پلانی نوێی ئەمریكا ئامادەیە.. درێژكردنەوەی پەیماننامەی ستارت -٣

مەلەفی تایبەت

26/05/2020‌ 961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "غازیتا رو" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئەوەی ئاستەمە چین بچێتە نێو پەیماننامەی سنوورداركردنی چەكی ستراتیژی ئەتۆمییەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، كۆشكی سپی پێشبینی ئەوە دەكات پەیماننامەی ستارت- ٣ درێژبكرێتەوە، بەڵام بۆ ماوەیەكی كەم، دەكرێت لەو ماوەیەدا روسیا و ئەمریكا پەیماننامەیەكی نوێ ببەستن بە بەشداری كردنی وڵاتی چین.

داواكاری واشنتۆن بە بەشداری كردنی پەكین لە پرۆسەی دانوستاندا بۆ سنوورداركردنی چەكی هێرشبەری ستراتیژی ماوەیەكی دورودرێژە ناسراوە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، كێشەكە لەوەدایە، كە چین پێی وایە پابەندبوون بە هەر پەیماننایەكەوە لە قازانجیدا نییە، ئەویش بەهۆی ئەو جیاوازیە زۆرەی لەیەدەگەكانی ئەتۆمیدا بوونیان هەیە.

پاساوی پەكین زۆر سادەیە، بەوەی رەوا نییە چین بچێتە نێو پەیماننامەیەكەوە بۆ كەمكردنەوەی چەكی هێرشبەری ئەتۆمی و سنوورداركردنی، لەكاتێكدا جبەخانەی ئەتۆمی هەریەك لە ئەمریكا و روسیا ٢٠ هێندەی یەدەگەكانی چین زیاترن، سەرەرای ئەمەش، چین نیازی نییە دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی تایبەتیەكانی خۆی ببێت، لە نێویاندا دەمكوتكردنی توانا ئەتۆمییەكانی هیندستان.

لە هەمان كاتدا، جێگری ناوەندی لێكۆلینەوەی ئەوروپی نێودەوڵەتی تەواوكاری لە قوتابخانەی باڵای ئابووری "دیمیتری سوسلوف" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سیستەمی ئێستای چاودێری چەك پێویستی بە نوێكردنەوەیەكی جدی هەیە و پێویستە وڵاتە ئەتۆمییەكانی تریش بگرێتەوە و تەنیا لەسەر چەكی ئەتۆمی ستراتیژی نەوەستێت، بەلكو پێویستە هەموو ئەو هۆكارانەش بگرێتەوە، كە دەوڵەتەكان بتوانن لە میانەیەوە زیانی ستراتیژی بە یەكتری بگەیەنن. 

بەگوێرەی قسەی ناوبراو، بەلای چینەوە ئاستەمە بچێتە نێو رێككەوتنی ئێستای ئەمریكا و روسیاوە، پاشان زۆر پێویستە دەستبكرێت بە دانانەوەی دووبارە پەیكەربەندی پاراستنی سەقامگیری ستراتیژی لە سفرەوە.

هەروەها پێی وایە، قسەكردنەكە لەسەر تەنیا پەیماننامەیەكی گەورە نییە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر رێكەوتنی دوو قۆلی و چەند قۆڵییە. 

لە هەمان كاتدا ساڵێك بەس نییە بۆ پەرەپێدانی ئەم سیستەمە نوێیە، كەچی لایەنە پۆزەتیڤەكە ئەوەیە، كە ئەمریكا ئامادەیی بۆی هەیە و بەو ئاراستەیە دەجوڵێ بۆشایی سیاسی و یاسایی لەماوەی دانوستانەكەدا دروست نەبێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا