عەبدولناسر قارداش جێگرەكەی ئەبوبەكری بەغدادی كێیە؟

عیراق

21/05/2020‌ 1252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مەحمود
ئەبو عەبدولرەحمان شامی ئەبو عەبدولرەحیم، ناوی تەواوی تەها عەبدولرەحیم عەبدوڵڵا بەكر غەسانییە، لەناو داعشدا بە حاجی عەبدولناسر قارداش و ئەبو محەمەد بەناوبانگبووە، لەساڵی 1967 لە تەلەعفەر لەدایكبووە، لەگەڕەكی مەشیرفە لەموسڵ دانیشتووە، دەرچووی كۆلیژی ئەندازیارییە، فیكری تەكفیری لەسەر دەستی ئەبو عەلی ئەنباری ناسراو بەئەبوعەلای عیفری وەرگرتووە، لەساڵی 2003 پەیوەندی كردووە بەئەنساروئیسلامەوە.

ساڵی 2007 بەیعەتی بەقاعیدە داوە، بەڵام ئەبو عومەری بەغدادی و ئەبو حەمزە موهاجری نەبینیوە، بووەتە یاریدەدەری ئەبو قسورەی مەغریبی و لەپارێزگای نەینەوا وەك ئیداری لەویلایەتی جەزیرە تا كۆتایی ساڵی 2007 كاریكردووە، كراوەتە والی جەزیرەو بەرپرسی چەندین كوشتارگە بووە.

بەتەزكییەی ئەبو موسلیم توركمانی لەساڵی 2010، لەلایەن ئەبو عومەری بەغدادی بووەتە والی ویلایەتەكانی باكوور (باشووری موسڵ و موسڵ و جەزیرەو كەركوك).

دوای كوشتنی ئەبو عومەری بەغدادی لەنیسانی 2010 پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەبوموسلیمی توركمانی دروستكردووە، هەر ئەویش لەكۆتایی 2011 چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەبوبەكری بەغدادی لەدەوروبەری بەغدا بۆ رێكخستووە، بەهۆی ئەوەی ئەندازیاربووە، بەغدادی دوای ئەو چاوپێكەوتنە كردویەتییە ئەمیری پیشەسازی و گەشەپێدان.

 لەتەموزی 2011، لەگەڵ حاجی بەكر خلێفاوی و ئەبو محەمەدی جۆلانی و ئەبو محەمەدی عەدنانی لەپێشەنگەكانی بڵاوكردنەوەی فیكری قاعیدەبوون لەشام، هاوكات لەگەڵ ئەبو محەمەدی عەدنانی دەستێكی باڵای هەبووە رێكخستن و راكێشانی خەڵكی بۆ رێكخراوەكەیان لەرۆژهەڵاتی سوریادا و چەندین كارگەی چەك و تەقەمەنی و چەكی بێدەنگی دروستكردووە.

دەیان جار ئەبوبەكری بەغدادی بینیووە، هەر ئەمیش خاوەنی فیكرەی یەكگرتنی هەردوو لقی سوریاو عێراقی قاعیدە بووە، كە دواتر داعشی لێ بەرهەمهاتووە، ئەویش دوای ئەو جیابوونەوانەی، كە لەرێكخراوی قاعیدەدا رویاندا. 

دوای جیابوونەوەی بەرەی نوسرەش لەداعش، عەبدولناسر قارداش كراوەتە والی شەرقیە (حەسەكەو دێرئەلزورو رەقە).

لەساڵی 2014 بووەتە والی بەرەكە، دوای راگەیاندنی خەلافەتیش كراوەتە جێگری ئەمیری لیژنەی دانوستان و دواتریش ئەمیری لیژنەكە، بەهۆی ئەوەی مشتومڕكردنی لەگەڵ ئەبوبەكری بەغدادی لەلایەن بەغدادییەوە سزادراوە.

دواتر تا ساڵی 2017 سەرپەرشتیاری مەلەفی گەشەپێدان و پیشەسازی بووە، دوای كوژرانی عەدنانیش تاساڵی 2019 بووەتە جێگری ئەبوبەكری بەغدادی.

لەگرنگترین ئەو شەڕانەی سەرپەرشتیكردون: كۆبانی و تەدمور و حەڵەب و ریفی حمس و شەڕەكانی باب بووە، فەرماندەی دواین شەڕی داعش بووە لەرۆژهەڵاتی سوریا لەنیسانی 2019 (شەڕەكانی باغوز).

لەدانوستانەكانی داعش لەگەڵ زۆربەی گروپ و لایەنەكانی تردا رۆڵێكی گرنگی هەبووە، بەتایبەت ئەوانەی بەسەفقەی پاسە سەوزەكان ناسران، شەوی 20ی ئایاریش حكومەتی عێراق هەواڵی دەستگیركردنەكەی بڵاوكردەوە.