لە ئیدلب رژێمی سوریا و گرووپە توندرەوەكانی سەر بەتوركیا خۆیان بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ ئامادە دەكەن

جیهان

02/06/2020‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەكانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی پشتیوانی سەربازی نوێیان بۆ بەرەكانی شەڕی پارێزگای ئیدلب لە باكوری سوریا هێناوە، بەتایبەت بۆ بەرەكانی چیای زاوییە لە گوندەواری باشووری ئیدلب و بەرەكانی تەڵحییە لە رۆژهەڵاتی شارۆچكەی تەفتەناز.

روانگەی سوری راشیگەیاند، هەروەك گرووپەكانی سەر بە بەرەی ئازادكردنی شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) پێگەكانی خۆیان لە كەرتی باشووری گوندەواری ئیدلب و بەرەكانی سەهل ئالغاب بەهێز كردووە، هەروەك چۆن هێزە توركییەكان دەستیان كردووە بەهێنانی پشتیوانی سەربازی و بەهێزكردن و قایمكردنی پێگەكانیان لە چیای زاوییە لەباشووری گوندەواری ئیدلبی باشوور، باس لەوەش دەكرێت هێزەكانی توركیا سیستەمی بەرگری ئاسمانیان لەسەر لوتكەی ستراتیژی تەل نەبی ئەیوب لەسەر چیای زاوییە جێگیر كردووە .

ئەو خۆئامادەكارییانە بۆ جەنگ لەلایەن هەردوولاوە بۆئەگەری دەستپێكردنی گەڕێكی نوێی شەڕە  لەناوچەكە ئەگەر هات و دانوستانەكانی روسیا و توركیا لەبارەی چەندین دۆسییەوە لەپێشیانەوە ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب- لازقییە، كە ناسراوە بە M4 و گەڕانەوەی خەڵكە مەدەنییەكە بەئەنجام نەگەیەشتن .

بەپێی زانیارییەكانی روانگەی سوری، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی رژێمی سوریا لەڕێگای هێرشەكانیان بەتایبەت بۆ سەر چیای زاوییە دووبارە دۆخی ناوچەكەیان گرژكردووەتەوە و مەترسی ئەوە دروستبووەتەوە جارێكی تر ناوچەكە شەڕ و بەیەكدانانەكان بەخۆوە ببینێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی