لیژنەی دارایی پێشنیازی دەستکاریکردنی سیستەمی مووچە دەداتە حکوومەت

عیراق

22/05/2020‌ 1133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران قەبارەی مووچەی ساڵانەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ئاشکرا دەکات و داواش لە حکوومەت دەکات چاو بە سیستەمی مووچەی فەرمانبەراندا بخشێنێتەوە.

ماجیدە تەمیمی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکدا رایگەیاند، زیاتر لە شەش ملیۆن و نیو مووچەخۆر مووچە لە حکوومەت وەردەگرن ، باسی لەوەش کردووە کە بۆ مانگەکانی داهاتوو حکوومەت لەدابینکردنی مووچە ئاستەنگی بۆ درووست دەبێت .

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا تەمیمی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بۆئەوەی مووچە بە لۆجیکی و بەشێوەیەکی دادپەروەرانەتر لەنێوان فەرمانبەراندا دابەش بکرێت دەبێت پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت ، جەختیشی کردۆتەوە کە ساڵانە ٥٣ تڕیلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت .

ئەو باسی لەوە کردووە کە لەساڵی ٢٠١١ وە هەوڵیداوە چاو بە سیستەمی مووچەی فەرمانبەران دا بخشێنرێتەوە بۆئەوەش واژۆی پەڕلەمانتارانی کۆکردۆتەوە و لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە درووستکراوە ، بەڵام دواتر بەهۆی بوونی لیژنەیەکی هاوشێوە لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی پەڕلەمان هەڵوەشێنراوەیە ، کە لە ئەنجامدا هیچ هەنگاوێکی کرداری بەو ئاڕاستەیە نەنران .

بەگوێرەی لێدوانی بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ، ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق زیاتر لە شەش ملیۆن و نیو مووچەخۆرە کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٣ بەڕێژەی  ٧٠٠٪ زیادی کردووە ، بەوپێیەی ئەوکات ژمارەی مووچەخۆران تەنیا ٨٥٠ هەزار کەس بووە .

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی