێوازی ژیانی خەڵك چۆن بێت؟
ئەگەر چاوەڕوانییەكە چەند مانگێك بێت، جیهان دەتوانێت بەرگەی زیانەكانی بگرێت، خۆ ئەگەر شكستخواردوو بێت، حكومەتەكان ناچارن خۆیان یەكلاییبكەنەوە، یان بەردەوامی بە ماڵنشینی تەندروستی (كەرەنتینە)‌ بدەن یان هەڵیگرن، ئایا ئەو كات  ژینگەی كاركردن دوور دەبێت یان نزیك، هەروەها یاسا تەندروستییە جیهانییەكان و دەمپۆش و پاككەرەوەكان چۆن دەبن، ئایا بە هێزی یاسا دەسەپێندرێن یان چی دیكە پاساوێكی زانستی بۆ ئەو سەپاندنە نەماوە؟

بێگومان ناكرێت بڵێین ماڵنشینكردنی تەندروستی (كەرەنتینە) سودبەخش نییە، چونكە داتاكان جەخت لەوە دەكەنەوە ڤایرۆسە كوشندەكە لە پەلهاویشتن دایە، بەڵام دەكرێت ئەوە بڵێین كە ماڵنشینی تەندروستی (كەرەنتینە) تا كۆتایی ساڵ وێرانبوونی دەوڵەتانی لێدەكەوێتەوە، هەرەسهێنانێكی ئابووری مەترسیدارە، مەرگەساتە مرۆیەكەی بۆسەر قوربانیان لە لێكەوته تەندروستییە‌كانی ڤایرۆسەكە كەمتر نین. پەی بەوەش دەبەین كە لە سایەی دەستەوەستانی زانست لە بەرهەمهێنانی پێكۆتەیەك بۆ ڤایرۆسەكە،  كرانەوە و ئاساییكردنەوەی ژیان مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی، كەواتە دەبێت بژاردە كەمزیانەكە هەڵبژێرین.

سەرباری هەموو داتا زەبەلاحەكانی‌ بەردەستی زانایان سەبارەت بە ڤایرۆسەكە و نەخۆشییەكە و نەخۆشەكان و چارەسەرەكان، هێشتاش جیهان دەستەوەستانە لە پەیبردن بە ڕاستییە گرنگەكان سەبارەت بە ڤایرۆسەكە،  تەنانەت پرسی بەرگری لەشی زۆرینەی دانیشتوانیش زێدەڕەووی تێدا دەكرێت.

 ڕاپۆرتێك لەو بارەوە دەڵێت: ئەوەی دەوترێت لەبارەی بەدەستهێنانی بەرگریییەكی بەكۆمەڵی لەشی مرۆڤەكان یان بەرگری لەشی زۆرینەی خەڵك، تەنیا بیردۆزەیەكە و پێویستیشی بە زۆر وڵامی گرنگ و یەكلاییكەرەوە هەیە، مەترسیداریشە لەسەر مرۆڤ تاقیبكرێتەوە.

ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین، كە تووشبووانی ڤایرۆسەكە لە بەرانبەریدا بەرگری لەش پەیدا دەكەن و دواتریش پارێزراو دەبن، هیچ بیرۆكەیەكمان نییە كە تاوەكو كەی ئەم پارێزبەندییە بەردەوام دەبێت.

هەندێك ڤایرۆسی تاجدار  و ئینفلوانزای ئاسایی هەن، كە ماوەی پاێزبەندی لەش لە بەرانبەریان دەگاتە كەمتر لە ساڵێك. بۆیە جیهان بە بەردەوامی لە سێبەری هەڕەشەی پەتاكەدایە.

ڕاپۆرتەكە گومانی خستووەتە سەر ئەو ماوەی پەتاكە پێویستییەتی تا  هەموو گەلەمرۆڤەكان تووش بكات، ئایا چەند مانگێكە یاخود چەند ساڵێك؟

لایەنێكی دیكەی ماڵنشینی تەندروستی (كەرەنتینە)‌ سەبارەت بە زەرەر و زیانەكانی مرۆڤایەتی، كە بە لای لایەنە پەیوەندیدارە تەندروستییەكانەوە ناسراوە، ئەوەیە كە ڕیژەی ئەوانەی بە خراپی تووشی پەتاكە بوون و چاكدەبنەوە، لە دۆخێكی تەندروستی خراپدا دەیگوزەرێنن.

گرێكوێرە تەندروستییە ڕاستەقینەكە بۆ هەموو حكومەتەكان ئەوەیە كە ئاخۆ توانست بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە یان دەستەوەستانیان لە چ ئاستێك دایه، تا چ ڕادەیەك دەتوانن مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ مەترسی كرانەوەی تەواو ی و كۆتاییهێنان بە ماڵنشینی تەندروستی (كەرەنتینە) بكەن.
 
‌زانایان هۆشداری ئەوە دەدەن، كە پەتاكە دەتوانێت بە ئاسانی بگاتە زۆرینەی خەڵكی، ئەگەر ڕێژەی تووشبووانی دانیشتوانیش بگاتە 5%، واتای ئەوەیە لە وڵاتێكی 30 ملیۆنیدا، ملیۆن و نیوێك كەس تووش دەبن، ئەمەش ئەوە دەگەینێت كە مەحاڵە كۆسیستەمی تەندروستی هەر وڵاتێك بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕێژە زۆرەی تووشبوواندا بكات.

ئایا ڤایرۆسەكە 1% یان 10% ی دانیشتوانی هەر وڵاتێك توش دەكات؟ یان لە هەر هەزار كەسێك 3 خێزان تووش دەین، ئایا چۆن دەتوانین چارەسەری  5% ی تووشبووان بكەین (5 كەس لە هەر سەد كەسێك) ، تەنانەت ئەگەر ناوە ناوەش‌ توشی پەتاكەبن.

ئەمانەی باسمان كردن. پاڵنەری دڵەڕاوكێ و شێوایییە بەرامبەر ماڵنشینی تەندروستی (كەرەنتینە) لە زۆرینەی دەوڵەتانی جیهاندا، تەنانەت ئەو حكومەتانەش كە سیاسەتی كرانەوەیان گرتەبەر، مەرجگەلێكیان داناوە بۆ مسۆگەركردنی لێكدووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی. 

ئەو دەوڵەتانەی ئاوا كراونەوە، هاوڵاتییەكانیان خاوەن هۆشیارییەكی تەندروستی باشن بۆ كەمكردنەوەی‌ زیان و مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە. 

ئومێدەوارین پێش ئەوەی حكومەتەكان ناچاربن لە نێوان مردنی بە كۆمەڵ و هەرەسهێنانی ئابووری یەكیان هەڵبژێرن، پێكوتەكە بدۆزرێتەوه. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەبییە
نووسەر: عەبدولڕەحمان ڕاشد
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە