کاریگەرییەکانی دروستکردنی بارەگایەکی سەربازی نوێ لە زینی ئەستێرۆکان

کوردستان

19/06/2020‌ 1696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پوختەی باس
دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شارەدێی وەرتێ لە مانگی ئازاردا، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دواتر بۆردوومانی هێزە ئاسمانییەکانی توکیا لە ناوچەکەدا لە مانگی نیسان و ئایاردا، بۆتە مایەی نیگەرانی دانیشتوانی ناوچەکە لە دروستبوونی ئاڵۆزی زیاتر و هەڵگیرسانی شەڕ لە دەڤەرەکەیاندا.

بنیاتنانی ئەو بارەگا سەربازییە بۆتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئارامی گوندنشینانی دۆڵی شاورێ و دانیشتوانی شارەدێی وەرتێ. لەهەمانکاتدا بۆتە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری باری ئابووری ئەو ناوچەیە. 

چوارچێوەی جوگرافی و سیاسی و مێژوویی ناوچەکە


وەرتێ دەکەوێتە قەزای ڕەواندوز لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە ڕۆژهەڵاتەوە نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر لە سنوری ئێرانەوە دورە و بە دووری ١٥٠ کیلۆمەتریش دەکەوێتە باشوری سنوری تورکیاوە. وەرتێ لە سێ لاوە بە زنجیرە چیاکانی "ئەستێرۆکان، هەڵەموند و کارۆخ"ەوە دەورە دراوە.

بەهۆی جوانی دیمەنی سروشتی و لەباری کەشوهەواکەیەوە، وەرتێ بە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دادەنرێت. لەپاڵ ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردندا گەشتیاری سەرچاوەیەکی ئابوری باشی بە ناوچەکە بەخشیوە. نزیکە ٥٠٠ خێزان لە شارەدێی وەرتێدا دەژین.

دۆڵی شاورێ، کە دەکەوێتە بەشی باشوری وەرتێ و سەر بە قەزای ڕانیەیە، جێگەی ژیانی نزیکەی ١٢٠٠ خێزانە، داهاتی سەرەکی دانیشتووانی ناوچەکەی کشتوکاڵ، باخی میوە، ڕەزی ترێ و ئاژەڵدارییە.

بارەگا سەربازییەکە لەسەر زینی ئەستێرۆکان بنیاتنراوە، ئەم زینە لەڕووی جوگرافیەوە سنوری نێوان دۆڵی شاورێ و وەرتێ دیاریدەکات، وە لە ڕووی سیاسیشەوە سنوری جیاکەرەوەی پارێزگای هەولێرە لە پارێزگای سلێمانی. لە هەمانکاتدا گرنگترین ڕێگا، کە دوو دەڤەر و دوو پارێزگا لە کوردستانی عێراقدا بەیەکدەگەیەنێت بە زینی ئەستێرۆکاندا تێپەڕدەبێت.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، گروپە چەکدارییە کوردەکان چیاکانی دەورووبەری ناحیەی وەرتێیان وەک سەنگەر، لەشەڕی دژ بە ڕژێمی ئەوکاتەی عێراقدا بەکاردەهێنا. لە دوای دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا، ناوچەکانی دۆڵی شاورێ و وەرتێ بوون بە گۆڕەپانی جەنگی نێوان حزبە سیاسییەکانی ئەوکات لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤-١٩٩٨. لەدوای شەڕی ناوخۆش زینی ئەستێرۆکان بوو بە سنوری جیاکەرەوەی دەسەڵاتی هەردوو حزبی خاوەن هەژموونی "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان" و "پارتی دیموکراتی کوردستان". زنجیرە چیاکە وەکو خۆی مایەوە بەبێ هەبوونی هیچ بارەگایەکی سەربازی، بەڵام بازگەی ئاسایش لە هەردوولای چیاکەدا و لە هەردوو بەری دۆڵی شاورێ و ناحیەی وەرتێدا دروستکرا.

لە ٩٠ەکانی سەدەی ڕابردووشەوە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، زینی ئەستێرۆکان و زنجیرە چیاکانی دەورووبەریان بەکارهێناوە بۆ جوڵە و هاتوچۆکانیان لەنێوان بنکە و بارەگاکانیان لە قەندیلەوە بۆ سەنگەرەکانی تریان لە شوێنەکانی تر. 

کاتی دروستکردنی بارەگا سەربازییەکە
لە ١٨ی ئازاری ئەمساڵدا، بە بیانووی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەی لیوای ٧ی بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر زینی ئەستێرۆکان جێگیرکرد.

دوو ڕۆژ دواتر، هێزێێکی پێشمەرگەی سەربە هێزێکانی ٧٠ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بارەگایەکی تریان لەسەر هەمان شاخ دروستکرد کە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە بارەگا سەربازییەکی تر دوور بوو.

لە وەڵامی ئەو دوو بارەگا سەربازییە نوێیەدا، پارتی کرێکارانی کوردستان گورپێک گەریلای لە سەنگەرێکی نێوان هەردوو بارەگا سەبازییەکەی هێزی پێشمەرگەدا جێگیرکرد.

کاریگەری ڕاستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی

لە ١٤ی نیساندا، هێزی ئاسمانی تورکیا دەستیکرد بە بۆردوومانکردنی زینی ئەستێرۆکان. سەرجەمی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر زینی وەرتێ لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی ئایار ٦ هێرش بوو. میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە هێرشەکان گەریلاکانی پەکەکەیان بە ئامانج گرتبوو، وە ژمارەیەک پێشمەرگەش کە لەبارەگاکانیاندا بوون لەو هێرشانەدا برینداربوون. زەویوزارەکانی دەوروبەری شوێنی بۆردوومانەکان کە لەلایان هاوڵاتیانی ناوچەکەوە بەکاردەهێنران زۆر بە خراپی وێران بوون. شوانێکی خەڵکی دۆڵی شاورێ بە "سی پی تی" گووت، کە فڕۆکە جەنگییەکان ئەو لەوەڕگا و ناوچانەیان بۆردوومانکردووە کە ئەوان پێشتر بەکاریاندەهێنان بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان، کە ئەوە سەرچاوەی لەپیشینەی داهاتی ساڵانەی خێزانەکەیان بوو. 

دانیشتوانی ناوچەکە بە "سی پی تی"یان ڕاگەیاند، کە لەوکاتەوەی کە هێرشە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردووە، ئەوان ڕۆژانە فڕۆکەی جەنگی تورکیا لە ئاسمانی ناوچەکەیان دەبینن و گوێبیستی دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان دەبن. شارەدێی وەرتێ و دۆڵی شاورێ و قەزای ڕانیەی نزیك لەو ناوچەیە، شوێنی نیشتەجێبوونیی بەشێکی زۆر لەو خێزانانەن کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ڕابردووی تورکیا و ئێرانەوە گوندەکانی خۆیان جێهێشتووە و ئێستا لەو ناچانە دەژین. بەشێک لەو خێزانانە لە ڕابردوودا کەسوکاریان لە بۆردوومانەکاندا لەدەستداوە. وا هەستدەکرا کە ناوچەکانی شاورێ و وەرتێ ناوچەی سەلامەتن بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بەڵام بۆردوومانەکان و سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەستیکردن بە سەلامەتی و ئەمنییەتی لە ناوچەکەدا نەهێشتووە. 

کاریگەرییە بەردەوامەکان
ئەو چاوپێکەوتنانەی کە تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی مەسیحی "سی پی تی" لەگەڵ دانیشتووانی شارەدێی وەرتێ و دۆڵی شاورێ ئەنجامیداون، بوونەتە بەڵگەی ئەوەی کە هەبوونی ئەو بارەگا سەربازییە نوێیە و وەهەروەها بۆردوومانەکانی تورکیا زۆر بە خراپی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانی ناوچەکەی شێواندووە. سەرباری تێکدانی ئەو ئاسایش و ئارامییەی کە پێشتر لە ناوچەکەدا هەبوو، هەبوونی بارەگا سەربازییەکە و بۆردوومانەکان زیانی بە سەقامگیری ئابووری ناوچەکە گەیاندووە. 

دانیشتووێکی ناحیەی وەرتێ بە "سی پی تی" گووت، 

لە بەهاراندا چەندین گژوگیای خۆڕسکی وەکو کنگر و کاردوو و قارچک و ڕێواس، لە شاخ و چیاکانی دەوروبەری وەرتێ دەڕوێن، کۆکردنەوەی ئەم گژوگیایانە و دواتر فرۆشتنیان یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی زۆربەی خێزانەکانی ئەو ناوچەیە. ئێمە لە ماڵەوە ٧ کەسین، بەتەنیا من موچە خۆری حکومەتم. ئەمساڵ بەهۆی سوڕانەوەی فڕۆکەکانی تورکیا لە ناوچەکە و ترسی بۆردوومانکردنمان نەمانتوانی هیچ گژوگیایەک کۆبکەینەوە. وە حکومەتی هەرێمیش ٤ مانگە موچەی فەرمانبەرانی نەداوە. بۆیە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری خراپدا دەژین. بەڵام ئەوەی کارەساتبارترە ئەوەیە، کە ئێمە ناتوانین بە ئازادی و بەبێ ترس لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە و هەموو کاتێک لە چاوەڕوانی ئەوەداین کە بۆردوومان بکرێین.

دەرامەتێکی تری گرنگی هاوڵاتیانی وەرتێ و گوندەکانی دۆڵی شاورێ بریتییە لە ئاأەڵداریکردن. ساڵانە، لە ناوەڕاستی وەرزی بەهاردا، گوندنشیانن مەڕوماڵاتەکانیان دەبەن بۆ کوێستانەکانی زینی ئەستێرۆکان بۆ لەوەڕاندنیان. بەهۆی لەباری ئاوهەوا و هەبوونی گژوگیا، خێزانە کۆچەرەکان تاوەکو سەرەتای وەرزی پایز لە کوێستانەکان دەمێننەوە. بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ترسی بۆردوومانکردنیان لەلایەن فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئاأەڵدارەکان نەیانتوانی ئاأەڵەکانیان بەرن بۆ کوێستانەکان. لە ئاکامی ئەوەشدا بەشێک لە ئاأەڵدارەکان ناچاربوون بە فڕۆشتنی ئاأەڵەکانیان بە نرخێکی کەم لە بازاڕدا.

بەدەر لە ئاژەڵداری و کوشتوكاڵکردن، گەشتیاری یەکێکی ترە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دانیشتوانی ناحیەی وەرتێ. دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناوچەکە وایکردووە ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار لە ناوچەکانی تری عێراقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو دەڤەرە بکەن.

هاوڵاتییەکی ناوچەکە بە "سی پی تی" گووت،

ئێمە ساڵانە تەنها بە داهاتی گەشتیاری سەیرانگاکانمان دەژیاین و هیچ داهاتێکی ترمان پێویست نەبوو، بەڵام بەهۆی جێگیرکردنی ئەو بنکە سەربازییانە لەسەر زینوی ئەستێرۆکان و سوڕانەوەی فڕۆکەکانی تورکیا بەبەردەوامی، تەنانەت دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆش بەهۆی کۆرۆناوە خەڵک سەردانی سەیرانگاکانمان ناکەن و چیتر ناوچەکەمان بە شوێنێکی ئەمین نازانن بۆ گەشتیاری، ئێمە لەوەتەی هەین قوربانی دەستی شەڕ و جەنگ و بۆردوومانین، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین تەنیا ژیانێکە دوور لە شەڕ و لورە لوری فڕۆکە.

ئەگەری زیاتربوونی کردە سەربازییەکان
چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە "سی پی تی" ڕاگەیاند،

بەپێچەوانەی ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە دروستکردنی ئەو بارەگا سەربازییە بۆ ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بارەگاکە بۆ هەمیشەیی لەوێ دەمێنێتەوە. هاوڵاتیانی دەڤەرەکەڕۆژانە بەچاوی خۆیان دەبینن کە کەرەستەی پیشەسازی بۆ سەر شاخەکە دەگوازرێتەوە بۆ دروستکردنی بارەگایەکی سەربازی کۆنکرێتی.  

دانیشتوانی ناوچەکە بە "سی پی تی"یان ڕاگەیاند، کە ژمارەیەک کارمەندی هەواڵگری تورک لە دەووروبەری زینی ئەستێرۆکان و بارەگا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بینراون.

دانیشتوویەکی ناحیەی وەرتێ، کە لەمانگی نیساندا بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە ڕوویکردبووە زینی ئەستێرۆکان، بە "سی پی تی" گووت،

من و ژنی براکەم، لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەماندا لە شاخەکە دوو کەسمان بینی کە جلی مەدەنیان لەبەردا بوو، هەردووکیان کڵاویان لەسەر بوو، یەکێکیان دووربینێکی بەدەستەوە بوولە دەوروبەری شاخەکەی دەڕوانی ئەوەی تریان جیهازێکی بێتەلی بەدەستەوە بوو، ئێمەش سەلاممان لێکردن، بەڵام ئەوان شڵەژان و وەڵامیان نەداینەوە، لەنێوان خۆیاندا کەوتنە قسەکردن و بەتورکی قسەیان دەکرد، ئێمە لێیان تێنەدەگەیشتین. ئێمەش لە ترسی ئەوەی کەنەوەکو دەستگیربکرێین بە گومانی ئەوەی دەربارەی بینی ئەوان بەخەڵکی تر دەڵێین، بە ناچاری ڕێگای گەرانەوەمان بۆ وەرتێ گۆڕی و بە ڕێگایەکی تردا گەڕاینەوە بۆ شارۆچکەکە.

دروستکردنی ئەو بنکە سەربازییانە لەسەر زینی ئەستێرۆکان، گومانی هەڵگیرسانی گەڕێکی تری شەڕی حکومەتی تورکیای دژ بە پەکەکە لەلای هاوڵاتیان دروستکردووە. هەرچەندە لەئێستا حکومەتی توکیا زیاتر لە ٣٠ بنکە و بارەگای سەربازی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە، بەڵام ئەو بنکە سەربازییەی سەر زینی ئەستێرۆکان دەبێت بە یەکەمین بنکەی سەربازی توکیا لەو دەڤەرەدا و وەیەکەمین بنکەی سەربازیش دەبێت کە زۆر نزیکە لە بارەگاکانی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل.

وەڵامی دانیشتووانی ناوچەک
بەگوێرەی قسەی دانیشتوانی ناوچەکە، لابردنی ئەو بارەگا سەربازییە نوێیانە، تاکە ڕێگەی گەڕانەوەی ژیانێکی ئارامە بۆ هاوڵاتیانی وەرتێ و دۆڵی شاورێ. گوندنشینانی دۆڵی شاورێ و دانیشتوانی ناحیەی وەرتێ و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڤەرەکە، بۆ چوار جار خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان ڕێکخستووە و داوایان لە هەموو گروپە چەکدارەکان، لە ناویاندا هێزی پێشمەرگەش کردووە، کە بارەگاکانیان لابدەن و ناوچەکەیان بەجێبهێڵن. 

لە ١٩ی نیساندا، نوێنەری نزیکەی ٧٠ گوند بە یاوەری چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردەم بارەگا سەربازییەکەدا کۆبوونەوە و داوای گفتوگۆی ئاشتیانەیان لە هێزە سەربازییەکە کرد. فەرماندەی لیوا سەربازییەکە لەگەڵ خۆپێشاندەراندا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و لە کۆتایی کۆبوونەوەکدا فەرماندەی لیواکە و وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە تەلەفون بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد، بەڵێنیاندا کە ئەو بارەگا سەربازییە بەزووترین کات لەسەر زینی ئەستێرۆکان هەڵدەگرنەوە. 

سەرباری جێبەچێ نەکردنی بەڵێنی لابردنی بارەگا سەربازییەکە، چیتریش ڕێگە نەدرا بە ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە دژی دروستکردنی ئەو بارەگایە.

لە سێیەمین خۆپێشانداندا، کە لە ٢٩ی نیساندا ڕێکخرابوو، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگریان لە خۆپێشاندەران کرد بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوان بەرەو زینی ئەستێرۆکان. باوکی دوو لە قوربانیانی بۆردوومانەکانی توکیا، لەبەردەم هێزە ئەمنییەکان و میدیاکاندا وەستا و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی، "من دوو منداڵم لەدەستداوە، نامەوێت هەمان کارەسات بەسەر خێزانی تردا ڕووبدات." 

ڕاسپاردەکان
"سی پی تی" نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو زەرەر و زیان و مەترسییانەی کە دروستکردنی ئەو بارەگا سەربازییەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتوانی وەرتێ و دۆڵی شاورێ دروستی کردووە. لە کاتێکدا کە دانیشتوانی هەردوو ناوچەکە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە ئابوورییە نەرێنیانەی کە پەتای کۆرۆنا خستویەتییە سەر ژیانیان. بە تێگەیشتنی "سی پی تی" ئەو هەڵمەتە سەربازییانەی تورکیا و پەکەکە، هەڕەشەی جددین بۆسەر ژیان و دەرامەتی دانیشتوانی ناوچەکە و وە ئەگەر سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە لە ناوچەکەدا. 

"سی پی تی" بانگەواز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە دڵنیایی بدات لە پاراستن و بە ئەولەویەت گرتنی ژیان و بژێوی دانیشتوانی ناوچەکە.

هاودەنگ لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەکەدا، "سی پی تی" داوای هەڵگرتنەوەی بنکە سەربازییەکان و کشانەوەی هەموو هێزە سەربازییەکان دەکات لەسەر زینی ئەستێرۆکان. 

"سی پی تی" داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات بۆ وەستاندنی هەموو هەڵمەتێکی سەربازی لە دەووروبەری ناحیەی وەرتێ و دۆڵی شاورێ، کە بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و زیان گەیاندنی زۆر بە بژێوی ژیانی ١٧٠٠ خێزان لە ناوچەکەدا.

تێبینی: بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گیانی هەموو ئەو هاوڵاتی و گوندنشین و چالاکوانانەی کە قسەیان بۆ "سی پی تی" کردووە، لەسەر داوای خۆیان، ئاماژەمان بە ناوەکانیان نەکردووە لەم ڕاپۆرتەدا.

CPTIK
JUNE 18, 2020