مەسعود حەیدەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی عێراق داوای كەمكردنەوەی موچە و دابەزاندنی بەهای دینار دەكات

عیراق

01/06/2020‌ 1457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود حەیدەر راوێژكاری دارایی مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا پێشنیازی بڕینی بەشێك لە موچەی فەرمانبەران و دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقیش بەرانبەر بە دراوە بیانییەكان كردووە.

حەیدەر  لەتویتێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: حكومەتی عێراق دەتوانێت لەڕێگای كەمكردنەوەی ڕێژەی ٢٥٪ی موچەی فەرمانبەران و دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەڕێژەی ٢٥-٣٠٪ بەرانبەر بەدراوە بیانییەكان بێهیچ گرفتێك موچەی فەرمانبەران دابین بكات.

حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دەبێت فەرمانبەران لەسەر بنەمای سیستەمی بایۆمەتری موچە لە دەوڵەت وەربگرن‌و ئەوەشی نووسیوە: دەبێت زۆرترین كەمكردنەوە لەپلەباڵاكان بێت و كەمترین موچەش، كە هیچ بڕە پارەیەكی لێنەبردرێت بە ٥٠٠ هەزار دینار دیاری بكرێت .

رۆژی شەممە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی دەوریی لیژنەی چاكسازی دارایی كرد و تێیدا بڕیاری نەهێشتنی دوو موچەیی و موچەی خانەنشینی رەفحا و ئەوانەی لەدەرەوەی وڵات نیشتەجێن درا.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە كازمی لەمیانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەبارەی لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی كردووە و بڕیار لەسەر كۆمەڵێك ڕێكار بۆ چارەسەركردنی دراوان، لە دیارترینیان كەمكردنەوەی موچە پلە باڵاكان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت . 

لای خۆیشییەوە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رۆژی هەینی لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بەو كەسانەی كەمكردنەوەی موچە دەیانگرێتەوە رایگەیاند، ئەو فەرمانبەر یان خانەنشینانەی لە ٥٠٠ هەزار دینار كەمتر وەردەگرن لە موچەكانیان كەمناكرێتەوە، بەدەر لەوە هەموو فەرمانبەرانی تر دەستكاری موچەكانیان دەكرێت و بەڕێژەیەك لە موچەكانیان كەمدەكرێتەوە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی