ئــایــا مــســتــەفــا كــازمــی دەبــێــتــە فــریــادڕەســی عــێــراق؟

ڕاپۆرت

23/05/2020‌ 1154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاماژەكانی بەغدا دەڵێن گۆرانكارییەك بەرێوەیە، ئەو دیوارەی وێنەی قاسم سڵیمانی جەنەڕاڵە زەبەلاحەكەی ئێرانی لەسەر كێشرابوو، كتومت لە نزیك ئەو شوێنەی لێی كوژرا، لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا، لابراوە. هێزێكی ئاسایشیش هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگای "تۆڵەسەندنەوەی خودایی" لەبەسڕە كە هەڕەشەی بە خۆپێشاندەران و ئەمریكا دەكرد و‌ پانەوپان لاگیری خۆی بۆ ئێران دەربڕی بوو.

ئەوەی تازەیە لە عێراق مستەفا كازمییە، ئەو سەرۆك وەزیرەی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

زۆرینەی‌ لایەنە ناكۆكەكانی عێراق و هێزە هەرێمییەكان، تەنانەت ئەمریكا و ڕوسیاش، ئەمجارەیان كۆدەنگن كە سەركردەیەك لە بەغدا هەیە دەكرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

هەڵكشانی كازمی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، هاوكاتە لەگەڵ ژماردنی پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، كە ئەنجامەكانی بە شێوەیەكی یەكلاییكەرەوە كاریگەریان دەبێت بۆ سەر ئێران و پەیوەندییەكانی لە ناوچەكە و بە تایبەتیش ناوچەی كەنداو.

سەختترین ئەركی كازمی دەربازكردنی عێراقە لە چنگی ئێران، كە گەرەكیەتی كۆنتڕۆڵی بكات، هەروەها وڵاتەكەشی دوورخاتەوە لە ململانێی واشنتۆن – تاران، كە گەیشتۆتە قۆناغێكی مەترسیدار؛ ئەمەش‌ دوای ئەوەی ئەمریكییەكان ئەوەیان ئاشكرا كرد كە ئێران بە نیازە پشێوییەكی ئەمنی و سیاسی لە بەغدا بخوڵقێنێت، بۆیە بە خێرایی دیارترین سەركردە سەربازییەكانی ئێرانی پاكتاو كرد، وەك قاسم سولەیمانی و سەركردەكانی میلیشیا چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، ئینجا هەڵكشانی دژ بە بوونی سەربازی ئەمریكی لە عێراق دەستی پێكرد. قۆناغی پێكدادان لەسەر خاكی عێراق بەم شێوەیە بەرێوەچوو.

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كازمی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمریكا ڕەزامەندی خۆی نیشاندا لەوەی عێراق بەدەر بێت لە كڕینی نەوتی ئێرانی بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی لە وزە، ئەمەش‌ لە ڕاستیدا فریودانی ئێرانییەكانە و باجەكەشی بەرتەسككردنەوەی چالاكییە تێكدەرەكانی نێو عێراقە.

هەمان گیروگرفتەكانی هەردوو حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی گوازراونەوە بۆ حكومەتەكەی مستەفا كازمی؛ ئێران خۆی خزاندۆتە نێو جومگەكانی وڵات و دامەزراوە ئەمنی و سەربازیی و ئاینییەكانییەوە، دزەی كرۆدتە نێو درز و كەلینە تایەفی و ناوچەگەرییەكانییەوە، هەروەها نێو گەندەڵی و كورتهێنانی بودجەی حكومەت، كە لەگەڵ هەرە‌سهێنانی نرخی نەوت و هەڵكشانی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكاندا زیاتر و زیاتر بوون.

 كازمی پێویستی بە متمانەداری جەماوری هەیە لە حوكمڕانییەكەیدا، پێویستی بە هاریكاری پەرلەمانی هەیە بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاری خۆپێشاندەران. پێویستی بەوەیە بە خێرایی كۆنتڕۆڵی میلیشیاكان بكات و سام شكۆش بۆ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكان بگێڕێتەوە هەروەك پێشتر ڕایگەیاند بوو.

لیستی چاوەڕوانییەكانی عێراقییەكان دوور و درێژە، چاوەڕوانییەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش لەولاوە بوەستن كە كەم نین و سەخت و دژوارن. ئەوەی وایكردووە دۆخی كازمی باشتر بێت، ئەوەیە كە ناكۆكی پێشوەختی لەسەر نەبووە، پەیوەندیشی بە هەمووانەوە - بە لایەنە ناكۆكەكانیشەوە - زۆر باشە. ئەمەش توانستی ئەوەی دەداتێ لەو چەند مانگە كەمەی دادێت، بەرەو پێشەوە جوڵە بكات، ئەمەشیان بە سودوەرگرتن لە پەیوەندییەكانی و ئامادەباشی زۆرینە لەوەی‌ هاریكاریبن بۆ دەربازكردنی عێراق لەو تەڵەزگەیەی چەند "دەیه" ‌یەكە‌ كۆشش دەكات لێی بێتەدەرەوە.
 
هەستانەوەی عێراقیش لە بەرژەوەندی هەمووان دایە، ئومێدەخشیشە بۆ هەستانەوەی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەیەها ساڵە بەدەست پشێوی و بێسەرەوبەرییەوە دەناڵێنێت. دامركاندنەوەی تەنگژەكانی عێراق یارمەتیدەری ناوچەكە دەبێت بۆ درەچوون لە جیهانی پشێوی و پاشاگەردانی.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر