گروپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا لەعفرین كەوتوونەتە گیانی یەكتر

کوردستان

21/05/2020‌ 1443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی بەشێك لە گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا رەتیانكردووەتەوە چەكدارەكانیان وەك بەكرێگیراو بۆ شەڕكردن رەوانەی لیبیا بكەن موچەكانیان لەلایەن ئەنقەرەوە بڕدراوە، كە ئەمە دۆخێكی بێسەرەوبەرەیی لەلای ئە گروپە چەكداریانە دروست كردووە و بەوهۆیەشەوە كەوتوونەتە گیانی یەكتر و بەشێوەیەكی رۆژانە شەڕو بەیەكداهەڵپژان لەنێوانیاندا ڕوودەدات  .

لەو نێوەندەشدا لەم رۆژانەی رابردوودا لەناوەڕاستی شاری عفرین و ناوچەكانی گوندەواری ئیدلب بەهۆی شەڕ و بەیەكدادانی چەكدارانی سەر بە بەرەی شامییە و بەرەی موهاجیرین  هاووڵاتییەكی مەدەنی كوژراوە و ٤ كەسی تریش بریندار بوون، كە یەكێكیان منداڵە .

هەر لەناو شاری عفرین بۆمبێكی لكێنراو بە ئۆتۆمبیلی یەكێك لە بەرپرسانی گروپە چەكدارییەكانی ناوچەكەدا تەقیوەتەوە، كە لەئەنجادا زۆر بە سەختی بریندار بووە .

هەروەك رۆژی سێشەممە چەكدارانی نەناسراو لەگوندەواری ئیدلیب و لەسەر ڕێگای كەفەرغان و كەفەرشوس لەرۆژهەڵاتی شاری ئەعزاز ئاوارەیەكیان تیرۆر كردووە، كە ئەو ناوچەیە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی گروپە چەكدارییەكانی لایەنگری توركیا لە باكووری حەلەب .

هەر لەوچوارچێوەیەدا ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوە كردووە، كە لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئەنقەرە لە گوندەواری حەلەب، هەوڵی تیرۆركردنی ئەندامێكی پۆلیسی سەربازی دراوە بێئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی بوونی زیانی گیانییەوە بزانرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی